پەروەردەى عێراق ئەرکى ماڵەوەى بۆ خوێندکاران قەدەغە کردووە، ئالان حەمەسەعید دەڵێت ئەوان نیازێکى وایان نییە.
وەزیرى پەروەردە بەکارهێنانى ئەپڵیکەیشنەکان بۆ پەیوەندى نێوان مامۆستا و کەسوکارى خوێندکاران بە پێویست نازانێت.
بڕیارى لە جیاتى دانان پەسەند کراوە، بەڵام ڕێنمایى جێبەجێنەکردنى نەگەیشتووەتە وەزارەت.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەى حکومەتى کاربەرێکەرى هەرێمى کوردستان، لە بارەى ڕێکخستنى ئەرکەکانى قوتابخانەکان و پەیوەندى مامۆستا و قوتابى، بەکەناڵ8ـى ڕاگەیاند، مامۆستا لە قوتابخانە وانە دەڵێتەوە و ئاساییە هەندێک ئەرک بە قوتابییان بدات و گوتیشى “پێویست ناکات ژمارەى مامۆستا لە لاى هەموو کەسێک هەبێت”.
پرۆسەى لە جیاتى دانان بۆ گرێبەستەکانە، بۆ شوێنگرتنەوەى ئەوانە دەبێت کە شوێنەکەی خۆیان بەجێهێشتووە یان کۆچى دواییان کردووە.
ئەمەش ژمارەیان زۆر نییە و تەنیا ژمارەیەکى کەمى دیاریکراو دەگرێتەوە و 50 پلە تێناپەڕێت.
بەکارهێنانى پلاتفۆڕمەکانى واتسئەپ، ڤایبەر و تێلیگرام، پێویست نییە.
بەڵکو ئەپلیکەیشتنى هەڵسەنگاندنیان هەیە و مامۆستا دەتوانێت لە ڕێگەیەوە ئەرکى ماڵەوە بنێرێت بۆ دایک و باوکى خوێندکار.
لەبارەى بڕیارەکەى پەروەردەى عێراق بۆ قەدەغەکردنى ئەرکى ماڵەوە، ئالان حەمەسەعید گوتى "لە داهاتوودا وەزارەتى پەروەردە کارەکان ڕێکدەخاتەوە و ئەرکى خوێندکار لە ماڵەوە بەشێوەیەکى گونجاو دیارى دەکات".
ئەمەش دواى ئەوە هات، وەزارەتى پەروەردەى عێراق لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم پەروەردەکان، پێدانى ئەرکى ماڵەوە بە خوێندکاران و قوتابیان قەدەغە دەکات و داوا دەکات تەنیا لەکاتى وانەکاندا و لەناو ناوەندەکانی خوێندن ئەرکەکان جێبەجێبکرێن.