ئەمشەو لە چامپیۆنزلیگ سێ یانەی پرێمەرلیگ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یارییان هەیە

دوێنێ شەو لە چامپیۆنزلیگ، دوو یانەی ئینگلیزی کە مان یونایتد و ئەستۆن ڤێلا بوون یارییان هەبوو، ئەمشەو سێ یانەی دیکەی ئینگلیزی لە نمونەی ئارسیناڵ، لیڤەرپووڵ و مانچێستەر سیتی یارییان هەیە، هەرسێکیشیان لە دەرەوەی یاریگای خۆیانن.

لیڤەرپووڵ تۆڵەی شکستەکەی ئارسیناڵ دەکاتەوە


کاتژمێر 20:45 لیڤەرپووڵ لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا ڕووبەڕووی فەنەرباخچەی تورکی دەبێتەوە، ڕێدز دەبێت هەقی دوایین شکستییان بکەنەوە کە بەرامبەر ئارسیناڵ لە ئانفێڵد دۆڕان.
لە سێ گەڕی ڕابردووی چامپیۆنزلیگ ڕێدز بەرامبەر ڤیاریاڵ و لاسک و ئەتلەتیکۆ مەدرید براوە بووە، بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ پلەی چواری ڕیزبەندیی یانەکانی چامپیۆنزلیگی گرتووە.

ئارسیناڵ یارییەکی ئاسانی هەیە


لە دوای لیڤەرپووڵ، ئارسیناڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا ڕووبەڕووی سلاڤیا پراگ دەبێتەوە، یارییەکە کاتژمێر 23:00 بەڕێوەدەچێت، گەنەڕز لەم وەرزەشدا باڵادەستن و تەنیا خاوەنی دوو شکستن، یەکێکیان جامی کاراباو بوو و دەرکران، ئەوی دیکەیان بەرامبەر بڕایتن بوو.
لە چامپیۆنزلیگ ئاستیان نایابە و بەرامبەر ناپۆلی و لیل براوە بوون و بەرامبەر بایرن میونشن یەکسانبوون.
کوڕانی ئارتێتا بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ پلەی نۆیەمی ڕیزبەندیی چامپیۆنزلیگیان گرتووە.

مان سیتی لە ئەڵمانیایە


مانچێستەر سیتیش لە ئەڵمانیا تاقیکردنەوەی خۆی ئەنجامدەدات، کاتژمێر 23:00 ڕووبەڕووی لایپیزگ دەبێتەوە.
سیتی ئاستیان خراپە ئەم دوو مانگە، لە ماوەی مانگی 10 سێ شکستیان تۆمارکردووە، یەکێکیان بەرامبەر بڕایتۆن بوو، شکستێکیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر پاریس سانجێرمان بوو، شکستێکی دیکەیان بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا بوو.
لە چامپیۆنزلیگ بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە پلەی 12ـی ڕیزبەندییان گرتووە، تاوەکو ئێستا شەش جار ڕووبەڕووی لایپزیگ بوونەتەوە، چوار بردنەوەیان بەدەستهێناوە، دوایینجار ساڵی 2023 بوو هەر لە چامپیۆنزلیگ سیتی براوە بوو و شەش گۆڵیان لە یانە ئەڵمانییەکە کرد.

Loading related news...