بەهۆى بایکۆتەوە پزیشکانی خولاو لە هەولێر سزا دەدرێن

وێنەیەک لە نووسراوی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیى ته‌ندروستیى هه‌ولێر بۆ سزادانی پزیشکانی خولاو
وێنەیەک لە نووسراوی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیى ته‌ندروستیى هه‌ولێر بۆ سزادانی پزیشکانی خولاو

بەگوێرەى نووسراوێکى بەڕێوەبەرى تەندروستیى هەولێر، بەهۆى بایکۆتەوە پزیشکانی خولاو و دێرین سزا دەدرێن و سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکانیش ئاگادار دەکرێنەوە بۆ دوورخستنەوەیان.

نووسراوەکە واژۆى د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیى ته‌ندروستیى هه‌ولێرى لەسەرە و تێیدا هاتووە لەبەر "بەرژەوەندیى گشتى و بەردەوامیى کار" بڕیاریانداوە بە سزادانى ئەو پزیشکانەى لە شوێنى خۆیان ئامادەنەبوون.

د. دلۆڤان محه‌مه‌د لە نووسراوەکەدا دەڵێت، "ئەو پزیشکانەى شەممە بایکۆتى دەوامیانکردووە بەبڕینى یەک رۆژ مووچە و بە نەهاتوو ئەژماردەکرێن".

هاوکات، نووسراوێکیش ئاڕاستەى سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان کراوە و تێیدا هاتووە، "دوابەدواى دەوامنەکردنى ژمارەیەک لە پزیشکانى نیشتەجێی خولا و دێرین لە نەخۆشخانەکانى کەرتى گشتى، نابێت لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەوام بکەن و بەپێچەوانەوە نەخۆشخانەکە بەرپرسیار دەبێت و دادەخرێت".

ئەوەش دواى ئەوەدێت پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند لە سنووری پارێزگای هەولێر لە رۆژى شەممەوە بایکۆتی دەوامیان راگەیاند، چۆڤان ئیسماعیل، نوێنەری پزیشکانی مانگرتوو لە هەولێر بە کەناڵ8ـى گوت، تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە لە بایکۆت بەردەوام دەبن.

هەروەها پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سێ رۆژە بایکۆتی دەوامیان کردووە و داوای دامەزراندنی پزیشکانی نوێ بە زووترین کات دەکەن لەگەڵ دیاریکردنی وادەی دامەزراندنیان، داواکارییەکی دیکە تێکەندانی سیستمی پلەبەندی یاخود "وەستاندنی سیستمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندیی پزیشکان"، بەگوێرەی ئەو سیستمە نوێیە، پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچارن دەوامی سێ خولی پزیشکان بخەنە ئەستۆی خۆیان.

بەگوێرەى ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 650 پزیشکی نیشتەجێی خولاو و پلەبەند هەن و لە سنووری پارێزگای هەولێریش ژمارەیان 400 بۆ 600 پزیشکە.

ئاماری پزیشکانی نیشتەجێى خولاو بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەى ئامارى سەندیکاى پزیشکانى کوردستان، زۆرترین ژمارەى پزیشکانی نیشتەجێی خولاو، لەسەر ئاستى پارێزگاکان لە پارێزگاى هەولێرە کە ژمارەیان 352 پزیشکە لە دواى ئەویش پزیشکانى سنوورى سلێمانییە بەجۆرێک 288 پزیشکى نیشتەجێی خولاو لە سنوورى پارێزگاکەدا هەیە و تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.

هەروەها لە سنوورى پارێزگاى دهۆکیش 102 پزیشکى نیشتەجێی خولاو هەن، کە لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکەن.

لە سنوورى ئیدارە سەربەخۆکانى زاخۆ و گەرمیانیش زۆرترین پزیشکى نیشتەجێی خولاو لە ئیدارەى زاخۆیە، کە ژمارەیان 21 پزیشکە و لە گەرمیانیش 15 پزیشکى نیشتەجێی خولاو هەیە.

کۆى گشتیى پزیشکانى دانەمەزراو لە هەرێمى کوردستان 778 پزیشکە کە ماوەى یەک ساڵە لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان خزمەت دەکەن و تاوەکو ئێستا نەکراون بە پزیشکی پلەبەند.

بەگوێرەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستانیش زۆرترین دەرچوو بۆ ساڵى 2024، لە زانکۆى سلێمانییە، کە ژمارەیان 288 پزیشکە، لە دواى ئەویش زانکۆى هەولێری پزیشكی دێت، کە ژمارەیان 273 پزیشکە، هەروەها لە زانکۆى دهۆکیش 102 پزیشک و لە زانکۆى کۆیە 43 پزیشک و لە زانکۆى کوردستان-هەولێر 36 پزیشکی دەرچوو هەبووە.

هاوکات، لە زانکۆى  زاخۆ 21 پزیشک و لە زانکۆى گەرمیان 15 پزیشک هەبووە بۆ ساڵى 2024.

پزیشکانى خولاو دواى تەواوکردنى کۆلێجى پزیشکى لە نەخۆشخانەى گشتی و فریاکەوتنەکانى کەرتى گشتى بۆ ماوەى یەک ساڵ دەوام دەکەن و دواتر دەبنە پزیشکی شارەزای گشتی یاخود پسپۆڕییەکی دیاریکراو دەخوێنن و دەبنە پزیشکی پایەبڵند و دواتر دەبنە پسپۆڕ.