
مشتومڕەکان لەسەر دەستوورى عێراق توندبوونەتەوە.
عەلى زەیدى بانگەشەى جێبەجێکردنى ماددەکانى دەستوور دەکات.
چەندین ماددەى گرنگ و پەیوەندیدار بە هەرێمى کوردستانەوە پەراوێزخراون.
دەستوور لە میدیای عێراقیدا بووەتە مژاری گەرمی ڕۆژ، بە جۆرێک وێنا دەکرێت وەک ئەوەی سەرجەم 144 ماددەکەی جێبەجێ کرابن؛ بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، 55 ماددەی دەستوور کە پەیوەندییان بە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە پشتگوێخراون و تەنیا ئەو ماددانە جێبەجێ دەکرێن کە لە بەرژەوەندیی بەغدادن.
لە ساڵی 2005، کاتێک دەستووری هەمیشەیی عێراق بە 144 ماددەوە پەسەند کرا، وەک بەڵێننامەیەک بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی و دادپەروەر دەبینرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە، زۆرێک لەو بەڵێنانە لەسەر کاغەز مانەوە و نەبوونە واقیع.
یاساناسان و چاودێران جێبەجێنەکردنی ئەو ماددانە بۆ چەند هۆکارێکی سەرەکی دەگەڕێننەوە:
پەلەپەل لە نووسینەوەدا: دەستووری ساڵی 2005 لە کەشێکی پڕ لە ناکۆکی و بە پەلە نووسرایەوە.
دەستەواژەی لاستیکی: بۆ ئەوەی پێکهاتە سەرەکییەکان (کورد، شیعە و سوننە) لەسەر دەقێک ڕێک بکەون، زۆر جار دەستەواژەی گشتی و فرەمانا بەکارهاتوون (وەک: بە هاوبەشی، بەگوێرەی یاسا، یان دەسەڵاتە هاوبەشەکان).
لێکدانەوەی سیاسی: هەرچەندە زمان و داڕشتنی دەقەکان بەشێکن لە گرفتەکان، بەڵام ڕیشەی سەرەکیی جیاوازیی لێکدانەوەکان لای بڕیاربەدەستانی بەغداد، پاڵنەری سیاسی، مێژوویی و پێکهاتەیی هەیە.
ماددەی 140 و ناوچە جێناکۆکەکان
دیارترین بڕگەی دەستوور کە وەک مەرەکەبی سەر کاغەز ماوەتەوە، ماددەی 140ـە؛ کە دەبوو تاوەکو کۆتایی ساڵی 2007کێشەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕێگەی (ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و ڕیفراندۆم)ـەوە چارەسەر بکات.
دوای نزیکەی دوو دەیە لە تێپەڕبوونی وادەکەی، هێشتا کێشەی زەویوزار و گۆڕینی دیمۆگرافی بەردەوامن.
ئەنجوومەنی فیدراڵی (ماددەکانی 48 و 65)
دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی بۆ ماوەی زیاتر لە 20ساڵ پشتگوێخراوە و یاسای تایبەتی بۆ دەرنەکراوە، لە کاتێکدا ئەم ئەنجوومەنە دەبوو ببێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان و هاوسەنگکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بودجە، مووچە و داهاتە فیدراڵییەکان (ماددەکانی 106 و 121)
بڕینی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە و دواخستنی بەردەوامی مووچە، هاوکات لەگەڵ دانەمەزراندنی دەستەی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەکان بەگوێرەی ماددەکانی 106 و 121ـی دەستوور، وێنەیەکی تاڵی لە پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دروست کردووە.
نەوت و غاز (ماددەی 112)
بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە، تاوەکو ئێستا یاسای نەوت و گاز بەگوێرەی ماددەی 112 دەرنەکراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی و قووڵبوونەوەی کێشەکانی تایبەت بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت.
هێزی پێشمەرگە و سیستمی بەرگری (ماددەکانی 9 و 121)
پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق لە ماددەی 121ـدا جێگیر کراوە، بەڵام لە پراکتیکدا لە بودجە، مووچە و پێداویستییە سەربازییەکان بێبەش کراوە. لە کاتێکدا بەرپرسانی عێراق لە لێدوانەکانیاندا پێشمەرگە بە بەشێک لە سیستمی بەرگری ناو دەبەن و لە شەڕی دژی داعشدا هاوپەیمانانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا چەکیان پێ دەدا، بەغدا ئامادە نەبووە وەک سوپای عێراق شایستەکانی خەرج بکات.
زمان، ناسنامە و هێما نیشتمانییەکان (ماددەکانی 4 و 12)
لە ژیانی ڕۆژانە و کاروباری کارگێڕیشدا، زمانی کوردی وەک زمانی فەرمیی دووەم لە زۆربەی نووسراو و دامەزراوە فیدراڵییەکاندا ڕەنگینەداوەتەوە، هەروەها سروودی نیشتمانی و دروشمی دەوڵەت هێشتا گۆڕانکاریی دەستوورییان تێدا نەکراوە تاوەکو گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکان بکەن.
دادگای باڵای فیدراڵی و دەستە سەربەخۆکان (ماددەکانی 102 تا 108)
دادگای باڵای فیدراڵی تاوەکو ئێستا بەگوێرەی یاسایەکی کۆنی پێش دەستوور (فەرمانی ژمارە 30ی ساڵی 2005) کار دەکات نەک یاسایەکی نوێی دەستووری. هاوکات پابەندبوون بە سەربەخۆیی دەستە سەربەخۆکان (وەک بانکی ناوەندی و دەستەی دەستپاکی) لاوازە.
قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران (ماددەی 132)
حکومەتی عێراق پابەند نەبووە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەی 132 و بڕیارە کۆتاییەکانی دادگای باڵای تاوانەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران، کە بە 384 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ماف، یەکسانی و نوێنەرایەتی (ماددەکانی 9، 14، 15، 19، 37، 38 و 105)
هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە پەراوێزخستن و کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد لە جومگە باڵاکانی سوپا، دامەزراوە فیدراڵییەکان و پۆستە باڵا سەربازی و دیپلۆماسییەکان، سەرباری بوونی جیاکاری لە نێوان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە پێچەوانەی بنەمای یەکسانیی هاوڵاتییان و بڕیارەکانی دادگایە.
نوێترین لێدوانى زەیدى لەبارەى کێشەکان: کورد بەشێکى ڕەسەنی گەلی عێراقە
