وەزارەتی کارەبا: شەڕە هەرێمییەکان بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا لە عێراق

کیژان مەحمود 19 کاتژمێر پێش ئێستا
باڵەخانەی وەزارەتی کارەبای عێراق
باڵەخانەی وەزارەتی کارەبای عێراق

وەزارەتی کارەبای عێراق هۆکاری خراپبوونی دۆخی کارەبا بۆ کەمیی گازی هاوردەکراو و زیادبوونی خواست دەگەڕێنێتەوە، هاوکات پەرلەمانی عێراقیش وەزیری کارەبا بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت دەکات.

کاریگەریی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر کارەبا

ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە بەغداد و پارێزگاکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئەو هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی گەیشتنی گازی هاوردەکراو دەگەڕێنێتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە تۆڕی نیشتمانی بەهۆی گرژی و شەڕە هەرێمییەکانەوە تووشی گرفت بووە، چونکە ئەم ململانێیانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان کردووەتە سەر سەرچاوە ستراتیجییەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنان.

زیادبوونی خواست و فشارە تەکنیکییەکان

بەگوتەی وەزارەتی کارەبا، جگە لە کەمیی سووتەمەنی، زۆربوونی خواست لەسەر کارەبا لەلایەن هاووڵاتییانەوە هۆکارێکی دیکەی کێشەکەیە. هەروەها دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا بووەتە بارگرانییەکی زۆر و فشاری هونەریی خستووەتە سەر وێستگەکان، ئەمەش وایکردووە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا جێگیر نەبن.

هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی یەکسانی کارەبا

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دووپاتی کردەوە کە تیمەکانیان لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەکو لە چوارچێوەی توانای ئێستای بەرهەمهێناندا، کارەبا بە یەکسانی لەنێوان پارێزگاکاندا دابەش بکەن. هاوکات وەزارەت سەرقاڵی دانانی چارەسەر و ڕێکاری جێگرەوەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزە و باشترکردنی کاتژمێرەکانی دابەشکردنی کارەبا بەسەر ماڵاندا.

بانگهێشتکردنی وەزیری کارەبا بۆ پەرلەمان

خراپبوونی دۆخی کارەبا ناڕەزاییەکی فراوانی لای هاووڵاتییانی عێراق دروست کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای میوانداریکردنی وەزیری کارەبای کردووە بۆ پەرلەمان، تاوەکو بە فەرمی هۆکارەکانی پشت ئەم قەیرانە و پلانەکانی وەزارەت بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە ڕوون بکاتەوە.

کیژان مەحمود

19 کاتژمێر پێش ئێستا