پزیشکانی دانەمەزراو پشتيوانى لە بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند دەکەن
پزیشکانی دانەمەزراو کە ژمارەیان 877 پزیشکە، پاڵپشتی بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە هەریەک لە سلێمانی، هەولێر و سۆران دەکەن و رەخنەش لە رێکارەکانى تەندروستیى هەولێر دەگرن بۆ سزادانى پزیشکانى مانگرتوو.
د.رەوا قوربانی، نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراو، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، ئەمساڵ بە وەستانی دامەزراندنی پزیشکان، پرۆسەی شیفتی پزیشکان و پلەبەندییان کێشەی تێدەکەوێت لەکاتێکدا دەوامکردن و دامەزراندنیان، پرۆسەیەکی گرێدراوە و پلەبەندییە.
روونیکردەوە، هەر پزیشکێک کە دادەمەزرێت دەچێتە شوێنی پزیشکێکی دیکە و کاری ئەو دەکات و شوێنەکەی پڕدەکاتەوە، لە پاش گۆڕینی شیفتەکانیش، پزیشکە گشتییەکان بەشێکیان پسپۆڕی هەڵدەبژێرن و بەشێکی دیکەشیان دەوامیان کەمدەکرێتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی نوێ، ئەم پرسە تێکچووە.
د.رەوا قوربانی، گوتیشی، "لە مانگی شوباتەوە بەرپرسانیان لەم دەرئەنجامەی ئێستا کە بایکۆتی دەوامە، ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامیان نەداونەتەوە".
دەشڵێت، بایکۆتی پزیشکان، کێشە دەخاتە بەردەم پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەتایبەتی لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و بنکە تەندروستییەکانی دەرەوەی شار.
هاوکات نوێنەری پزیشکانی دانەمەزراو، رەخنەی لەرێکارەکەى بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر گرت لەبەرامبەر سزادانی ئەو پزیشکانەی بایکۆتیان کردووە و لەو بارەیەوە گوتی "وەزارەتی تەندروستی لەبری چارەسەر، سیاسەتی سەرکوتکردنی پەیڕەوکردووە و لەمەودوا لەبری وەزارەتی تەندروستی راستەوخۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران مامەڵە دەکەن".
ئەو نوێنەرەی پزیشکانی دانەمەزراو گوتیشی، "لەگەڵ نوێنەر و پزیشکانی دانەمەزراوی شارەکانی دیکە هەماهەنگییان هەیە بۆ ئەوەى لە پاڵپشتیکردنی ناڕەزایی و بایکۆتی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند بەردەوامبن، تاوەکو کۆدەنگی بەدەستدەهێنن و پزیشکان دادەمەزرێن و کێشەکە چارەسەر دەکرێت".
بە گوتەى د.رەوا قوربانی، کێشەى پزیشکانى دانەمەزراو بە دوو رێگە چارەسەر دەبێت یەکەمیان دامەزراندنیان لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە، دووەمیش حکومەتى هەرێمى کوردستان دایانبمەزرێنێت و مووچەکەیان لە داهاتی ناوخۆ دابینبکرێت.
ئاماری پزیشکانی نیشتەجێى خولاو بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەى ئامارى سەندیکاى پزیشکانى کوردستان، زۆرترین ژمارەى پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، لەسەر ئاستى پارێزگاکان لە پارێزگاى هەولێرە کە ژمارەیان 352 پزیشکە لە دواى ئەویش پزیشکانى سنوورى سلێمانییە بەجۆرێک 288 پزیشکى نیشتەجێی خولاو لە سنوورى پارێزگاکەدا هەیە و تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.
هەروەها لە سنوورى پارێزگاى دهۆکیش 102 پزیشکى نیشتەجێی خولاو هەن، کە لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن.
لە سنوورى ئیدارە سەربەخۆکانى زاخۆ و گەرمیانیش زۆرترین پزیشکى نیشتەجێی خولاو لە ئیدارەى زاخۆیە، کە ژمارەیان 21 پزیشکە و لە گەرمیانیش 15 پزیشکى نیشتەجێی خولاو هەیە.
کۆى گشتیى پزیشکانى دانەمەزراو لە هەرێمى کوردستان 778 پزیشکە کە ماوەى یەک ساڵە لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان خزمەت دەکەن و تاوەکو ئێستا نەکراون بە پزیشکی پلەبەند.
بەگوێرەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستانیش زۆرترین دەرچوو بۆ ساڵى 2024، لە زانکۆى سلێمانییە، کە ژمارەیان 288 پزیشکە، لە دواى ئەویش زانکۆى هەولێری پزیشكی دێت، کە ژمارەیان 273 پزیشکە، هەروەها لە زانکۆى دهۆکیش 102 پزیشک و لە زانکۆى کۆیە 43 پزیشک و لە زانکۆى کوردستان-هەولێر 36 پزیشکی دەرچوو هەبووە.
هاوکات، لە زانکۆى زاخۆ 21 پزیشک و لە زانکۆى گەرمیان 15 پزیشک هەبووە بۆ ساڵى 2024.
پزیشکانى خولاو دواى تەواوکردنى کۆلێجى پزیشکى لە نەخۆشخانەى گشتی و فریاکەوتنەکانى کەرتى گشتى بۆ ماوەى یەک ساڵ دەوام دەکەن و دواتر دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یاخود پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دواتر دەبنە پسپۆڕ.
08/06/2025