هۆشدارییەک لە بارەى "زەیتى سلێمانى"؛ نە زەیتى زەیتوونە نە لە سلێمانى بەرهەم دەهێنرێت

پووختەى هەواڵ

  • ئەو زەیتەی بەناوی "سلێمانییەوە" دەفرۆشرێت بۆ بەکارهێنان شیاو نییە.

  • لیژنەکانى قایمقامییەتى سلێمانى هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەنەوە بەکارى نەهێنن.


جۆرە زەیتێک لە شاری سلێمانی دەفرۆشرێت بەناوی "زەیتی سلێمانی" و گوایە زەیتی زەیتوونە، بەڵام ئەو زەیتە نە لە سلێمانی دروست دەکرێت و نە زەیتی زەیتوونە، بەگوێرەى پشکنینەکانیش ئەم زەیتە بۆ بەکارهێنان شیاو نییە.


بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بۆ کەناڵ8:

  • زەیتەکە لە ناو شاری سلێمانیدا هەیە و بەشێوەی دیلیڤەریش دەفرۆشرێت.

  • چەند کەسێک ئەم زەیتە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەهێنن و لێرە هەوڵى ساغکردنەوەى دەدەن.

  • ئەو کەسانە بۆ فێڵکردن لە هاونیشتمانییان باخ و خانوویان بەکارهێناوە بۆ هەڵگرتنى وەک کۆگا.

  • ئەو کەسانە لەناو ئەو ماڵ و خانوانە ڤیدیۆ تۆمار دەکەن کە گوایە ئەمە بەرهەمێکى باشە، بەڵام هاونیشتمانییان ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو جۆرە لە زەیتە بەهیچ جۆرێک لە سلێمانى درووستناکرێت.

بابان ئەحمەد، گوتیشی "بەگوێرەى پشکنینەکانی قایمقامییەتی سلێمانی و کوالێتیی کۆنترۆڵ ئەو زەیتە بەهیچ شێوەیەک شیاو نییە بۆ خورادن و لە پشکنینەکان دەرنەچووە، بۆیە لە هەردووکان و شوێنێک ببینرێت ئەوا رێکارى یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر".

Loading related news...