ئەمساڵ 2 هەزار و 860 ئاگر لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە

کەناڵ8 31/08/2025
وێنەیەک لە ئاگری دارستانەانی پێنجوێن
وێنەیەک لە ئاگری دارستانەانی پێنجوێن

ئەمساڵ 20 ئاگر لە سنووری پێنجوێن کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە رووبەرێکی زۆر لە دارستان و پوش و پاوان سووتاون، لە هەرێمی کوردستانیش لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا، دوو هەزار و 860 ئاگر لە دارستان و کێڵگە و باخ و شوێنەگشییەکان و ناو ماڵەکاندا کەوتوونەتەوە، پسۆڕێکی ژینگەیش هۆشداریی دەدات لە مەترسییەکانی ئاگرەکان بۆ ژینگە و داوای بوژاندنەوەی دارستانەکان دەکات.

لە رۆژی 27ـی ئەم مانگەوە ئاگر لە بەشێک لە چیاکانی پێنجوێن کەوتەوە و دوای زیاتر لە 72 کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا، بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە هەزار و 500 دۆنم دارستان و پوش و پاوان سووتا. بەرگریی شارستانی پێنجوێنیش رایگەیاند، ئەمساڵ لە سنووری پێنجوێن 20 ئاگر کەوتووەتەوە و بەهۆیانەوە هەزاران داری بەرداری وەک مازوو و قەزوان و بەڕوو سووتاون.

بەنداو و پۆند زیانی ئاگرەکان کەم دەکتەنەوە

دکتۆر نەریمان ساڵح، پرۆفیسیۆر لە بایۆتەکنەلۆجی رووەک و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، لە بەرنامەی رۆژی8ـی کەناڵ8 رایگەیاند، ئاگر ژینگە دەشێوێنێت و دەبێتە هۆی کۆچکردنی باڵندە و ئاژەڵەکان، هەروەها زیان بە خاک دەگەیەنێت.

راشیگەیاند، دەکرێت دوای ئاگرەکان ژیان بۆ دارستانەکان بگەڕێندرێنەوە بەهۆی دروستکردنی بەنداو و شوێنی فراوانی گلدانەوەی ئاو، لەبەر ئەوەی زیانی ئاگرەکە لەسەر خاک کەمدەکاتەوە.

چاندنی داری بەڕوو بۆ ژینگەی ناوچەکە گرنگە

ئاماژە بەوەشدەکات، کە بەشێک لە دارەکان بەهێزن و دوای سووتانیش زیندوو دەبنەوە و نمونەی داری بەڕوو دەهێنێتەوە کە دارێکی بەهێزە، بەرگەی سووتان دەگرێت و دوای سووتانیش توانای سەوزبوونەوەی هەیە، بەڵام داری سنەوبەر زوو دەسووتێت و بەهۆی ئەو شیلەیەی لە دارەکەدا هەیە زیانی ئاگرەکە زیاد دەکات و یارمەتیی سووتان دەدات، بۆیە پێشنیاز دەکات چاندنی داری بەڕوو لە دارستانەکان زیادبکرێت.

لە پارێزگای دهۆک 870 ئاگر کەوتووەتەوە

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و 860 ئاگر لە دارستان و کێڵگە و باخ و شوێنەگشتییەکان و ناو ماڵەکاندا کەوتووەتەوە، لە دهۆک 870 ئاگر کەوتووەتەوە، گەورەترینیان سوتانی دارستانی زاوێتە بوو كە زیاتر لە 150 کارمەندی بەرگریی شارستانی لە کوژانەوەی ئاگرەکەدا بەشداربوون و هێزی پێشمەرگە و پۆلیسی دارستانیش بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە خرانە ئامادەباشییەوە.

لە پارێزگای هەولێر هەزار و 11 ئاگر کەوتووەتەوە

لە هەولێریش 1011 ئاگر کەوتووەتەوە، کە 230 ئاگریان لەماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون کەوتوونەتەوە و 193 ئاگریان گڕگرتنی دارستان و پوش و پاوان بووە و 141یان سووتانی ئۆتۆمبێل بووە.

لە پارێزگای سلێمانی 783 ئاگر کەوتووەتەوە

لە سنووری پارێزگای سلێمانی 783 ئاگر کەوتووەتەوە، گەورەترینیان ئاگرەکەی قەرەداغ بووە.

لە پارێزگای هەڵەبجە 176 ئاگر کەوتووەتەوە

هەروەها لە هەڵەبجەش لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا نزیکەی 176 ئاگرکەوتووەتەوە و گەورەترینیشیان ئەو ئاگرەیە،  کە لە شاخ و باخەکانى ناوچەی کۆکۆیی لە سنووری چنار و مۆردینی هەڵەبجە کەوتووەتەوە.

کەناڵ8

31/08/2025