بڕیارە دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت.
پارتى لە هەوڵى ئەوەدایە ڕێژەى یاسایى بۆ کۆبوونەوەکە کۆبکاتەوە.
فراکسیۆنى پارتى و ژمارەیەک فراکسیۆنى دیکە داواى دانیشتنى پەرلەمانیان کردووە.
بەشێک لە پەرلەمانتاران گەیشتوونەتە باڵەخانەى پەرلەمان و بڕیارە ئەگەر ڕێژەى یاسایى تەواو بێت، دانیشتنەکە بکرێت، ئەردەڵان محەممەد، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى کەناڵ8 ئامادەیى بوو، ڕایگەیاند، 51 ئەندامى پەرلەمان ئامادەى دانیشتنەکەبن، یاساییە. پەیامنێرى کەناڵ8 گوتى تاوەکو کاتژمێر 11، 47 پەرلەمانتار گەیشتوون.
بەرنامەى کارى دانیشتنەکەى ئەمڕۆ تەنیا دەنگدانە بە بڕگەى سێیەم و هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
سەرۆکى بە تەمەنى پەرلەمان کە لە فراکسیۆنى نەوەى نوێیە بەشدارى دانیشتنەکە ناکات، پەرلەمانتار سەمیرە حەسەن بە کەناڵ8ـى گوت "من سێیەم بەتەمەنترین پەرلەمانتارم سەرپەرشتی دانیشتنەکە دەکەم".
“کوردایەتییە”
هاوکات ڕۆژ بەرزنجى، پەرلەمانتارى پارتى گوتى "ئەمڕۆ ئەرکێکى نیشتمانى، ئینسانى و کوردایەتییە کە سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکان بچنە پەرلەمان و ئەو متمانەیەیى پێیان دراوە لەلایەن هاونیشتمانییانەوە پێیان بڵێن ئامادەن بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان.
داواشى لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بەشداریى دانیشتنەکەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستان بکەن.
لە سەرەتاوە گوتوومە من نابمە بەشێک لە پەرتکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان.
پەرلەمانێکی کارا بە چارەسەری ئەم دۆخە چەقبەستووە دەزانم.
پەرلەمانێک کە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی خەڵک بێت و قەیرانەکان چارەسەر بکات نەک قەیرانەکان و پەرتەوازەی و پەرتبوون زیاتر بکات و هەرێمی کوردستان بەرەوە تونێلێکی تاریک بەرێت.
ئەمڕۆش بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناکەم.
