دابەزینى ئاوى زۆنگاوەکان هەڕەشە لە جوتیارانى عێراق دەکات و هەزاران پەنجەماسی لەناوچوون

وێنەیەکی سەرئاوکەوتنی هەزاران پەنجەماسی لە زۆنگاوی ئیبن نەجم لە نەجەف. فۆتۆ: قاسم کەعبى - AFP
وێنەیەکی سەرئاوکەوتنی هەزاران پەنجەماسی لە زۆنگاوی ئیبن نەجم لە نەجەف. فۆتۆ: قاسم کەعبى - AFP

دابەزینى ئاستى ئاوى زۆنگاوەکان بووەتە هەڕەشە لەسەر کاری جوتیارانى عێراق و لە نەجەفیش هەزاران پەنجەماسی لەناوچوون و دەستکراوە بە لیکۆڵینەوە لە هۆکاری لەناوچوونی پەنجەماسییەکان.

لە زۆنگاوی ئیبن نەجم لە نەجەف هەزاران پەنجەماسی سەرئاوکەوتوون و لە ناوچوون. قەبارەی لەناوچوونى پەنجەماسییەکان بەڕادەیەکە، کە  بەتەواوى زۆنگاوەکەى سپیپۆش کردووە، تاوەکو ئێستا بەتەواوی هۆکاری لەناوچوونیان نازانرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

جەمال عەبدولزەید، بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەى نەجەف لەوبارەیەوە گوتی، "پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ و ناڕەزایی هاوڵاتییان لەبارەی لەناوچوونی پەنجە ماسییەکان، لەگەڵ تیمێکی هونەریی شارەزادا هاتووین بۆ لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە و دیاریکردنی هۆکاری لەناوچوونیان، نموونەى ئاوەکە وەرگیراوە، بەڵام کە سەیری ناوچەکە دەکەین، کەمی ئۆکسجینی ئاوەکە بە هۆکار دەزانین بۆ لەناوچوونی پەنجەماسییەکان".

زۆنگاوی ئین نەجم، 25 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی نەجەفەوە دوورە و سەرەڕای کەمبوونەوەی ئاوەکەی، هێشتا بەشێک لە پەنجەماسییەکان لە ناوزۆنگاوەکەدان و گامێشەکانیش خۆیان لەو زۆنگاوەدا فێنک دەکەنەوە.

دانیشتووانی ناوچەکەش نیگەرانن لە رووداوەکە و کەمبوونەوەی ئاوی زۆنگاوەکە، چونکە جگە لەوەى بۆ کشتوکاڵ و ئاودێریی سوودیان لە زۆنگاوەکە وەردەگرت، راوەماسییش بەشێک بوو لە ژیانى هاوڵاتییانى دەوروبەرى ئیبن نەجم.

رائید عودەی دانیشتووی نزیک زۆنگاوەکە دەڵێت، "پێشتر رووداوی هاوشێوە نەبووە، دەمانەوێت بزانین کێ بەرپرسیارە، پارێزگاری نەجەف یاخود بەرپرسی زۆنگاوەکان، وەڵاممان دەوێت ئەو کێشەیە چییە، کە رێگرە لە گەیشتنی ئاو بە زۆنگاوەکان".

بەرپرسانی نەجەف چەند ئەگەرێکیان بۆ رووداوەکە داناوە، لەوانە؛ کەمبوونەوەی ئۆکسجینی ناو ئاوەکە بەهۆکاری کەمبوونەوەی گەیشتنی ئاوی پێویست بۆ زۆنگاوەکان، زیادبوونی بەهەڵمبوون و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە.

گریمانەیەکی دیکەی لەناوچوونی پەنجەماسییەکان، بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی و تەقەمەنی و کارەباییە لەلایەن ماسیگرەکانەوە.

رائید عودەی دانیشتووی نزیک زۆنگاوەکە دەشڵێت، "خەڵکی بێکاردەبن، نە کشتوکاڵ نە راوەماسی، هیچ کارێک نەماوە، بە چاوی خۆتان دەیبینن هەموو پەنجەماسییەکان مردوون، ئەمە ژمارەیان هەزارانە ئەگەر زیاتر نەبێت، هۆکار چییە، ئێمەش بەدواى وەڵامەوەین".

پێنج ساڵە عێراق بەدەست شەپۆلی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنێت، ئێران و تورکیاش بەنداویان لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانە دروستکردووە، کە دەڕژێنە عێراق، دروستکردنی ئەو بەنداوانە ناڕەزایەتییان لێکەوتووەتە، هەروەها کەمکردنەوەی رێژەى بەردانەوەی ئاو بۆ رووبار و دەریاچەکانی عێراق ئاستى ئاوى لە زۆنگاوەکانی کەمکردووەتەوە و بەشێکیشیانى بەرەو وشکبوون بردووە، ئەمە جگە لە دروستبوونى کۆچى ناچاریی دانیشتووانى نزیک زۆنگاوەکان.