
ترەمپ و ئەردۆغان بە تەلەفۆن باسیان لە دۆسیەی ئێران کرد.
ئەردۆغان جەختی لە چارەسەری ئاشتییانەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کردەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن گفتوگۆی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە و هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و پرسە ناوچەیی و جیهانییەکان کردووە.
وەک سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بۆ کردووە، ترەمپ و ئەردۆغان گفتوگۆیان لەبارەی بەهێزکردنی هاوبەشییەکان و زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان کردووە.
ئەردۆغان جەختی لە چارەسەری ئاشتییانەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووەتەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هێنانەدی ئاشتی دەربڕیوە.
ئەردۆغان هیواشی خواستووە، زیادبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیا، بەرهەمیان هەبێت.
کۆتایی مانگی ڕابردووش، ترەمپ و ئەردۆغان لە ماوەی 24 کاتژمێردا، دوو جار بە تەلەفۆن قسەیان کرد ، زیادبوونی گفتوگۆکانی ترەمپ و ئەردۆغان هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

