توانەوەی چیایەکی سەهۆڵین لە سویسرا زەنگی مەترسییە بۆ ناوچەکانی ئاسیا
توانەوە و داڕمانی چیای "بیرش"ی سەهۆڵین لە سویسرا بووەتە هۆشدارییەکی مەترسیدار بۆ ئەو کەسانەی لە نزیک چیا سەهۆڵینەکان دەژین لە سەرانسەری جیهان، بەتایبەتیش لە کیشوەری ئاسیا.
عەلی نیومان، راوێژکاری کاروباری کارەساتە سروشتییەکانی سویسرا رایگەیاند، گۆڕانکاریی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر توانەوەی چیا سەهۆڵینەکان، مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر دانیشتووانی بناری ئەو چیانە.
گوتیشی، توانەوەی چیا سەهۆڵینەکەی سویسرا، ئاماژەیە بۆ دەستپێکی توانەوەی بەرگی سەهۆڵینی زەوی.
نیومان لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی تایبەت بە توانەوە و داڕمانی چیا سەهۆڵینەکان، کە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرپەرشتیی دەکات رایگەیاند، لە رێگەی چاودێریی ورد و سوود وەرگرتن لە ئەزموونە گونجاوە فریاگوزارییەکانەوە، دەتوانرێت رێگە لە زیانە زۆرەکانی کارەساتە سروشتییەکان بگیرێت.
لای خۆیەوە ستیفان ئولنبروک، بەڕێوەبەری بەشی ئاو و بەرگی سەهۆڵینی زەوی لە رێکخراوی کەشناسیی جیهانی رایگەیاند، ئەوەی لە سویسرا روویدا ئاماژەیە بۆ بوونی مەترسی لە ناوچەکانی ئاسیا، لەوانە هیمالایا، بەپێویستیزانی بەباشی خۆیان بۆ ئەم جۆرە کارەساتانە ئامادە بکەن.
بە گوێرەی دەزگای فریاگوزاریی سویسرا، چەند رۆژێک بەر لە داڕمانی چیای سەهۆڵینی "بیرش" لە سویسرا، توانرا دانیشووانی گوندی "پلاتن"ی بناری چیاکە بگوازرێنەوە، کە ژمارەیان 300 کەس بوو، لەکاتێکدا یەکێک لە دانیشووانی ئەو گوندە هێشتا بێسەروشوێنە.
31/05/2025