خەرجیی پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى لەسەر داهاتى نانەوتیى سلێمانى بووە.
حکومەت نەچووەتە ژێربارى خەرجیی پڕۆژەى شەقامى 100 مەترییەوە.
بڕیارە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانى، بەهارى ساڵى داهاتوو تەواو بکرێت. بودجەى پڕۆژەکەش لەسەر داهاتى نانەوتیی سلێمانى بووە و حکومەتى کاربەڕێکەر، یەک دینارى بۆ خەرج نەکردووە.
کۆمپانیای قەیوان جێبەجێکاری پڕۆژەکەیە و کارکردن لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بەردەوامە.
لە 1ـى تشرینى یەکەمى ساڵى ڕابردوو، 25 کیلۆمەترى شەقامەکە لە تاسوڵجە تاوەکو تانجەرۆ کە لەسەر ڕێگەى قەرەداغە، تەواو کرا.
پاشان هەشت کیلۆمەترەکەى دیکە لە تانجەرۆ هەتاوەکو شەقامى عەربەت گوندى دەمرکان تەواو کرا.
ئێستا 33 کیلۆمەترى شەقامەکە بەڕووى هاتوچۆى ئۆتۆمبێلدا کراوەتەوە بە هەردوو ئاڕاستەکەدا.
ئەوەى لە ئێستادا کارى تێدا دەکرێت، دابینکردنى محاویلەى کارەبایە بۆ کارپێکردنى ڕووناکیى شەقامەکە.
تەواوکردنى یەکتربڕى ژمارە 11ـى تاسوڵجە کە 95%ـى تەواو بووە و تەنیا 5%ـى ماوە.
قۆناغى یەکەمى پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى، بەهارى ساڵى داهاتوو تەواو دەبێت.
بودجەى ئەم پڕۆژەیە لەسەر داهاتى نانەوتیى پارێزگاى سلێمانى خەرجکراوە و حکومەت نەچووەتە ژێرباری ئەوەى هیچ بڕە پارەیەکى بۆ خەرج بکات.
شەقامى 100 مەترى یاخود ئوتوبانى بابان، سێ قۆناغە و درێژییەکەی 146 کیلۆمەترە، لە تاسڵوجەوە بۆ تونێلی پێشڕەو درێژ دەبێتەوە، قۆناغی یەکەمی لە شارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات، تاوەكو دەگاتە گوندی دەمركان لە نزیک شارۆچكەی عەربەت.
ئوتوبانى بابان لە چوار سایدی هاتن و ڕۆشتن، حەوت یەكتربڕی دوو ئاستی و پێنج ئەندەرپاس پێکدێت، جگە لەوانەش لە پرۆژەکەدا 67 ڕێڕەوى کۆنکرێتی بۆ ڕێگری لە کۆبوونەوەی باراناو دروستدەکرێن.
