خەزعەلی: تورکیا گرووپی چەکداری لە عێراق هەیە و دەیەوێت سیناریۆکەی سووریا لە عێراق جێبەجێ بکات
قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتیی عەسائیبى ئەهلى حەق رایگەیاند، تورکیا بە هەزاران کەسى لە عێراقەوە گواستووەتەوە وڵاتەکەى و دوو هێزى چەکداریی بە ناوەکانى هێزى پاراستنى نەینەوا و قەڵغانى کەرکوک دروستکردووە.
خەزعەلى دەشڵێت، تورکیا دەیەوێت لە رێگەى ئەو دوو هێزەوە دواى دروستکردنى پشێوى هەمان سیناریۆى سووریا لە عێراق دووبارەبکاتەوە و دواتر بێتە ناو عێراقەوە .
ئەمیندارى گشتیی عەسائیبى ئەهلى حەق گوتی، "ئەوەى دەیڵێم زانیارییە، زانیاریی باوەڕپێکراوە و شیکردنەوە نییە، ئەو زانیارییە لەلاى سەرجەم هێزە ئەمنیی و هەواڵگرییەکانى عێراقە، یەکەمجارە لە دەزگاکانى راگەیاندن باسیدەکەم، زانیارییەکە ئەوەیە، هەزاران چەکدارى میلیشیا، راهێنانیان پێکراوە، پارەدار دەکرێن و سەد لەسەد لەلایەن تورکیاوە سەرکردایەتى دەکرێن".
گوتیشی، "دەیان کەس لە پارێزگاکانى نەینەوا و کەرکوک هەڵبژێردراون نێردراونەتە تورکیا، راهێنانیان پێکراوە، جیاکراونەتەوە و دیاریکراون و مووچەیان پێدراوە، تائێستا ژمارەیەکیان مووچە لەتورکیا وەردەگرن، ناوە فەرمییەکەیان هێزى پاراستنى نەینەوا و قەڵغانى کەرکوکە".
ئەوەشی گوت، "بەشێکیان ئێستا خراونەتە ناو حەشدى شەعبى، کە پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت، لەناو لیواى 59دان لە نەینەوا، ژمارەیان کەم نییە، بەشەکەى دیکە، مووچەیان لەتورکیاوە بۆ دابیندەکرێت."
باسی ئەوەشیکرد، "هەندێک لەمانە لەنزیک بنکەى سەربازیی زێلکانن لە بەعشیقە، ئەرکەکانیان پاراستنى ئەو هێزەى تورکیایە، کە لە سەربازگەى زێلکانن، ئەمە زانیارى هێزە هەواڵگرییەکانى عێراقە و عێراق ئاگادارە".
قەیس خەزعەلی لە بەردەوامیی گوتەکاندا رایگەیاند، "قسە لەسەر میلیشیاى شیعە دەکرێت، کامە میلیشیاى شیعە، ئەوانەى عێراقین مووچەیان عێراقییە لە پێناوى عێراق دەجەنگن، لەژیر فەرمانى فەرماندەى هێزەچەکدارەکانن، بەڵام ئەوانى تر دەیانەوێت کۆنترۆڵى ئەو ناوچانە بکەن و هەمان ئەزموونى سووریا لەعێراق دووبارەبکەنەوە، دواتر هێزى تورکیا دێتە ناو کێشەکە و هەوڵى بردنى بەشێک لەخاکى عێراق دەدات، بۆیە داواى چارەسەرى ئەم بابەتە بەخیرایی دەکەین".
خەزعەلی راشیگەیاند، "داوا لەسەرۆکوەزیران و سەرجەم هێزەسیاسییەکان، بە هێزە سوونى و کوردییەکانیشەوە دەکەم، بوونى تورکیا لە بەعشیقە قبوڵ نەکەن، ئەمە پێشیلکردنى سەروەریى خاکى عێراقە، بەردەوامبوونى بنکەى سەربازیی تورکیا لە عێراق دەبێتە هۆکارى دابەشبوونى خاکى عێراق، ئەمە قبوڵکراو نییە، قسە لەسەر گومان و شیکردنەوە ناکەین ئەوەى گوتمان زانیارییە."
02/04/2025