یەکێتيی ئەوروپا: رێژەی دیاریکراوی گازی زیانبەخشمان کەمکردووەتەوە

کەناڵ8 28/05/2025
یەكێتی ئەوروپا كار بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەكات-فۆتۆ: AP
یەكێتی ئەوروپا كار بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەكات-فۆتۆ: AP

یەکێتيی ئەوروپا رایگەیاند، هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی دەردانى گازی زیانبەخش بە رێژەى 55% تاوەکو ساڵى 2030 بەردەوامە.

کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە راپۆرتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئایار رایگەیاند، ئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی 55%ـی گازی زیانبەخش لە وڵاتانی یەکێتییەکەیان دەستپێکردووە و لەسەر رێگەی راستی خۆیەتی.

کۆمیسیۆنەکە جەختیکردەوە تاوەکو ساڵی 2030 بە بەراورد بە ساڵی 1990دەتوانن بەڕێژەی 54% گازی زیانبەخش کەمبکەنەوە و نزیکببنەوە لە ئامانجى دیاریکراو.

بڵاوکردنەوەى راپۆرتەکە پاش ئەوە دێت پێشتر یەکێتیی ئەوروپا هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ کەشوهەوای وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کردبوو.

تێریسا ریبێرا، جێگری بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەوبارەیەو گوتی، "دەتوانین دڵنیایی بدەین لەبارەی پابەندبوونمان بە ئامانجەکانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی گازی زیانبەخش بەوجۆرەی لە رێککەوتنی پاریس لەبارەی کەشوهەوا دیاریکرا. هەنگاوەکانمان سەرپێخستووە و زۆر نزیکدەبینەوە لە رێژەی لەسەدا 55 . "

ئەمە لە کاتێکدایە، نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما جارێکی دیکە هۆشداریدا و رایگەیاند، لە ئێستاوە تاوەکو ساڵی 2029 ئەگەرێکی بەهێزە بەرزبوونەوەی پلەی گەرماى زەوى لەسەر ئاستی جیهان، رێژەی 1.5 پلەی سلیزی تێپەڕێنێت.

کەناڵ8

28/05/2025