رووماڵی کەناڵ8
دەزگاى ئاسایش پلانی بە ئامانجگرتنی سەرۆکی یەکێتی بڵاوکردەوە
دەزگاى ئاسایشی هەرێمی کوردستان پلانی بە ئامانجگرتنی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و زنجیرەپلانێکى هاوبەش لەنێوان لاهور شێخ جەنگى و ئەژى ئەمین بۆ تێکدانى سەقامگیریى سلێمانى بڵاوکردەوە.
27/08/2025
دەزگاى ئاسایش پلانی بە ئامانجگرتنی سەرۆکی یەکێتی بڵاوکردەوە
دەقی دانپیادانانی چەکدارانی لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین
کەناڵ8 دەقی دانپیادانانی چەکدارانی لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین بڵاودەکاتەوە، کە پلانی هەڵگەڕانەوەی سەربازی و کودەتا و تیرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی کوردستان و سلێمانییان هەبوو.
سێ لەو چەکدارانە راستەوخۆ کاریان بۆ لاهور شێخ جەنگی کردووە و سێ چەکداری دیکەیان لە ژێر فەرمانی ئەژی ئەمین دا بوون.
چەکدارەکان کێ بوون و چۆن خۆیان ناساند:
من کە ناوم رێنوار زریان فەتاحە لە 2014ـەوە لاى لاهور شێخ جەنگى دەوام دەکەم.
من ناوم رێبوار قودرەت رەسوڵە ماڵم لە چوار قوڕنەیە خەڵکى شارى کۆیەم، مامۆستا و راهێنەرى چەکى قەناسم.
من ناوم عومەر شێخ عەبدوڵایە مەوالیدم 1ى 1ى 1985ـم لە ساڵى 2016ـەوە بومەتە پاسەوانى لاهورى شێخ جەنگى.
من ناوم بۆتان مستەفا حسێنە لە 10ى 6ـى 2002 لەدایکبووم و لە 19ى 1ـەوە چووم بۆ ئەنجوومەنى ئاسایش دواتر ئێمەیان برد بۆلاى ئەژى ئەمین.
من ناوم حسێن رەحیم محەمەدە دانیشتووى قەزاى کەلارم ناسراوم بە ئەبو عەلى لە ساڵى 2024 مانگى 11 پەیوەندیم بە هێزەکانى ئەنجوومەنى ئاسایشەوە کرد وە دامەزرام لاى هێزەکەى ئەژى ئەمین لە هەورازە نەفتە
من موسلیم عەبدولڕەحمان محەمەد فەقێم لە دایکبووى 1ى 9ـى 2000، دانیشتووى سۆرانم ماوەى دوو ساڵە کارلەگەڵ ئەژى ئەمیندا دەکەم دامەزراوم لە ئەنجوومەنى ئاسایش لاى ئەژى ئەمین.
دابینکردنی شوێن بۆ چەکدارەکان
یەکێک لە چەدارەکان لەبارەی دابینکردنی شوێنەوە گوتی، "بۆ ماوەى 45 رۆژ دەبێت پلانێک دانراوە بۆ لێدان لە دەباشان و چەند شوێنێکى ئەمنى سلێمانى و کاک بافڵ هەروەها دەستپێکى پلانەکە سێ شوێنمان وەرگرت، کلیلەکانى کاک لاهور داى بەمن، هى چەند کەسێکى خۆی بوو یەکەمیان سیتى تاوەرز بوو و هى برادەرێکى خۆیبوو، کە دابینى کردبوو بۆی و کلیلەکەى داپێمان، دووەم شوێنیان هەوارى جوان بوو لە رێگەى کاک ئاکۆى برایەوە دابینکرابوو، سێیەمیان گوندى ئەڵمانى بوو لەرێگەى برادەرێکى کاک لاهورەوە دابینکرابوو.
سەرەتا لە شوێنى یەکەمیان سیتى تاوەرز دەستمان کرد بە دانانى ئەساس و ناوماڵ و شت وەهەروەها دواى بەدواى تەواوبونى ئەساسى ناوماڵ و ئەوانە لەرێگەى ئەژى ئەمینەوە کەسێک هات شارەزا لەبوارى کامێراى چاودێرى دانان، هات دوو کامێرەى موتەتەور و پێشکەوتووی دانا کە لە سلێمانى نەبوو لەلایەن ئەژى ئەمینەوە نێردرابوو دانرا لەو شوقەیەى سیتى تاوەرز، بۆ ئەوەى چاودێرى جموجۆلەکانى دەباشان و کاک بافڵ بکات.
هەروەها دوابەدواى ئەوە کامێرایەکى ترى چاودێرى هەرلەلایەن ئەژى ئەمینەوە نێردرابوو لەلایەن هەمان شەخسیەوە، کە شارەزایە لەبوارى کامێراى چاودێرى لە شوقەکانى هەوارى جوانى داندرا کامێراى چاودێرییەکان خەتى ئینتەرنێتى بۆ دانرابوو بۆ ئەوەى بتوانێ ئۆنڵاین هەمووکات سەیرى بکەى، گواسترایەوە بۆ کاک لاهور و ئەژى ئەمینیەوە بۆ ئەوەى هەمووکات بتوانن چاودێرى جموجۆلەکانى دەباشان و کاک بافڵ بکەن.
چەکدارەکان چۆن نێردراون بۆ مەترکردن و چاودێری
پەیوەندیم لەگەڵ لاهورى شێخ جەنگى و لالەزار هەبوو تەقریبەن 45 شەو پێش ئێستا تەلەفۆنێکى بۆمن کرد و گوتى، ئیشى زەروورم پێتە بێى بۆ ئێرە، لەرێگاش چەند جارێک تەلەفۆنى کرد و تەئکیدى کردەوە لەکوێم و لەرێگابووم.
گەیشتمە لاى لاهور جەنگى و پێى گوتم، شوێنێک هەیە بچیت مەترى کەیت و بزانی، کە دەباشان و ماڵى بافڵ تاڵەبانى چەند لێرەوە دوورە.
ئەوشەوەى کە یەکەم شەو بوو هاتین بۆ ئێرە لەگەڵ کەسێک هێنامى بۆ ئێرە ناوى رێنوار بوو من شوێنەکەم نەدەزانى و شارەزا نەبووم، هاتین بۆ ئێرە مەترمان کرد، لێرەوە بۆ دەباشان 600 بۆ 700 مەتربوو تەلەفۆنم بۆ کردەوە و پێم گوت، ئەوەندە دوورە، وتى باش بگەڕێنەوە.
چاودێریی راستەخۆی لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین و ئۆتۆمبێلەکەی زێرەڤانی
من رۆیشتمەوە بۆ ماڵەوە و بۆ جارى دووەم دیسان تەلەفۆنى کردەوە و وتى بێنەوە بۆ سلێمانى، کە هاتمەوە ئەم شتانەى ئەساس و ئەمانەى هەموو هێنابوو رێنوار، شوقەکەى تەخسیس کردبوو، دوو کامێراى چاودێرى دانابوو دانەیەک لە دەرەوە دانەیەک لە ژوورەوە، بۆ چاودێریکردنى ماڵى مام جەلال و بافڵ تاڵەبانى، کە لەرێى ئینتەرنێتەوە بە مۆبایل دەگوازرایەوە بۆ ئەژى ئەمین و لاهورى شێخ جەنگى هەردوکیان لەیەکاتدا سەیریان دەکرد و دەیانبینى.
کاتژمێر 11ى شەوبوو کاک لاهور پەیوەدیى پێوەکردم، من بووم و رێبوارى حامیدى غالى، کاک لاهور خۆى کاک پۆلاد و ئەحمەد ئەسەف، حەمە هیدایەت ئەمانە چوون بۆ خانوەکە لە پارکى ئازادى لەوێ وەستاین دوا بەدواى ئەوە کاک لاهور هات بۆ لاى من گوتى، کەسێک دوو سایدەکەى پارکى ئازادى چاوەڕێت دەکات بچۆ بیهێنە.
وتم: کێیە ؟
وتى: چالاکە.
چالاک خوشکەزاى ئەژى ئەمینە و چوم بۆ ئەوێ چالاکم هەڵگرت لە دوو سایدەکەى پارکى ئازادى بەپێ بوو سەیارەى پێنەبوو، دواتر چالاک گوتى، بچۆ سەرەوە بۆ لاى ترافیکەکە چوم بۆ سەرەوە بۆ لاى ترافیکەکە، ئۆتۆمبێلێکی وەنەوشەى مۆدێل 2019 - 20 هات لە پشتى سەیارەکەى منەوە وەستا، منیش لاندکرۆزەرێکم پێبوو، ئەو وەنەوشەیە رەقەمەکەى ...... ژمارەى زێرەڤانی بوو، لەو سەیارەیە پێنج شەش کەسێک دابەزین هاتن بۆ سەیارەکەى لاى من سەرکەوتن، دواى ئەوە لەگەڵ ئەو کوڕانەیا هەموومان چووین بۆ شوێنى کۆبونەوەکەـ کە خانوێک بوو لەنزیک پارکى ئازادى ئەوان چوونە ژوورەوە من لەدەرەوە چاوەڕێم کرد.
هێنانی کەسی شارەزای درۆن لە هەولێرەوە
ئەو چەکدارە باسی ئەوەشیکرد، دوابەدواى ئەوە شەوێکی تریان کاک پۆڵاد بەچەند سەیارەیەکەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت، کە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت شەو هاتەوە و ئەژى ئەمین و چالاک و دوو کەسی لەگەڵ خۆى هێنابوو، کە شارەزاى بوارى درۆن بوون.
ئەژی ئەمین لەلالەزار بوو
دواى ئەوە لاهور شێخ جەنگى تەلەفۆنى کردەوە و چووین بۆ لالەزار، کە چووین بۆ لالەزار کۆبونەوەبوو، ئەژى ئەمین لەوێ بوو، حەمە هیدایەت و چالاک و پۆڵاد شێخ جەنگى لەوێ بوو، رێبوارى حامى حاجى غالى لەوێ بوو، لاهور خۆیشی لەوێ بوو، رێنواریش لەوێ بوو.
بڕیار لە کوشتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی درا
لەو کۆبونەوەیە کە بڕیاردرا چى بکرێ و چى نەکرێ، ئەوەبوو، بڕیاریاندا، کە بافڵ تاڵەبانى بە دوو قەناس لەیەک کاتدا تەقەى لێبکرێت.
من و رێبوارى حامەى حاجى غالى دیاریکراین بۆ تەقەکردن، رێبوار یەکێک لە قەناسەکان و منیش قەناسەکەی دیکەم پێبوو.
لەکۆبونەوەکە، کە باسیش کرا، ئەم خەریتەیان هێنا، کە خەریتەکەیان هێنا ئەمە دەباشان و ماڵى مام جەلال هەموو شوێنێکى تیابوو، خاڵەکان دیاریکرابوو بۆ جى پى ئێس، کە بە درۆنى خۆکوژى لەوشوێنانە بدرێت، کە هێز و مقەڕى تێدایە، کە پێویستە.
پێش ئەم خەریتەیە، داواى لێکردین نەخشەیەکى بۆ بکێشین لەسەر وەرەقە و بە قەڵەم، بەڵام شتێکمان نووسینى، وتى پێویست ناکات من خەڵکى شارەزام هەیە و ئەمەى هێنا، ئەمە کە نوقتە بە نوقتە ماڵى مام جەلال دیاریکرد، لەکۆبونەوەکە بڕیاردرا بافڵ تاڵەبانى هەم بە قەناس لێبدرێ و هەم بە درۆنى خۆکوژیش لێبدرێت و بکوژرێت.
پاش راهێنان لە هەورازە نەفتە رەوانەی ئۆکرانیایان کردم
تەلەفۆنیان بۆ کردم گوتیان وەرە بۆ مقەڕ لە هەورازە نەفتە، کاتێک چوومە هەورازە نەفتە، ئیدى یەکەم تەدریب، کە پێیان کردم لە جۆرى چەک بوو لە جۆرى چەکى چیچانى، کە مودەى 20 رۆژ بوو، دواى ماوەیەک، کە تەدریبەکەم کرد و فێرى چەکەکە بووم و دواى ئەوەى کە متمانەى تەواوى ئەوانم بەدەستهێنا، ئەژى ئەمین و چالاک عەلى هاتن بۆلام، وتیان ئۆفەرێکى، سەفەرێکى فێرکارى فڕینى درۆنت بۆ دێنینە پێشەوە تۆ بیکە، منیش رازی بووم، دواى ئەوە، کە سەفەرەکەمان رێکخست لێرە لە فڕۆکەخانەى هەولێر چوین بۆ تورکیا بە ترانزێت لەوێشەوە بۆ پۆلەندا، لە پۆلەندا بە وەرەقەیەکى تایبەت کە چوار نەفەرمان لەگەڵ بوو، من بووم، چالاک بوو، دوو هونەریشمان لەگەڵ بوو، کە لەوێ بە وەرەقەیەکى تایبەت فیزاى ئۆکرانیاشان لە پۆلەندا بۆ وەرگرتین، لەوێوە چوین بۆ ئۆکرانیا، لەوێ شوێنى حەوانەوەیان بۆ دابینکردین، لەناوچەى سەربازگەیەک بوو، کە لەگەڵ سەربازەکان فێرى فڕاندنى درۆنیان کردین.
لەوێ فێرى هەڵدانى درۆنیان کردین، ئەو درۆنانەى کە خۆکوژین، ئەو درۆنانەى کە چۆن پێت بڵیم بۆمب هەڵدەدەنە خوارەوە، هەروەها هەڵدانی درۆنى دوور مەودایان فێرکردین، کە چۆن هەڵدەفرێت، ئەوانەبوو، کە لەو کۆرس و خولانەدا هەمووى فێربوین.
دوای سێ مانگ لە راهێنان ئەژی ئەمین سەردانی کردین
سێ مانگى سەرەتا هەر پەروەردەى چەکى ئاسایمان کرد و دواتر ئەژى ئەمین هات بۆلاى ئێمە و گوتى، دەبێت ئێوە خۆتان فێرى درۆنى خۆ کوژى بکەن، دواى ئەوە درۆنى ئۆکرانیان بۆ هێناین، کە خۆکوژى بوو.
ئێمەش پەروەردەمان لەسەر کرد، دواتر ئەژى ئەمین کارگەیەکى درۆنى هەر لە هەورازە نەفتە درووستکرد.
گواستنەوەی قەناسەکان بۆ سیتی تاوەرز
دوا بەدواى ئەوە ئیتر چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەوان کرا و ئیتر بۆ چۆنیەتیى جێبەجێکردنى پلانەکە، دەستپێکى پلانەکە ئەوەبوو رۆژێکیان کاک لاهور پەیوەندى بەمنەوە کرد و گوتى، دوو کومبار و دوو فەڕش هەیە بیگوازەرەوە بۆ شوقەکەى سیتى تاوەرز، ئەوەبوو کومبارەکانم گواستەوە، کومبارەکان قەناسی تیایە، دواى ئەوە، دوو جانتا لەگەڵ دوو کەس کە شارەزاى بوارى درۆنن، گواستمانەوە بۆ شوقەکە، لەگەڵ رێبوارى حامى حاجى غالى لەگەڵ رێبوارى قەناس، ئەمانەم گواستنەوە بۆ شوقەکە بۆ ئەوەى لەوێ پلانەکە جێبەجێبکەن.
پلان دانرا ئەژی ئەمین لە هەولێر بچێتە سەر ماڵی قوباد تاڵەبانی
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەشدا بڕیاردرا، کە ئەژى ئەمین دانرا بۆ ئەوە لە هەولێر بچێتە سەر قوباد تاڵەبانى، کە نەگاتە هیچ کونسلخانەیەک و هیچ شوێنێک، دەستى نەگاتە هیچ شوێنێک، بیگرێت، ئەگەر پێویستیش بوو بیکوژێت.
دواى ئەوە کۆبوونەوەکە تەواو بوو بڕیارى کوشتنى ئەم دوانە درا و جێبەجێکردنەکەى ماوە.
هاتینەوە بۆ شوقەکە و رێنوار لەناو فەرش دوو قەناسی هێنا، کە ئەم دوو قەناسەن لەناو فەرش لول درابوو، هێناى بۆ ئێرە کردمانەوە، دوو قەناسی تیابوو.
شەوێکیان چووین بۆلاى ئەژى ئەمین، من و چالاک و ئەژی ئەمین لەماڵەکەى ئەوبوین، وتى ئەمشەو ئەچین بۆ سلێمانى، دواتر سوارى سەیارەیەک بووین و چووین بۆ گەراجێک بینیمان، پۆڵاد شێخ جەنگییە، دواتر هەموومان چووین بۆ سلێمانى و، کە چووین بۆ سڵێمانى کۆبوونەوەبوو، لە کۆبوونەوەکە بڕیاریاندا کەوا بافڵ تاڵەبانى بکوژن.
بڕیار درا کوشتنەکە بەو جۆرە درۆنانە بێت کە وابزانن تورکیا، یان ئێران کارەکەی کردووە
لاهور شێخ جەنگى داواى لێکردین کەوا درۆنى خۆکوژى بەکاربێنین، کەوا جی پى ئێسەکانبوو، وتى دەبێت ئەوان وابزانن کەوا تورکیایە یان ئێرانە.
دواى ئەوە رێنوار و رێبوارى قەناس و رێبوارى حامى حاجى غالی، ئێمەیان هێنا بۆ ئەم دوو شوقەیە شەش درۆن لەم شوقەیەبوون، سێ دانەى تریش لە شوقەیەکى تر بوون.
درۆنمان بردە شوقەکەی سیتی تاوەرز و هەواری جوانی
دوا بەدواى ئەوە چەند درۆنێکى خۆکوژیمان لە شوقەکەى سیتى تاوەرز دانا، وە هەروەها چەند درۆنێکى خۆکوژى بۆمبڕێژکراومان بردە شوقەکەى هەوارى جوانى، دوابەدواى ئەوە شەوێکیان من بووم کاک لاهور و رێبوارى حامى حاجى غالى و حەمە هیدایەت.
شەوبوو بە کرۆلایەک بەڕێکەوتین لە چاڤیلاندەوە سەرکەوتین بەرەو دەباشان بۆ ئەوەى شوێنى، بارەگا و فەوج و نوقتەکان هەمووى هەڵگرنەوە بە جى پى ئێس و شوێنەکانیان بزانن و ئیتر بەرەو کوردساتەوە چوینەوە خوارەوە.
باخێک لە کەنەکەوە بۆ هێزێکی ئەژمی ئەمین دیاری کرا
هەردوابەدواى ئەوە چەند شەوێکى تر، من بووم کاک لاهور و رێبوارى حامى حاجى غالى و حەمە هیدایەت، لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتین بۆ باخێک بۆ کەنەکەوە، سەیرى باخەکەیان کرد، بۆ ئەوەى بتوانن هێزێک لەلایەن ئەژى ئەمینەوە بێت بتوانێت لەوێ جێگیرى کەن و بزانێت شوێنەکە چۆنە و گونجاوە بۆ جێگیرکردنى هێز.
ئەژی ئەمین چەک و پێداویستیی سەربازیی لە هەولێرەوە نارد
وە دوا بەدواى ئەوە ئەژى ئەمین چەند وەجبەیەک چەک و پێداویستیى لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانى نارد، کە بریتی بوون لە درۆنى بۆم رێژ کراوە و بیکەیسى و دۆشکە و چەند کەلوپەل و پێداویستییەکى سەربازى تر.
دواى ئەوە کە گەڕاینەوە لە ئۆکرانیا، هاتینەوە بۆ هەولێر، بینیم، کە شوێنێکى دروستکردنى درۆنیان، یان مەعمەلێکى دروستکردنى درۆنیان دامەزراندووە، چاکیان کردووە.
بۆ دروستکردنى درۆن، تیمێکى رۆژهەڵاتیشیان هێنابوو، ئیتر لەگەڵ ئەو تیمەى رۆژانە کارمان دەکرد، لەدواى ماوەیەک ئۆکرانیەکان خۆیان هاتن بۆلامان کە سی نەفەربوون من تەنیا دوانمان بە بیرە کە بینیومن بەلام ناوى هەرسێکیان دەزانم کە یەکێکیان ناوى ئەندرى بوو، کە گەورەیان بوو ئەوانەیتریش ناویان ئیڤانۆ ئەلێکس بوو ، ئەو دوانەى تر.
درۆنی جۆری دراگۆنمان دروستکرد
ئیدى دواى ئەوە کە ئێمە بەردەوام بوین لەسەر بەرهەمهێنانى درۆن و درۆنى جۆرى ئێف پیڤى، کە نزیکەى 50 جۆر بوو، دواى ئەوە درۆنى گەورەشمان بەرهەمهێنا لە جۆرى دراگۆن، چالاک و هونەر هاتن بۆ لام وتیان تۆ ئەبێ لەگەڵ سەیارەیەکا بڕۆى لە جۆرى وەنەوشەى سپى، نابێت قسە بکەى نابێت پرسیار بکەى بۆ کوێ ئەچن، نە ئەوانیش قسەت لەگەڵ ئەکەن و نە پرسیاریشت لێدەکەن.
ئیدى من چووم لەگەڵیان سواربووم و سەرکەوتم، گەیشتینە نزیکى ماجدى مۆل چاوەڕوانى چەند سەیارەیەکى دیکەبوون.
دواى ئەوە پێیان گوتین، ئەو درۆنانەش لەگەڵ ئێوە دێن، درۆنى خۆ کوژى و بۆمب هاوێژبوون.
کەلەگەڵ ئیمە هاتن بۆ سلێمانى، من چوار وەنەوشەى سپیم بینى و هاتین بۆ سلێمانى و ئەوانەى لەگەڵ منا بوون، بەمنەوە 14 نەفەربووین.
هاتین بۆ سلێمانى هاتین بۆ لالەزار، لە لالەزار شەوى یەکەم کە دابەزین، چوین، شوێنێکیان بۆ دابینکردین بۆ مانەوە و بۆ ئیسراحەت.
یەکێتی و دژەتیرۆر و دەباشان و شوێنە هەستیارەکانی یەکێتی دەگرین
هەر لەوشەوەوە لاهورى شێخ جەنگى خۆى هات بۆ لامان، ئیتر وتى، ئێمە یەکێتى ئەگرینەوە و باسی ئەو شتانەى کرد، ئێمە حەملەیەکى چاک ئەکەین و ئێ دژەتیرۆر و سەرجەم شوێنە هەستیارەکانى یەکێتى ئەگرینەوە دەست بە دەباشانەوە.
ئیدى لەوقسانەى کرد و دواتر لە چەند خولەکێک دەستخۆشی لێکردین و بەخێرهاتنى لێکردین و رۆشت.
رۆژەکەى هیچ دەنگێک نەبوو کە بێت بۆ لامان، شەوى دووەم هات بۆ لامان، گوتى خۆتان ئامادە بکەن، حەملە ئەکەین، وتیان نزیکى نیوسەعاتى تر، جا لەو کاتەوەى کە هەتا نزیکەى دواى نیوسەعاتەکە، ئیدى ئەو جەماعەتەى ئێمە ئامادەبن، بەڵام بەمنى وت تۆ مەیەرە خوارەوە، لەسەرەوە چاوەڕوانى پەیوەندى منبە.
من نەچوومە خوارەوە، چاوەڕوانى پەیوەندى ئەوبووم، جەماعەتەکەى مە چوونە خوارەوە، نزیکەى 10 بۆ 15 خولەک لە خوارەوە چاوەڕوانبووم، نزیکى بۆ 20 خولەکیش ئەبوو، چاوەڕوانبوون، ئیدى دواى هاتنە سەرەوە وتیان حەملە ناکەن، نازانم بەهەر هۆکارێک.
رۆژى چوارشەممە منیان برد بۆلاى ماڵى شێخ لاهور، کە سێ نەفەرم لەگەڵابوو، یەکیان هاوژین بوو، یەکیان عەبدوڵاى حەمە رەشید بوو، یەکێکان پۆڵاد بوو، کە بە سەیارەى پۆڵاد چووین بۆ ماڵى لاهورى شێخ جەنگى، لەوێ سەیرى درۆنەکانمان کرد، کە ئەو درۆنانە ئامادەمان کردبوو، لە هەولێرەوە کە بەتەواوى سەیرم کرد گوتم بەڵێ ئەوە خۆیەتى.
لە هەورازە نەفتە، وە لە وێ دەستمان کرد بە خول و راهێنان و مەشقى هەموو جۆرە چەکەکان، بە دۆشکەیشەوە، وە لەوێ دواى تەواو بوونى دەورەکەم، دواى ماوەیەک لە تەواو بوونى دەورەکەم، کرام بە بەرپرسی یەکێک لە مەرجەبەکانى(کۆگا) ئەوێ، وە لەوێ خەریکى ئیشوکارى خۆمبووم، لەدواى ماوەیەک، واتا پێش مانگ و نیوێک، بە ئەمرى عەبدوڵاى حەمەرەشید، داواى ژمارەیەک چەکم لێکرا 135 چەک بوو لە جۆرى ئێم فۆر و چیچانى، سەرخرا بە دوو سەیارە، بەلام نەمزانى بۆکوێی دەبەن، وە دواى ماوەیەک بڵێم تەقریبەن، رۆژى یەکشەم 17ى مانگ، ژمارەمان 14 کەس بوو مامۆستا ئەژى بانگى کردین، گوتى دەبێت بڕۆن بۆ سلێمانى.
گەیشتینە سلێمانى نەمانزانى بۆ کوێیە تا گەیشتینە لالەزار، لە لالەزاریش نەیانهێڵا دەرودەشت بکەین و (بچینە دەرەوە) و تێکەڵى هیچ کەسێک بکەین، وە لەوێ 14 کەس بووین لەوێ ماینەوە، لەوێ بینیم کە بەئەمرى لاهور شێخ جەنگى، چەکەکان، چەکیان بۆ هێناین، بینیم ئەوە هەمان چەکە کە من لە هەولێر لە هەورازە نەفتە تەسلیمى، مقەدەم عەبدوڵا شەمێرانیم کردووە، چەکەکانى خۆمان لە سلێمانى بوو.
دوا بەدواى ئەوە کە پلانەکان دانراو دەستکرا بە جێبەجێکردنى، ئەوە بوو کاک لاهور تیمێکى دانا لە حیمایەکانى خۆى بۆ چاودێریکردنى سەیارەکانى کاک بافڵ کە بەسەر شەستیا دەڕۆن، بۆ ئەوەى چاودێرى بکەن و بزانن لەکوێیە و چۆنە، دوا بەدواى ئەوە ئیتر ئێمە لە شوقەکانى هەوارى جوان بووین، لەوێوە پەیوەندیمان پێوە دەکرا، کە جار جار کە ئەمە سەیارەکان گەشتنە ئەوێ و گەشتۆتە ئەوێ و نزیکى ئەوێ بۆتەوە وە دەستبکرێت بە عەمەلیەکە و بە درۆن لە سەیارەکانى کاک بافڵ بدرێت.
بڕیارەکە وادرا، کە بەدوو قەناس 100% بافڵ تاڵەبانى بکوژرێت، من و رێبوارى حامى حاجى غالى تەقە بکەین لە یەک کاتدا بۆ ئەوەى بکوژرێت.
دواى ئەوە بە چەند درۆنێکى خۆکوژى لێرەوە هەم دیسان بافڵ تاڵەبانى بۆردومان کرێ بە درۆنى خۆکوژى و ئەو خاڵانەى کە دیاریکرابوو لە دەباشان هێزى تیایە پرسگە رەئیسیەکان و شوێنە سەرەکیەکان بەدرۆنى خۆکوژى لێی بدرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکە باسی ئەوەشکرا، دواى درۆنەکە و کوشتنى بافڵ تاڵەبانى، پۆڵاد شێخ جەنگى بە هێزێکى زۆرەوە بێتە ناو دەباشانەوە ئەژى ئەمین هێزى ناردبوو، بۆ ئەم چالاکیە کە بچن دەباشان بگرن و دواى ئەوە لاهور شێخ جەنگى بچێتە دەباشان و بەیاننامەیەکى وەک یەکێتى بڵاوبکەنەوە و ئەمانە.
رێبوارى حامى حاجى غالى لەسەر ئەمەیان بوو، منیش لەسەر ئەمەیان بووم، من لێرەوە چاودێرى بافڵ تاڵەبانیم دەکرد، بەمشێوەیە دانیشتبووم، بەمشێوەیە دانیشتبووم، چاودێرى ماڵى بافڵ تاڵەبانیم دەکرد لێرەوە، من ئاخیر جار کە ویستى بکوژرێت، من بینیم هاتە دەرەوە، لە ماڵەکە هاتە دەرەوە لەسەر قادرمەکەبوو، کە وتم هات و چوینە سەر قەناسەکە، رێبوار گوتى من نەمبینیووە، درەنگ گوتتان و لاهوریش تەلەفۆنى کرد پەلەتان کرد و نەتان دیت و بۆ دەرچوو.
ئەو رۆژە دەرچوو لە دەستمان.
چەند جارێک هەوڵیان دا بافڵ تاڵەبانى بکوژن و ئێمەیان ئاگادارکردەوە کە خۆمان حازر کەین، دوو قەناسەکە لێى بدەن و ئێمەش درۆنەکان هەستێنین بۆ لاى شوێنەکەى بافڵ تاڵەبانى، ئەنتێنایەکە لە ژوورەوە بوو، رێبوارى حامى حاجى گوتى کە، گوێتان لە دەنگى قەناسەکە بوو، ئەنتێنایەکە ببەن بۆ دەرەوە، بەرامبەر شوێنى بافڵ تاڵەبانى، درۆنەکەش ئا لێرەبوو، ئیتر وتى، دواى ئەوەى کە وا یەکەم درۆن رۆیشت، من دێم بۆ لاتان پێتان ئەڵیم لەکوێ و لەکوێى بدەن، یەعنى شوێنەکانى بافڵ تاڵەبانى، هەر لەوێ ، درۆنەکان هەر هەمووى لێرەبوو. وتى بیفڕێنن و ئیدى ئێوە پەیوەندیتان بەهیچ شتێکەوە نەبێت.
بەمشێوەیە کە لێرە ئەم پەردەیە هەبوو، جامەکەى خۆى دەرهێندرابوو، ئەم جامە دەرهێندرابوو، ئەم جامە پلاستیکیەى لێبوو، بۆ؟ ئاسانترە و سوکترە، بۆ فرێدانى وە ئەمە زەحمەت نییە ئەمە پلاستیکە بەکارمان دێنا.
پێش قەناسەکەش بێت بۆ ئەم شوێنە و ئەم کورە بیهێنێ من چومە لالەزار و لەوێ لاهورى شێخ جەنگیم بینى رێبوارى حامى حاجى غالیم بینى لەسەر بانەکەى ئەوانەوە بەرەو چەمەکەى قلیاسان چەند فیشەکێکمان تەقاند، بۆ دڵنیابوونى لە چەکەکە کە تایمە و مەزبووتە.
وە دوا بەدواى ئەوە دوو پاسەوانى کاک لاهور کە چاودێرى جموجۆڵى سەیارەکانى کاک بافڵیان دەکرد، گیران لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، ئەوەبوو سەیارەکانى کاک بافڵ نزیکبویەوە پەیوەندیمان پێوەکرا کە نازانن کاک بافڵ لە چ سەیارەیەک دایە، بۆیە عەمەلیەکە نەکرێت و عەمەلیەکە بوەستێت.
رۆژى 19ى 8 لە ژوورەوە دانیشتبووم رەمەزان حسێن کە پاسەوانى تایبەتى شێخ لاهورە هات بۆ لام و پێى وتم برۆ با بڕۆین بۆ متابەعەى سەیارەکانى بافڵ تاڵەبانى، ئیتر ئەوەبوو رۆیشتین بۆ لاى بەنزین خانەى بینایی لەوێ چاوەڕێمان کرد، متابەعەى سەیارەکانى ئەومان ئەکرد، چەند جارێک رێبوارى قەناس و شێخ لاهور تەلەفۆنیان بۆ رەمەزان ئەکرد، رەمەزان گەیشت نەگەیشت لەو قسانەیا بووین، رەتلەکەى کاک بافڵ گەیشتە ئەوێ و ئیتر رەمەزان ویستى تەلەفۆن بۆ شێخ لاهور بکات و بڵێ ئەوە لاى ئێمە دەرچوو ئیتر لەوکاتەیا ئێمە دەستگیر کراین.
دواى ئەوەى کەوا چووین بۆلاى لاهور، وتى جەماعەتێکى ئێوەش لە خوارەوەیە، جەماعەتى لاى ئەژى ئەمین، وتى هەندێک درۆنى تریشیان هێناوە کەوا جى پى ئێس و ئۆکرانین، وتى ئۆکرانین، رەسمەکەى پیشانداین وتم ئێمە لەوە نازانین، وتى ئێوە خەمتان نەبێت، نەفەرێکیان لەگەڵ ناردووە، رێبوار هات بۆ لاى ئێمە وتى موسلیم بانگتان دەکات لەسەربان ئێمەش کە گوێمان لێبوو، گوتمان موسلیم لێرە چی ئەکا؟
گوتى ئەژى ئەمین ناردوویەتى بۆ درۆنە چی پی ئێسەکان.
ئێمەش چووین بۆ سەربان گوتى کا ئەشیاى ئێوە؟
گوتمان لە شوقەکانە.
گوتى بۆ نەتانهێناوەتەوە؟
لاهور گوتى با هەر لەوێ بێت لە شوقەکە.
گوتى تەواو ئێوە هیچ مەکەن هەر لێرەبن، جى پی ئێسەکانم هەموو ئامادەکردووە، موسلیم واى وت، وتى ئێوە خەمتان نەبێت و خۆى لەوێ تەحەکومى پێ ئەکرێت.
لەدواى ئەوەى کە لێرە ئاشکرابووین چوینەوە بۆ لالەزار ئێوارەى پێنجشەمە، ئامر قەبز بۆ لاهورى شێخ جەنگى دەرچوو، تەلەفۆنیان بۆ کرد کە خۆى بدات بە دەستەوە و ئەوانە.
گوتى من شەڕ ئەکەم و خۆ نادەمە دەستەوە
دواى ئەوەبوو شەوەکەى چەند جارێک تەلەفۆنیان بۆ کردوو، کە خۆت بدە بەدەستەوە و ئەوانە و با کوڕى خەڵک نەکوژرێ و ئەو شتانە.
گوێى نە دایێ و خۆى تەسمیل نەکردوو وتى من شەڕ ئەکەم و هێزم لەگەڵە.
دواى ئەوەى کە هێز هات، پێش هێزەکە، حکومەت کەبێت تا دەورى ماڵەکە بگڕێت، بە سەماعە هاواریان کرد ئەوەى کە لە لالەزارە بێتە دەرەوە، بۆ شەڕ نەهاتووین ژیانتان پارێزراوە، کەس هیچى لێنایە.
کەس گوێى پێنەدا و لاهور شێخ جەنگى بڕیاریدا و ئیعازى دا وتى شەر ئەکەین و هەموومان پێکەوە لێرە دەمرین، خۆمان تەسلیم ناکەین.
دواى چەند جارێکى تریش هەر بە سەماعە هاوار کرا و بانگ کرا کەس نەچووە دەرەوە و گوێیان پێنەداو شەڕ دروستبوو، من لاى لاهورى شێخ جەنگى لە پاڵیابووم کە چەند جارێک تەلەفۆنى بۆ رێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ دەکرد.
لەدواى ئەوەى لاهور جەنگى وتى بەپێوە دەمرین و هەموومان تەسەورمان وابوو کە زۆر ئازایانە شەڕ ئەکات و بەڕاستى ئێمە شۆک بووین جگە لە هەنێ خەڵک لەوی بوون نە پۆڵاد نە لاهور شەڕیان نەکرد و ژوورەکەشیان پڕبوو لە عیتاد، بەڵام زۆر غەدریان کرد، گەر لە سەرەتاوە خۆیان تەسلیم بکردبایە، نە ئەو گەنجە دەکوژراو نە ئەو هەموو زەرەرەش دەکەوتەوە.
گوێم لێبوو پۆڵاد تەلەفۆنى ئەکرد، ئەیوت ستۆپ ستۆپ ئاواتى خوشکم پێوەبووە، بەس راستى نەدەکرد، خوشکەکەى سەلامەت بوو، تەلەفۆنەکەى بەردەوام بوو ئەیوت سۆرى سۆرى.
ئەوان ویستیان ئێمە بەکاربێنن، وەک دیوارێک بۆ پاراستنى خۆیان و مەسلەحەت و ماڵ و منداڵیان.
رۆژى پێنجشەم بە ئەمرى موقەدەم عەبدوڵا شەمێرانى، موقەدەم عەبدوڵا حەمە رەشید، گوتى کۆمەڵێک چەکدارى دیکەمان هاتووە بۆ سلێمانى دەڕۆن بۆلاى ئەوان سەردانیان دەکەم.
ئێوارەکەى کە رۆیشت نەگەڕایەوە، شەو کەزانیمان ئەمر قەبز بۆ لاهورى شێخ جەنگى دەرچووە، کە ئەمر قەبز دەرچووبوو، ئێمە ئیتر ئاگامان لە وەزعەکە نەبوو شەڕ دەستیپێکرد.
کە شەڕ دەستیپێکرد، هەریەکە و بەلایەکدا رۆیشت، هەندێک چوومە ماڵى شێخ لاهور، کە چوومە ماڵى شێخ لاهور هەندێک عیتاد و فیشەکم بردە سەربان بۆ ئەو کورانە کە لەسەرەوەبوون.
لەوێ کۆمەڵە پێشمەرگەیەکى خۆمانم بینى کە تاکوو ئێستا نەیانم بینى بوو، لەو ماوەى سێ چوار رۆژە کە لە سلێمانى بووم.
یەعنم لەگەڵ ئێمە نەهاتبوون، تەقریبەن لەوانەیە هەر رۆژى پێنجشەممە داخلى ئەوێ کرابوون، وە لەوێ دواى ئەو شەڕ و ئاڵۆزییە، ئێمە دەستگیر کراین.
ئێوارەکەى کە هەواڵى هاتنى، گرتنى لاهورى شێخ جەنگى دەرچوو، ئیتر ئەوان شڵەژان و ئێمەیان بانگ کردە سەرەوە، منیان بردەوە بۆ ماڵەکەى لاهورى شێخ جەنگى بینیم درۆنەکان لەسەربانن، هەموان لەسەر بان دانراون، نزیکى نۆ دانە درۆن بوو کە لەگەڵ خۆمان هێنابوومان، نۆ دانە درۆن بوو، ئەو درۆنانە چوار دانەى ئامادەکراوبوو، کە پۆینت و شتەکانیان لە هەولێرەوە لەلایەن چالاک عەلى بەکۆمپیتەرى، بە کۆمپیتەرەوە رەبت کرابوو، کە پۆینتەکانیان درابوێ، لە کۆمپیتەرى منەوە بۆ کۆمپیتەرى ئەو.
ئیتر لەوێشەوە لەشەوى هێرشەکە لە شەرەکە درۆنێک ئامادەکرا بۆ بیناى کۆنى وەزارەتى پێشمەرگە، باشە!
لەوێوە ئەویشیان بە رەبتکردنى کۆمپیتەرى من بە کۆمپیتەرى چالاک عەلى بە بەرنامە، لەوێوە ئەو تەحەکومى پێ ئەکرد و پۆینت و جى پی ئێسەکانى ئەدایێ، ئیتر لەلاى منەوە ئەو شەوە دوو درۆن فڕین، کە یەکێکیان بۆ بیناى وەزارەتى کۆنى پێشمەرگە بوو، ئەوى تریشیان بۆ دەباشان بوو.
دواى ئەوە دانەى سێەم ویستم بینێرم، نەفڕی و هەڵگەرایەوە شوێنى خۆى، ئیتر لەوێوە من وتم هیچیتر نانێرم لاهورى شێخ جەنگى گوتى بۆ؟
وتم چونکە نافڕێت و ترسی ئەوەى هەیە لێرە بتەقێتەوە و لێرە بمرین.
هەرلە شەوى شەڕەکە لە هەولێرەوە چەند درۆنى جۆرى دراگۆنى گەورەیان بۆ ئاڕاستەى سلێمانى نارد، کە لە نزیکى مەوداکەى ئەو درۆنانە بۆ 300 کیلۆ مەتر ئەڕوات، کە ئەتوانێت سێ بۆ چوار کیلۆ و نیو بۆ پێنج کیلۆ بۆمب هەڵگرێت لەگەڵ خۆى، کە خۆ کوژییە، لە هەولێرەوە ئاڕاستە کرا بەڵام نازانم بۆ کوێ ئاڕاستەکرا، چونکە پۆینتەکان لە هەولێرەوە هەرخۆى درابوو بەوێ، کە ئۆکرانیەکان پێشتر ئەو درۆنانەیان نزیکەى 15 بۆ 20 دانە دابوو بە ئەژى ئەمین.
ئیتر دواى ئەو خۆى هاتە خوارەوە، لەسەر بان ئێمەش لەسەر بان مابووینەوە، ئیتر وتمان ئێمەش ئەچینە خوارەوە، کە خۆى هاتە خوارەوە ئێمەش هاتینە خوارەوە، خۆمان نایە ناو خانووەکە و خۆمان حەشاردا.
کە خۆمان حەشاردا ئیتر دواى ئەوەى شەڕەکە گەرمتر بوو قوڵتر بوو، هیچمان لەدەست نەهاتوو خۆماندا بە دەستەوە.
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە
دواى پێنج رۆژ لە رووداوەکانى لالەزار، دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان روونکردنەوەیەکى لەبارەى قۆناغى یەکەمى لێکۆڵینەوەکان لە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو دەرەنجامانەى لە وتەى گومانلێکراوانەوە پێى گەیشتوون و بە لێکدانەوەى بەڵگەکان، پشتراستکردنەوەیەکى حاشاهەڵنەگریان هێناوەتە ئاراوە، سەبارەت بە پیلانەکان بۆ دروستکردنى ئاژاوە و ناسەقامگیریی لە رێگەى کردەى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کە یەکێک لە هەوڵەکان تیرۆرکردنى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە نووسراوێکى فەرمیدا، ئاماژەى بەوەکردووە، لاهور جەنگى بورهان لە چەند مانگى رابردوودا هەوڵێکى هەماهەنگى داوە بۆ ئاژاوە و پشێوى لە رێگەى هەڕەشەى ئاشکرا بەرامبەر هێزە ئەمنییەکان و ترساندنى هاونیشتمانییان و کارمەندە حکومییەکان، کە خۆى دەبینێتەوە لە دروستکردنى میلیشیایەکى بەرچاو و چەکدار لە ناوچەکانى نیشتەجێبوونى شارى سلێمانى.
لەبارەى هەوڵى بە ئامانجگرتنى سەرۆکى یەکێتى، دەزگاکە ئاشکرایکردووە، دواى دەستگیرکردنى دوو کەس لە 19ـى ئاب لەلایەن تیمێکى پێشەوەى پاسەوانى سەرۆکى یەکێتى لە ئۆتۆمبێلێکدا لە شەقامى مەلیک مەحمود دەرکەوت، گومانلێکراوەکان پەیوەندى تەلەفۆنى و نامە گۆڕینەوەیان لەگەڵ لاهور جەنگى و رێبوار قودرەت هەبووە، رێبوار قودرەت پسپۆڕى راهێنانى قەناس بووە و لە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان کاریکردووە.
دەزگاى ئاسایش دەشڵێت، لێکۆڵینەوەى زیاتر گەیاندوونیەتییە ئەو بڕوایەى پێنج تیمى چاودێریی دوو کەسى رێکخرابوو لەگەڵ تیمێکى دیکەى تەرخانکراو بۆ جێبەجێکردنى هێرشەکەى سەر سەرۆکى یەکێتى، جگەلەوەش دوو تیمى دیکە یەکێکیان قەناس و ئەودیکەیان تیمى کۆنترۆڵى درۆن دۆزرانەوە لە ناو یەکەکانى نیشتەجێبوون کە سەرجەمیان بە پشتگیریی راستەوخۆى لاهور جەنگى بورهان و هەماهەنگى پۆڵاد جەنگى و ئەژى ئەمین جێگیرکرابوون.
هەروەها دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە زانیارییە دەستکەوتووەکانیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەى پلانى تیرۆرکردنەکە ماوەیەکى زۆرە لە کاردا بووە و بڕیار وابووە بەردەوام بێت تاوەکو ئامانجەکەیان دەپێکن.
رونیشیکردووتەوە، زانیارییەکان پەیوەندیى راستەوخۆى ئەژى ئەمین بەرپرسى باڵاى ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە لە هەولێر نیشتەجێیە ئاشکرادەکەن بە دابینکردنى کەلوپەل و ئامێرەکان و دابینکردنى دەستە و گرووپ بۆ راهێنان و پلانداڕێژیى بۆ هەوڵى تیرۆر، ئەژى ئەمین گومانلێکراوى سەرەکییە وەک پیلانگێڕى هێرشى ساڵى 2022 بۆسەر شوێنى نیشتەجێبوونى جێگرى سەرۆکوەزیران لە هەولێر.
دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان زانیاریی دەستکەوتووە، لەبارەى دوو کۆبوونەوە لە تەمموز و ئابى 2025 کە ئەژى ئەمین و لاهور جەنگى بەشدارییان تیاداکردووە، سەرەتا گفتوگۆکان لەسەر داگیرکردنى دامەزراوە هەستیارەکانى یەکێتى و شوێنى هەستیار بە ئاسایشى ناوچەکەوە بوون، وەک قەڵاچوالان و دەباشان بە بەشداریکردنى پۆڵاد جەنگى و پشتگیریی هێزەکانى کۆکراوە و رێکخراو لەلایەن ئەژى ئەمین، هەروەها زانیاریی دەستکەوتووە سەبارەت بە کۆبوونەوەیەکى دیکە کە لە ناوەڕاستى ئابى 2025رێکخراوە و تیایدا ئەژى ئەمین گوتوویەتى " بافڵ پێویستە لەناوببرێت"
دەزگاى ئاسایش لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، ئەو کردارانەى گرتوویانەتەبەر بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکەیان، بریتییە لە گواستنەوەى چەک و دابەشکردنى بەسەر لایەنە پاڵپشتییەکانیان لە سلێمانى و دەوروبەرى، جگەلە دابەشکردنى چەک، هێزى چەکدار رێکخراو و راهێنانیان پێکراوە بە هەماهەنگى و پشتگیریی ئەژى ئەمین .
دەزگاى ئاسایش لە نووسراوە فەرمییەکەدا دەڵێت، بەهۆى زۆرى بەڵگەکان سەبارەت بە رۆڵى ئەژى ئەمین و چەند ئەفسەرێکى پەیوەندیدار بە هەمان دۆسییەوە، دادوەر فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ئەژى ئەمین و چەند ئەفسەرێکى دیکەى ئەنجوومەنى ئاسایش دەرکردووە.