
بڕیارە پاش 10 رۆژى دیکە، بەغداد 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان ڕەوانە بکات .
ڕێکارەکان و هەماهەنگى بۆ گواستنەوەى بە تانکەر کارى لەسەر دەکرێت و لیتر بە 250 دینار دابەش بکرێت
سەلام عومەر، سەرپەرشتیارى نەوتى سپى لە بەڕێوەبەرایەتیى نەوت و کانزاکانى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، " چاوەڕوان دەکەین 10 ڕۆژى دیکە بۆ دوو هەفتەى تر نەوتى سپى لە بەغدادەوە بگاتە هەرێمى کوردستان".
گواستنەوەى نەوتى سپى لە عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیی ئەمنى بازگەکانى هەردوولاى دەوێت.
گواستنەوەى 50 ملیۆن لیتر ڕێکارى زۆرى دەوێت و پێویستى بە ڕەزامەندیى هەردوولایە لە ڕووى ئەمنی و کارگێرییەوە.
هێشتا ڕێژەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ دابەشکردنى ئەو 50 ملیۆن لیترە نەوتى سپییە دیارینەکراوە.
پشکى سلێمانى زیاتر لە 20 ملیۆن لیتر دەبێت.
تاوەکو ئێستا نرخى نەوتەکە و بڕی ئەو نەوتەشی کە بڕیارە بدرێتە هەر خێزانێک دیارینەکراوە.
هەروەها سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ڕەزامەندییان لە عێراق وەرگرتووە بۆ دابینکردنى نەوتى سپى بۆ هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ وەزیرى نەوتى عێراق کۆبووینەتەوە و بەڵێنى پێداوین قۆناغ بە قۆناغ، ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپیە ڕەوانەى هەرێمى کوردستان بکات.
ئەوندەى ئاگادارن، سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان ئامادەکارییەکانى دەستپێکردووە بۆ وەرگرتنى نەوتى سپى لە بەغدادەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، 1ـى ئەم مانگە، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتى سپى بۆ هەرێمى کوردستان بە نرخى پاڵپشتیکراو، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانیش ڕاسپێردرا، بە خێرایی ڕێکارە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ دابەشکردنی بەشەنەوتی هەرێمى کوردستان.
هاوکات، وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، به هەمان نرخی دابينكراو لە لايەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كه 250 دینارە بۆ هەر لیترێک، دەست بە دابەشكردنی دەکات پاش گەیشتنى نەوتەکە.
ئەوەشى دووپاتکردووەتەوە، ئەم بڕە نەوتە تەنیا 18%ـى پێداویستیى هەرێمى کوردستان دابین دەکات، بەڵام پێويستی هەرێمى کوردستان نزیکەى 269 ملیۆن لیترە، ئەگەر بۆ هەر خێزانێک تەنیا 200 لیترى بۆ دابين بكرێت.
بە گوێرەی ئەو نرخەی کە بەغداد دیاریکردووە کە 250 دینارە بۆ هەر لیترێک نرخی 100 لیتر نەوت دەبێتە 25 هەزار دینار و بۆ دابەشکردنی 200 لیتر 50 هەزار دینار تێچووەکەیەتی بەدەر لە کرێی گواستنەوە، بەراورد بەو نرخانەی پێشووتر کە لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بۆ 200 لیتر 104 هەزار دینار بووە.
