رێژەی خوێ بەراورد بە ساڵی رابردوو 11 هێندە زیادیکردووە

کەمبوونەوەی ئاستی ئاو و زیادبوونی رێژەی خوێ، تەنگی بە هاوڵاتییانی باشووری عێراق و ئاژەڵ و باڵندەکانیش هەڵچنیوە.

نەمانى ئاوى سەر زەوى و ژێر زەوى هۆکارن

ئەمساڵ بۆ عێراق بە یەکێک لە خراپترین ساڵەکان دادەنرێت، بەهۆی وشکەساڵی و کەمی ئاو، کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، کە بەهۆی کەمیی بەردانەوەی ئاوەوە لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دروستبووە.

27 هەزار بەش لە ملیۆنێک زیادیکردووە

کەمیی ئاو، کاریگەری لەسەر زیادبوونی رێژەی خوێ هەبووە، بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، لە 23ی ئەیلولی رابردوو، رێژەی خوێ لە سەنتەری پارێزگای بەسڕە گەیشتووەتە 29 هەزار بەش لە ملیۆنێک، بەڵام ساڵی رابردوو، لە هەمان بەرواردا، رێژەی خوێ لە هەمان ناوچە دوو هەزار و 600 بەش بووە.

هاووڵاتیان: حکومەت کەمتەرخەمە

هاووڵاتییەکى دانیشتووى بەسڕە دەڵێت "لە باشوورەوە ئێران و لە باکووریشەوە تورکیا ئاویان لێمان گرتووەتەوە، ئاومان نییە، ئێمەش وەک عێراق کەمتەرخەمین، چونکە حکومەتەکەمان گرنگییەکی ئەوتۆ بە ئاو نادات، ئایا دەزانیت هەندێک کات لافاو لە بەغداد روودەدات، بەڵام بۆچی ئەو ئاوانە گل نادرێنەوە، بۆچی بەنداو درووست ناکرێت؟ ئەمەش کەمتەرخەمیی حکومەتە.

دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، پێشتر ئاستی ناوەندی رێژەی خوێ لە ئاودا بە سێ بۆ 10 بەش لە ملیۆنێک دیاریکردووە، دەشڵێت ئەو ئاوەی 35 بەش لە ملیۆنێک زیاتر خوێی تیادا بێت، هاوشێوەی ئاوی زەریاکانە.

بووەتە هۆى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى پێست

زیادبوونی رێژەی خوێ لە ئاودا، بەشێک لە دانیشتووانی پارێزگای بەسڕەی تووشی نەخۆشی پێست کردووە، هاووڵاتییەکى دیکەى دانیشتووى بەسڕە، دەڵێت "هەموویان تووشی گرفتی پێست بوون، ئاوەکەمان زۆر خراپە، ئەم کچە سێ ساڵانەم تووشی نەخۆشی پێست بووە، نەخۆشییەکە تەواوی جەستەی گرتووەتەوە، تەنانەت سەریشی گرتووەتەوە، ئاوەکەمان یەک پارچە خوێیە".

حکومەت چى دەڵێت"

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرایکردووە، ماوەی 89 ساڵە رێژەی خوێ لە ئاودا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستا هەیە.

بەگوتەی حسێن ئەبو تەبێخ، سەرۆکی کۆمەڵەی زۆنگاوەکانى عێراق، "ژیانی خەڵک زۆر سەخت بووە، تەنانەت بەهۆی خراپیی و سەختی ژیانەوە، خەڵکانێک تووشی گرفتی دەروونی بوون"، سەردانی مەیدانی ئەو ناوچانەمان کردووە، بەهۆی سەختی گوزەرانی خەڵکەوە، گوێبیستی چەندین گرفت دەبێت، تەنانەت چەندین حاڵەتی تووشبوونی بە نەخۆشیی دەروونی تۆمارکراوە بەهۆی سەختی ژیانەوە، چونکە دانیشووانی ئەم ناوچانە پشت بە بەرووبوومی کشتوکاڵی یان ڕاوەماسی دەبەستن وەک سەرچاوەی بژێوی".

ئامارەکان چى دەڵێن

بەگوێرەى ئامارەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، نزیکەی 170 هەزار کەس لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەهۆی ژینگە و ووشکەساڵی و زیادبوونی رێژەی خوێ لە ئاودا کۆچیان کردووە.

هەرچەندە حکومەتی عێراق چەند رێکارێکی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی خوێ لە ئاوی بەسڕە گرتووەتەبەر، بەڵام هەرچەند ئاستی بەردانەوەی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات کەمبێتەوە، هێندەی دیکە رێژەی خوێ لە ئاوی شەتولعەرەب زیاتر دەبێت.