
وڵاتانى بیانى داواى کاراکردنى پەرلەمانیان بە بەشدارى هەردوو هێزەکە دەکردەوە.
پەرلەمانتار هەبووە 12 کاتژمێر پێش کۆبوونەوە سەنگەرى گۆڕیوە.
ئاڵا تاڵەبانى: سەنگەر گواستنەوەى پێش کۆبوونەوە جێگەى گومانە.
ئاڵا تاڵەبانى، ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروباری ژنان ڕایگەیاند، پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغداد داواى هاوبەشیى ڕاستەقینە دەکات و لە هەرێمى کوردستان خۆى کارى پێناکات. ڕاشیگەیاند، پەرلەمانتار هەبووە بە 12 کاتژمێر بەر لە کۆبوونەوە سەنگەرى گواستووەتەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى پەرلەمان و ئەمەش جێگەى گومانە.
پارتى لە عێراقیش هەوڵێکى زۆریدا بۆ پێکهێنانى حکومەت بە زۆرینە لە کابینەى ڕابردوو.
بەڵام بۆى دەرکەوت ئەو سیاسەتە لە عێراق سەر ناگرێت.
دەبێت دڵنیاشبێت ئەمە لە هەرێمی کوردستانیش سەر ناگرێت.
ئەم هەنگاوەى پەرلەمانى کوردستان هەنگاوى دیکەى بەدوادێت.
پەرلەمان و حکومەت دەبنە تاک لایەنە کە بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو نابێت.
گوتیشى، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەم بابەتە پێشینەى هەبووە و بە یاسا قەدەغەکراوە بەر لە پێکهێنانى حکومەت سەنگەر بگوازنەوە. کورد لە بەغداد ئەم بابەتەی بەلاوە سەیربووە و پەرلەمانتارانى پارتى دەیانگوت ئەمە بۆ بەرژەوەندیى کەسییە نەک بەرژەوەندى نیشتمانى.
