
ئەحمەد ترکى جەیاد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى ڕاگەیاند، یەکێک لە تەوەرەکانی پلانی بەهێزکردنی دابینکردنی سیستمی نیشتمانی بریتییە لە بەستنەوەى کارەباى عێراق بە وڵاتان، چونکە وەزارەت کار لەسەر پڕۆژەکانی بەستنەوەى کارەبا بە کەنداو، تورکیا و ئوردن دەکات، جگە لە بەستنەوەى کارەبا لەگەڵ سعودیە.
ئەحمەد ترکى ئاماژەی بە بوونی ڕێککەوتنێک کرد لە قۆناغى دووەمدا لەگەڵ تورکیا بۆ بەرزکردنەوەى هاوردەکردنى کارەبا لەو وڵاتەوە بۆ نزیکەی دوو هەزار مێگاوات.
سەبارەت بە بەستنەوەى کارەباى ئوردنیش، گوتەبێژەکەى وەزارەتى کارەبا ئاماژەى بەوە کرد، لە لایەنی ئوردنەوە 50 بۆ 100 مێگاوات وەرگیراوە و گرێبەستەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا کۆتایی هات، بەو هیوایەى لە هاوینی ساڵی داهاتوودا نوێ بکرێتەوە.
سەبارەت بە پڕۆژەی بەستنەوەى کارەبا لەگەڵ سعودیەش، گوتەبێژەکەى وەزارەت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پلانی تایبەت بە پڕۆژەکە دانراوە و دانوستانەکان لەگەڵ لایەنی سعودی لەم بارەیەوە دەستیپێکردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە لە یەکەم قۆناغیدا ئامانجی گواستنەوەی نزیکەی دوو هەزار مێگاواتە و ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە نزیکەی 24 مانگ خەمڵێنراوە.
عێراق بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 35 هەزار مێگاوات زیاد دەکات
بە فەرمانی زەیدی گاز بە 400 دینار بۆ مۆلیدە ئەهلییەکانی عێراق دابیندەکرێت