عێراق لە نۆ مانگى ئەمساڵدا 36.2 تریلیۆن دینار كورتهێنانى دارایی هەبووە
داهاتى نەوتى عێراق لە نۆ مانگى ئەمساڵدا 40.2 تریلیۆن دینار بووە
داهاتى نانەوتیی عێراق لە نۆ مانگى ئەمساڵدا 12.6 تریلیۆن دینار بووە
لە نۆ مانگدا بەغداد 9.4 تریلیۆن دینارى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان ناردووە
وەزارەتى دارایی عێراق، خشتەى داهات و خەرجییەکانى نۆ مانگى ئەمساڵى بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، داهاتى فرۆشتنى نەوت، 40 تریلیۆن و 201 ملیار دینار بووە و 76%ـى کۆى داهاتى عێراقى پێکهێناوە، هاوکات داهاتى نانەوتى 12 تریلیۆن و 620 ملیار دینار بووە و 24%ـی کۆى داهاتى پێکهێناوە.
کۆى گشتیی خەرجیی عێراق، 89 تریلیۆن و 80 ملیار دینار بووە.
لەو بڕەش 85 تریلیۆن و 679 ملیار دینارى بۆ خەرجیی بەکاربردن و تەنیا سێ تریلیۆن و 401 ملیار دینارى بۆ وەبەرهێنان بووە.
واتە نزیکەى 3.9%ـى بۆ خەرجیی وەبەرهێنان بووە و 96.1% بۆ بەکاربردن بووە.
بە دەرکردنى خەرجییەکانى عێراق لە کۆى گشتیى داهاتى عێراق، دەردەکەوێت عێراق لە نۆ مانگى ساڵى 2026ـدا کورتهێنانێکى زۆرى هەیە.
کورتهێنانەکەى دەگاتە 36 تریلیۆن و 259 ملیار دینار، واتە تێکڕاى مانگانە چوار تریلیۆن و 28 ملیار دینار دەکات.
بەگوێرەى داتاى وەزارەتەکە، وەزارەتى دارایی عێراق، زۆرترین خەرجیی هەبووە و گەیشتووەتە 22 تریلیۆن و 274 ملیار دینار، وەزارەتى ناوخۆ نۆ تریلیۆن و 966 ملیار دینار خەرجیی هەبووە.
وەزارەتى پەروەردەى عێراقیش هەشت تریلیۆن و 297 ملیار دینار خەرجیى هەبووە و لە نۆ مانگى ئەمساڵدا.
نۆ تریلیۆن و 430 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە.
هەولێریش بڕى 993 ملیار و 386 ملیۆن دینارى وەک داهاتى نانەوتیی ڕادەستى بەغداد کردووە، یاخود مەقاسە کراوە لە مووچە، وەک پشکى داهاتى نانەوتیی فیدڕاڵى.
بە گوێرەى داتا فەرمییەکانى وەزارەتى دارایی عێراق، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران شەش تریلیۆن و 148 ملیار دینار و ئەنجوومەنى نوێنەران 438 ملیار و سەرۆکایەتى کۆمار 35 ملیار دیناریان خەرج کردووە.