پاش سێ مانگ یاساى گەڕانەوە موڵک و ماڵ جێبەجێنەکراوە

یاساکە پەیوەندیى بە یەکلاکردنەوەى 900 هەزار دۆنم زەوییەوە هەیە
یاساکە پەیوەندیى بە یەکلاکردنەوەى 900 هەزار دۆنم زەوییەوە هەیە

لە دانیشتنی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاساى گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەنگى لەسەر درا و بوو بەیاسا.

لە 13ـى شوباتى 2025 سەرۆککۆمار واژۆى کرد و لە 18ـى شوبات لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراق بڵاوکرایەوە، بەڵام پاش تێپەڕبوونى زیاتر لە سێ مانگ هێشتا یاساکە جێبەجێ نەکراوە.

لە ماددەى یەکەم 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوندووەتەوە و زەوییەکان بۆ خاوەنەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە، کە هەشت بڕیاریان تایبەتن بە کەرکوک و چواریشیان بۆ بە ناوچەکانی مەندەلی و خانەقینن.

هەروەها لە ماددەی دووەمى یاساکە ئاماژە بەو کەسانە دەکات، کە ئەو بڕیارە نایانگرێتەوە، کە ئەوانەن قەرەبوویان وەرگرتووە.

هاوکات، لەماددەى سێیەم چۆنییەتیی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکانى خستووەتەڕوو، ئەگەر جوتیارێک لە کاتی دەرچوونی بڕیارەکەی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کەرکوک نەبووبێت، ئەوا لە شوێنی خۆی زەوی وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر کەسێک لە کەرکوک بووبێت لە کەرکوک قەرەبوو دەکرێتەوە.

بەشێوەیەکى گشتى یاساکە پەیوەندیى بە یەکلاکردنەوەى 900 هەزار دۆنم زەوییەوە هەیە، کە 60%ـى پەیوەندیدارە بە کورد، 30% تورکمان و 10% ـى پەیوەندیدارە بەعەرەبەوە.

لەو 900 هەزار دۆنمە، 300 هەزار دۆنمى بۆ کورد و تورکمانە لە کەرکوک  یەکلاکراوەتەوە، کە پێشتر بەگوێرەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشوو، لێیان داگیرکرابوو.

بەگوێرەى یاساکە، ئەو زەوییانەی بە نایاسایی دراونەتە وەزارەت و کەسانی دیکە دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، بەڵام وەزارەتەکانى بەرگرى، نەوت، شارەوانى نایانگرێتەوە، هەروەها ئەوانەى قەرەبوویان وەرگرتووەتەوە و دەستەی موڵکایەتی یەکلاییکردوونەتەوە.