
تۆم باراک ڕایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات.
تۆم باراک ڕاشگەیاندووە، پاڵپشتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین لە دۆزینەوەی لایەنی بەرپرسیار لە هێرشەکە.
رۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا ، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەین،کە هێرشێک بوو بۆ سەر گەلی عێراق.
ئێمە پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران عەلی فالح ئەلزەیدی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە دۆزینەوەی بەرپرسانی ئەم کارە و لێپێچینەوە لەگەڵیاندا.
ئەم پەیامە کورت و بەپەلەیەی تۆم باراک لە کاتێکدایە کە واشنتن لەم دواییانەدا گوشارە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەر بەغدا زیادکردووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی هەژموونی گرووپە چەکدارە دەرەکییەکان کە ئاسایشی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە.
شەوی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، کاتژمێر 11 ی شەو، کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کرایە ئامانجی هێرشێکی درۆنی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی، هێرشەکە بەر بەشێکی هەستیاری کێڵگەکە کەوتووە، کە کۆگای پڕکردنەوە و بارکردنی غازی شلی (LPG) بووە و هێرشەکە بوو هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە شوێنەکەدا، بەڵام تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاگوزاری کێڵگەکە توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
هێرشەکە چەندین زیانی ماددی گەورەی لێکەوتووەتەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە نێو کارمەندانی ناوخۆیی و بیانی کێڵگەکەدا نەبووە.