
پاش ئەوەی رۆژی چوارشەممە کۆنگرێسی ئەمريکا درێژکردنەوەی بودجەی فيدراڵیی وڵاتەکەی پەسەند نەکرد و بەهۆيەوە زۆرينەی دامەزراوە فیدراڵییەکان دووچاری داخستن بوونەوە و کارەکانیان وەستا.
ئەوە يەکەم شەتداونی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکایە لەدوای 2018ەوە، ئەو کاتەی يەکەم خولی سەرۆکايەتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا بوو، کە زۆرترين ماوەی داخستن بوو، 34 رۆژی خاياند و تاوەکو سەرەتای 2019 بەردەوامبوو، داخستنی حکومەتی ئەمريکا بە واتای راگرتنی سەرجەم کارەکانی حکومەتی فیدراڵی دێت لە پێدانی مووچەی کارمەندەکانی و خەرجييە فيدراڵييەکان.
شەتداونی حکومەت، رێکارێکی کاتییە و لە ئەمریکا بەگوێرەی یاسایی داخستنی حکومەت، کارمەند یان فەرمانبەرانی حکومەت مۆڵەتی کاتی و بێ مووچەیان پێدەدرێت.
بەڵام پێویستە ئەوە بزاندرێت داخستنی حکومەت هەموو فەرمانبەرێکی حکومیی ناگرێتەوە، وەکو پۆلیس و کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەوانیش بێ مووچە کار دەکەن، تاوەکو حکومەت کارا دەبێتەوە.
ئەگەر کۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران + ئەنجومەنی پیران) نەتوانێت لەسەر بودجەیەکی فیدراڵی یان درێژکردنەوەیەکی کاتیی بودجە رێکبکەوێت، حکومەت بە یاسایی دەسەڵاتی خەرجکردنی پارە لەدەست دەدات.
بەگوێرەی یاسا، کاتێک بودجە نییە، دەزگا فیدراڵییەکان دەبێت هەموو کارە "نا-پێویستەکان" رابگرن تاوەکو کۆنگرێس پڕۆژە یاسایەک پەسەند دەکات.
کەواتە داخستنی حکومەت لە بنەڕەتدا رێگایەکە بۆ ناچارکردنی رێککەوتنی سیاسی لەسەر بودجە، هەر پارتێک هەڕەشەی داخستنەکە وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی سازش.
کاتێکیش پرسەکە دێتە سەر خاڵە ناکۆکەکان بێگومان، خاڵی سەرەکیی ناکۆکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پرسی خەرجییەکانی چاودێرییە، لەم نێوەندەدا دیموکراتەکان دەیانەوێت مۆڵەتی باج لە چوارچێوەی یاسای چاودێریی تەندروستی درێژ بکرێتەوە، کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکاریی بۆ ملیۆنان ئەمریکی دابینکرد لەڕێگەی بیمەی تەندروستییەوە، هەرچەندە وا بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ، ماوەی ئەو رێکارە بەسەربچێت.
کاریگەریی لەسەر کارمەندانی فیدراڵی و خزمەتگوزارییەکان
سەدان هەزار کارمەندی فیدراڵی بۆ ماوەیەکی کاتی پشوویان پێدەدرێت (دەگەڕێندرێنەوە ماڵەوە بەبێ مووچە).
کارمەندانی یەکەی سەربازی، هاتووچۆی ئاسمانی، ئاسایشی سنوورەکان، نەخۆشخانەکان) دەبێت بەردەوام بن لە کارکردن بەڵام مووچەکانیان دوا دەکەوێت تاوەکو داخستنەکە کۆتایی دێت.
پارکەکان، مۆزەخانەکان، کتێبخانەکان و زۆرێک لە نووسینگەکانی حکومەت دادەخرێن.
پڕۆسەی وەرگرتنی پاسپۆرت، ڤیزا، مۆڵەت، و مۆڵەتی بازرگانی خاو دەبێتەوە یان دەوەستێت.
دادگاکانی فیدراڵی، توێژینەوە زانستییەکان، و پشکنینەکان رادەگیرێن.
کارمەندانی فیدراڵی بەهۆی نەبوونی مووچەوە رووبەڕووی کێشەی نەدانی قەرزەکانیان دەبنەوە.
کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانییە ناوخۆییەکان لە نزیک فەرمانگە حکومییەکان زەرەرێکی زۆر دەکەن.
داخستنێکی درێژخایەن (وەک داخستنەکەی 34 رۆژەی ساڵی 2018–2019) دەتوانێت ملیاران دۆلار زیان بە ئابووریی ئەمریکا بگەیەنێت.
فەرمانگەی بودجەی کۆنگرێس رایگەیاندووە، نزیکەی 750 هەزار فەرمانبەر دەنێردرێنەوە ماڵەوە، بەڵام ئەوانەی کە لە دەزگا خزمەتگوزارييەکاندا کاردەکەن، ناچارن بەبێ مووچە کاربکەن.
بەگوێرەی یاسای فیدراڵی، هەموو فەرمانبەران مووچەکانيان بۆ پاشەکەوت دەکرێت و پاش کردنەوەی حکومەت، وەريدەگرنەوە، فەرمانگەی بودجەی کۆنگرێسيش دەڵێت، "قەرەبووکردنەوەی ئەو فەرمانبەرانە 400 مليۆن دۆلاری پێویستە".
خەڵک زۆرجار یەکێک لە پارتەکان زیاتر لەوی دیکە تاوانبار دەکەن، بەگوێرەی ئەوەی چ پارتێک رێگرە لە سازشکردن
داخستنەکان زیان بە وێنەی حکومەتی ئەمریکا دەگەیەنن وەک حکومەتێکی جێگیر و متمانەپێکراو، بەتایبەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
پڕۆسەی بودجەی ئێستا لە ساڵی 1976 دامەزراوە. لەو کاتەوە، حکومەت 20 کەلێنی دارایی هەبووە، کە بووەتە هۆی 10 جار داخستن لە سێکتەرەکانی حکومەتدا.
کەلێنی دارایی کاتێک روودەدات کە کۆنگرێس مۆڵەتی دیاریکراو بۆ تێپەڕاندنی بودجە یان پڕۆژە یاسایەکی خەرجکردنی کاتی لەدەست دەدات و حکومەت بێدەسەڵات دەبێت لەرووی یاساییەوە بۆ خەرجکردنی پارە.
پێش ساڵانی هەشتاکان، کەلێنە داراییەکان بەزۆری نەدەبوونە هۆی داخستنی حکومەت و دەگوترا دەزگاکان با هەر بەردەوام بن لەکارکردن بەو گریمانەیەی کە لەماوەیەکی کەمدا بودجە دەگەڕێندرێتەوە.
دوا داخستنی حکومەت لە کانوونی یەکەمی 2018 و کانوونی دووەمی 2019 روویدا دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی خۆیدا و سیاسەتمەدارانی دیموکراتەکان تووشی بنبەست بوون لەسەر داواکارییەکی ترەمپ بۆ دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک.
درێژترین داخستن لە مێژووی ئەمریکادا ماوەی 35 رۆژی بوو، لە 22ی کانوونی یەکەمی 2018 تاوەکو 25ی کانوونی دووەمی 2019، کاتێک ترەمپ رایگەیاند، گەیشتووەتە رێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ سەرکردەکانی کۆنگرێس بۆ کردنەوەی حکومەت بۆ ماوەی سێ هەفتە لە کاتێکدا دانوستانەکان لەسەر دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک بە بڕی پێنج ملیار دۆلار لەسەر بودجەی حکومەت بەردەوام بوو ئەمەش داوایەک بوو کە دیموکراتەکان دژی بوون.
داخستنەکان بە شێوەیەکی گشتی کاتێک چارەسەر دەبێت کە کۆنگرێس بودجەیەکی کاتی و کورتخایەن دابینبکات لە کاتێکدا دانوستانەکان بۆ بودجەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبن. لە ساڵی 1990ەوە، هەموو داخستنەکان لە رێگەی تێپەڕاندنی بڕیارێکی کاتی کۆتاییان هاتووە.
