عێراق لە وڵاتی دوو رووبارەوە بۆ وڵاتی گۆڕەبەکۆمەڵەکان
عێراق بەهۆى زۆریی ژمارەى گۆڕە بەکۆمەڵەکانییەوە، خەریکە لە وڵاتى دوو رووبارەکەوە دەبێت بە وڵاتى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و یەکێک لەو گۆڕەبەکۆمەڵانەشى لە وڵاتەکەدا هەیە، چاڵى خەسفەیە.
گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە
خەسفە، یاخود بە زمانى ناوچەکە چاڵى جنۆکە، یەکێکە لە چاڵە زۆر گەورەکانى پارێزگاى نەینەوا و نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشووری موسڵەوە دوورە، گۆڕی بەکۆمەڵی کوژراوانی دەستی چەکدارانی داعشە لەنێوان ساڵانى 2014 بۆ 2017.
لەئێستادا هەڵدانەوەى گۆڕی بەکۆمەڵى خەسفە دەستیپێکردووە، کە لە سەردەمی داعشدا هەزاران قوربانیی فڕێدراونەتە ئەم چاڵى مەرگەوە، پاش هەشت ساڵ لە رزگارکردنى نەینەوا، ئێستا حکومەت دەستی بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ناوچەکە کردووە.
ناسنامەی رووفاتەکان
بە گوتەى پارێزگاری نەینەوا کە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا باسى کردووە، داعش لە ناسنامەى ئەو کەسانەى نەپرسیوە کە لێرە کۆمەڵکوژى کردوون، لەناو کوژراوەکاندا کریستیان، ئیزدى، شەبەک و تورکمانـى تیادایە.
بەتەنیا لە چاڵی خەسفە، دوو هەزار رووفات هەیە و بەگشتیش لە پارێزگاى نەینەوا زیاتر لە 20 هەزار هاوڵاتیی بە دەستى داعش کوژراون.
قۆناغەکانی هەڵدانەوەى گۆڕى خەسفە
قۆناغی یەکەمى هەڵدانەوەى گۆڕەکان لەلایەن فەرمانگەى گۆڕەبەکۆمەڵەکانى عێراقەوە دەستیپێکردووە و لە ئایندەیەکى نزیکدا تەواو دەبێت، دواتر قۆناغێکى سەختتر دەستپێدەکات کە ئاڵۆزترە، ئەویش ناسینەوەی رووفاتەکانە لەلایەن پزیشکى دادییەوە.
لایەنەکانى بەشدار لە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان
بۆ هەڵدانەوەى رووفاتى ناو گۆڕەکە، فەرمانگەى گۆڕەبەکۆمەڵەکانى عێراق، هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیى دادگاى تێهەڵچوونەوەى نەینەوا، پزیشکى داد و خاچى سوور کردووە و دەیەوێت بەخێرایی هەنگاوى یەکەمى دەرهێنانەوەى رووفاتەکانى خەسفە تەواوبکات.
سەختیی هەڵدانەوەی گۆڕى خەسفە
ئەو هۆکارانەی هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان سەخت کردووە، هەڵکەوتەى جوگرافیی ناوچەکە و خراپیى دۆخى ئەمنى و گەورەیی چاڵى خەسفە و بوونى ئاوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا، ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەى دەرهێنانى ئەو ژمارە زۆرەى رووفات لە خەسفەدا قورستربێت لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانى دیکە.
گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دیکە
جگە لە گۆڕی بەکۆمەڵی خەسفە، نزیکەی 300 گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە لە عێراقدا هەیە، کە گۆڕی ئەنفالکراوانی کورد لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق، گۆڕی بە کۆمەڵی هاوڵاتییانی شیعە لە باشووری عێراق، گۆڕی بە کۆمەڵی هاونیشتمانیانی ئێزدی لە شنگال بەشێکن لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دیکەی عێراق. بە گشتی نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس لەو گۆڕەبەکۆمەڵانەدا کراون بە ژێر گڵەوە. زۆریی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بووەتە هۆی ئەوە، بە عێراق بگوترێت، وڵاتی گۆڕەبەکۆمەڵەکان.
17/08/2025