ئەردۆغان: خۆشحاڵین بەو ئاستەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر پێیگەیشتووە
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، خۆشحاڵن بەو ئاستەی پرۆسەی ئاشتیی پێیگەیشتووە، دەشڵێت، چەند کەسێک لەناو تورکیا و پەکەکەدا هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پاش کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەو پرۆسەیەی لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و بە تورکیای بێ تیرۆر ناویدەبەن، پرۆژەی دەوڵەتە و لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتووەتە ئاستێک، کە مایەی خۆشحاڵییانە.
ئەردۆغان ئاماژەی بە هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە کرد و گوتی، لەناوخۆی تورکیا و لەناو پەکەکەشدا، کەسانێک هەن دەیانەوێت هەوڵەکانیان و پرۆسەکە تێکبدەن، بەڵام دەوڵەتەکەیان بەو ئەزموونەی هەیەتی، ناکەوێتە ئەو داوانەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی لەو کەسانەی کرد هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە و ئاسایشی تورکیا دەدەن و گوتی، ئەگەر دەستدرێژیی بکرێتە سەر خۆشگوزەرانیی خەڵک و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، ئەو کاتە هیچیان بۆ گرنگ نابێت و تەماشای فرمێسکی کەس ناکەن، بەڵکو یەک لە دوای یەک سەری هێرشبەرەکان پاندەکەنەوە.
جەختیلەوەشکردەوە، با کەس بە هەڵە لە ئارامیی و دانبەخۆداگرتنیان تێنەگات، چونکە وڵاتەکەی باش دەزانێت چۆن تۆپ بگرێتە ئەوانەی بەرد دەگرنە پەنجەرەی تورکیا و ئەگەر پێویست بکات، ئەو دەسەڵات و ئیرادەیەی هەیانە، بە زیادەوە پیشانی دەدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەو بارەیەوە گوتی " خۆشاحاڵین بەو ئاستەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر لە ماوەیەکی کەمدا پێیگەیشتووە، ئەو پرۆسەیە بریتییە لە پرۆژەی دەوڵەت، پرۆسەکە لەلایەن هاوپەیمانیی جمهوورەوە دەستیپێکرا و بە هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان بە وردییەوە بەڕێوەدەچێت. بە بەهادارییەوە تەماشای هەڵوێست و لێدوانی بنیادنەرانە و بەرپرسیارانەی سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەکە دەکەین، کە زۆر بەهادارە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە. لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە ناوچەکەماندا روویاندا، بۆمان دەرکەوت ئەو پرۆسەیە تاوەکو چ ئاستێک پێویست و هەنگاوێکی ستراتیجیی بووە. دەرکەوتووە هەندێک کەس لە ناوخۆی وڵات و هەروەها لەناو پەکەکەدا، بە دوای تێکدانی هەوڵەکانمانن. دەوڵەتەکەمان ناکەوێتە ئەو داوانەوە."
30/06/2025