عێراق بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 35 هەزار مێگاوات زیاد دەکات
پووختەی هەوڵەکە:
- زیادکردنی حەوت هەزار مێگاواتی نوێ بۆ ناو تۆڕی نیشتمانیی کارەبا.
- ئامانج گەیشتنە بە بەرهەمهێنانی 35 هەزار مێگاوات تاوەکو ساڵی 2030.
- هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی سووتەمەنی و بەستنەوەی کارەبا بە وڵاتانی دراوسێ.
زانیارییەک گەیشتووەتە کەناڵ8 کە ئاماژە بە وەرچەرخانێکی گەورە لە کەرتی وزەی عێراق دەکات؛ حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی پێنج تەوەرەوە کۆتایی بە قەیرانی درێژخایەنی کارەبا بهێنێت و عێراق لە وڵاتێکی پشتبەستوو بە هاوردە، بکاتە وڵاتێکی خاوەن ئاسایشی وزەی سەقامگیر کە بتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆی دابین بکات.
وەزارەتی کارەبای عێراق
- ئەحمەد ترکی جەیاد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، پلانیان هەیە نزیکەی حەوت هەزار مێگاواتی نوێ بخەنە ناو تۆڕی نیشتمانی.
- وەزارەت کاردەکات بۆ دروستکردنی وێستگەی نوێ و تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی کە بەهۆی جەنگ و قەیرانەکانەوە پەککەوتوون.
- بەشێکی گرنگی پلانەکە گۆڕینی وێستگە کۆنەکانە بۆ وێستگەی پێشکەوتوو تاوەکو توانای بەرهەمهێنانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە.
- وەزارەت دەیەوێت پڕۆژەکانی وزەی خۆر فراوان بکات و کێشەی دابەشکردن و گواستنەوە چارەسەر بکات بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا.
ئاسایشی وزە و بەستنەوەی نێودەوڵەتی
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەت جەخت لەسەر دوو ڕێڕەوی ستراتیژی دەکاتەوە؛ یەکەمیان زیادکردنی سوودوەرگرتن لە غازی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی سووتاندنی غازی هاوەڵە، دووەمیشیان هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی غازی هاوردە کراوە بۆ ئەوەی وڵات تەنیا لە ژێر ڕەحمەتی یەک سەرچاوەدا نەمێنێتەوە. هەروەها، عێراق کاردەکات بۆ بەستنەوەی کارەبای وڵات بە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، سعودیە، ئوردن و تورکیا، ئەمەش بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیریی هەمیشەیی لە ئاستی نیشتمانیدا.
زانیاریی لەسەر بابەتەکە
عێراق ساڵانێکی زۆرە بەدەست کەمیی بەرهەمهێنانی کارەباوە دەناڵێنێت و پشتبەستنی زۆری بە غازی هاوردەکراو وایکردووە لەگەڵ هەر گرفتێکی تەکنیکی، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەم ببنەوە. ئێستا حکومەتی نوێ دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2030 ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 35 هەزار مێگاوات، کە ئەم بڕە دەتوانێت پێداویستیی شارەکان بە تەواوی دابین بکات و بوار بۆ گەشەی پیشەسازیش بکاتەوە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
https://channel8.com/kurdish/news/220504
https://channel8.com/kurdish/news/215483
https://channel8.com/kurdish/news/54933
2 کاتژمێر پێش ئێستا