
کەمتر لە هەفتەیەک چوار بوومەلەرزە و چەندین پاشلەرزە ئێرانی هەژاندووە.
شەوی ڕابردوو بوومەلەرزە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەژاند.
زۆرینەی بوومەلەرزەکان سەروو چوار پلەی رێکختەر بوون.
بوومەلەرزەکان زیانی داراییان بە ناوچەکانی ئێران گەیاندووە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کاتژمێر 11:39 خوولەکی شەوی ڕابردوو بوومەلەرزە بە گوڕی 4.1 پلەی رێکختەر پارێزگاکانی گوڵستان و سێمنانی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەژاندووە.
بوومەلەرزەکە لە دووری 74 کیلۆمەتری شاری گرگانی ناوەندی پارێزگای گوڵستان بە قوڵی هەشت کیلۆمەتر ڕوویداوە و دواتریش چەندین پاش لەرزە دروستبوون.
تیمەکانی مانگی سووری پارێزگاکە گەیشتوونەتە شوێنەکان.
تاوەکو ئێستا ڕادەی زەرەر و زیانە دارایی و گیانییەکان نەزانراوە.
پێشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممەش بوومەلەرزەیەک و چەند پاشلەرزەیەک بە گوڕی چوار پلەی ڕێختەر پارێزگای خۆراسانی جنوبی لە ڕۆژهەڵاتی ئێران هەژاند.
22ـی ئەم مانگەش زنجیرەیەک بوومەلەرزە و پاشلەرزە شاری خوی لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان هەژاند و تەنیا زیانی دارایی هەبوو..
پێشتریش ناوەندی ئاماری ئێران هۆشدارى دابوو لەوەى 70%ـی باڵەخانەکانی ئێران خۆڕاگرییان لە بەرامبەر بومەلەرزەدا لاوازە.

