ئێران و عێراق لەسەر رێککەوتننامەی ئەمنیی بەغداد و تاران و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کۆبوونەوە
راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبوونەوە و گفتوگۆیان سەبارەت بە رێککەوتننامەی ئەمنیی بەغداد و تاران و بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کرد.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە مۆسکۆ لە پەراوێزی 13یەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی بەرپرسانی باڵا لەسەر پرسەکانی ئاسایش، لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندا کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەی ئەعرەجی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پرسە ستراتیجییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە کراوە، بەتایبەت رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان بەغداد و تاران و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی راوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هەڵسەنگاندنی بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کاریگەرییان بووە لەسەر بەغداد و تاران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا کراوە و جەخت لە گرنگیی ئاسایش و سەقامگیری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی گەلی سووریا کراوەتەوە.
28/05/2025