عێراق و ئێران یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمنییان واژۆکرد

ساتی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق، لەلایەن قاسم ئەعرەجی و عەلی لاریجانی بەئامادەبوونی سودانی
ساتی واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق، لەلایەن قاسم ئەعرەجی و عەلی لاریجانی بەئامادەبوونی سودانی

عێراق و ئێران یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمنییان واژۆکرد، کە پەیوەندی بە هامەهەنگیی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتەوە هەیە.

ئەمڕۆ 11ـی ئابی 2025، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ هەریەک لە لەتیف رەشید سەرۆککۆمار و محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، عەلى لاریجانى سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە بەغداد یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق واژۆکرد.

یاداشتەکە بە سەرپەرشتیی بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، واژۆکراوە.

لاریجانی لە کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، تاوتوێی دوا پێشهاتەکانی رەوشی هەرێمی و نێودەوڵەتییان کرد و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیی دیالۆگی بونیادنەرانە، لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کارکردن بۆ پتەوکردنی بنەماکانی رێزگرتنی دوو لایەنە و دەستوەرنەدان لەکاروباری ناوخۆی یەکدی.

لە کۆبوونەوەی سودانی و عەلی لاریجانیشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پتەوکردنی هاوپەیمانیی نێوانیان، لە ئاستە جیاوازەکان و ئەوەی لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدایە.

سودانی هەڵوێستی عێراقی بۆ رەتکردنەوەی دوژمنکارانەى ئیسرائیل بۆسەر ئێران و ئەوانەی دەبنەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دووپاتکردووەتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیی عێراق بۆ دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

لەبەرامبەردا لاریجانی جەختیکردووەتەوە، حکومەتی ئێران رژدە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا.