ترەمپ لە میانی گفتوگۆکانی ئەمریکا و چین: رێککەوتنێک کراوە و گەنجەکانمان دڵخۆش دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لۆگۆی پلاتفۆرمی تیکتۆکدا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لۆگۆی پلاتفۆرمی تیکتۆکدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنێکی لەگەڵ "کۆمپانیایەکی دیاریکراو" راگەیاند، لەکاتێکدا گفتوگۆکانی ئەمریکا لەگەڵ چین بەردەوامە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی هەردوو وڵات سەبارەت بە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروت سۆشیال نووسیویەتی :"رێکەوتنێک لەسەر کۆمپانیایەکی 'دیاریکراو' کراوە کە گەنجانی وڵاتەکەمان زۆر دەیانویست بیپارێزن". هەروەها وتیشی کە "زۆر دڵخۆش دەبن".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی هەینی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین گفتوگۆ دەکات.

وتەکانی ترەمپ لەکاتێكدایە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە، 15ـی ئەیلولی 2025، رایگەیاند ئەمریکا و چین گەیشتوونەتە "چوارچێوەیەک" بۆ ئەنجامدانی رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی چین، تاوەکو تیکتۆک لە ئەمریکا بەردەست بێت.