.jpg)
پچڕانێکی تەکنیکیی بەرفراوان لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕوویداوە.
مایکرۆسۆفت: هیچ ئاماژەیەک نییە گرفتەکە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە دروست بووبێت.
ملیۆنان کەس لە کاتی بەکارهێنانی ئیمەیڵ و ئەپەکانی ئەو کۆمپانیایەدا ڕووبەڕووی گرفت بوونەوە.
کارکردنی بانکەکان، دەزگاکانی حکومەت و هێڵە ئاسمانییەکانی لە زیاتر لە 70 وڵات پەکخست.
ئەمڕۆ هەینى، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕوونیکردەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە لەسەر ئەوەی پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە ڕوویدابێت.
ئاگاداری ئەوەن بەکارهێنەران لە کیشوەری ئەمریکا ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە لە کردنەوەی سندوقی ئیمەیڵەکانیان.
سەرقاڵی چاککردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانن.
بەشێک لە ژێرخانی تەکنیکییان فشارێکی زۆری لەسەرە کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەو کێشانە.
کاریگەریی کردووەتە سەر ئەپڵیکەیشنەکانی مایکرۆسۆفت 365.
لەوانەش ئاوتلوک و تیمز
بە هەموو توانایانەوە کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان.
ماڵپەڕی داوندیتێکتەر، کە چاودێریی پچڕانی خزمەتگوزارییە ئۆنڵاینەکان دەکات، لە ماوەی نزیکەی کاتژمێرێکدا لە بارەی لە کارکەوتنی خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفت، لە 74 وڵات و ناوچەی جیاوازەوە ڕاپۆرتی بەکارهێنەرانی پێگەیشت.
بەشێک لە بەکارهێنەران باسیان لە گرفتی ناردن و وەرگرتنی ئیمەیڵ کردووە و هەندێکی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە ئەپی ئاوتلوک بە تەواوی لەکارکەوتووە، هەروەها گرفتی هاوشێوە لە ئەپی تیمز تایبەت بە پەیوەندیکردن و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەکو یاریدەدەری زیرەکی کۆپایڵەت تۆمار کراون.
مایکرۆسۆفت ئەوەشی خستەڕوو دوای ئەوەی بەشێک لە سێرڤەرەکان دووبارە خراونەتەوەکار، لەگەڵ گەڕانەوەی فشاری بەکارهێنەران دووبارە لەکار کەوتوونەتەوە.
لە نوێترین زانیاریشدا کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە ئەنجامی چاوەڕوانکراویان نەبووە و لە ئێستادا بەدوای ڕێگەی دیکەدا دەگەڕێن بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ دۆخی ئاسایی.