بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەڕەنسی واژۆکرد

کەناڵ8 09/04/2024
هێڵێکی کارەبای نیشتمانیی عێراق فۆتۆ: AP
هێڵێکی کارەبای نیشتمانیی عێراق فۆتۆ: AP

بە ئامانجى زیادکردنى بڕى کاتژمێرەکانى کارەبا و رووبەڕووبوونەوەى قەیرانى کەمى کارەبا، حکومەتى عێراق، دوو گرێبەستی بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا لە وزەى خۆر، لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەرەنسی واژۆ کرد.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات کارەبا لەرێگه‌ی وزەی خۆرەوە، لە کێڵگەى ئارتاوی سنووری بەسرە، گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی واژۆ کرد.

وەزارەتەکە دەڵێت، بەگوێرەى گرێبەستەکە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە کارەبایە بە چوار قۆناغە و بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و لە هەر قۆناغێک سیستەمی کارەبای نیشتمانی 250 مێگاوات کارەبای بۆ زیاد دەکرێت.

ساڵی رابردووش حکومەتی عێراق بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی واژۆکرد کە پاکێجێک لە پڕۆژەکانی نەوت‌ و گاز و بەرهەمهێنانی وزەی خۆر بۆ ماوەی 25 ساڵ لەخۆدەگرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، عێراق بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا و لە ماوەی پێشتریشدا لەگەڵ ئوردن رێککەوت بۆ کڕینی کارەبا، هەروەها چەندین وێستگەی کارەبای دیکەی دامەزراندووە و پێشبینیدەکرێت کۆتایی ئەم مانگە بەرهەمهێنانی کارەبا بگاتە 27 هەزار مێگاوات.

کەناڵ8

09/04/2024