هۆشداریی توند لە پیسبوونی هەوای تاران دەدرێت

تاران، پیسبوونی هەوا، فۆتۆ: AP
تاران، پیسبوونی هەوا، فۆتۆ: AP

دامەزاراوەى کوالێتى کۆنترۆلی هەوای ئێران رایگەیاند، رەوشى هەوای تاران زۆر پیسە و گەیشتووەتە دۆخی پرتەقاڵی و کاریگەریى لەسەر ئەو کەسانە دەبێت کە هەستیارییان هەیە.

بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانى دامەزراوەى کۆنتڕۆڵى هەواى ئێران، هۆکارەکانی پسبوونی هەوا لە تاران، بۆ گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، سوتاندنی نەوتی رەش لە کارگەکان، دوکەڵی کارگەکان و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی کۆن دەگەڕێتەوە.

دامەزاراوەى کوالێتى کۆنترۆلی هەوای ئێران دەشڵێت، لە 24 کاتژمێری رابردوو کواڵێتی هەوای تاران بۆ هەموو گروپە جیاوازەکان ناتەندروست بووە.

بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەش لەچوار ساڵى رابردوو بەهۆی پیسبوونی هەواوە، نەخۆشییەکانی دڵ، کۆئەندامی هەناسە و شێرپەنجە لەناو دانیشتووان زیادیانکردووە.

هەرچەندە ئەنجومەنى شوراى ئیسلامیی ئێران (پەرلەمان) یاسای هەوای پاکی پەسەندکردووە و لە 34 ماددە پێکدێت، بەڵام رەخنەی ئەوە دەگیرێت کە بەشێکی زۆری یاساکە جێبەجێنەکراوە.

بەگوێرەى ستانداردى جیهانى بۆ هەر 100 هەزار کەسێک کە لە شارەکان دەژین، بەرهەمهێنانى گازە زیانبەخشەکان دەبێت 63 مایکرۆگرامە، بەڵام لە زۆربەى شارەکانى ئێران بۆ هەرمەترسێجایەک 115 مایکرۆگرامە.