قەرزی کۆمپانیاکانی مۆبایل لە عێراق 429 ملیار دیناری تێپەڕاند
لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات، کۆی قەرزی کەڵەکەبووی سەر کۆمپانیاکانی تۆڕەکانی مۆبایل گەیشتووەتە 429 ملیار دینار و جەخت دەکاتەوە، لەسەر پێویستیی وەرگرتنەوەی ئەم پارەیە بۆ زیادکردنی داهاتی گشتیی وڵات.
کۆڕەک تێلیکۆم؛ 20 ساڵە هیچ قەرزێکی نەداوەتەوە
زوهێر عەبدوڵا فەتلاوی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان، ڕایگەیاند" کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم لە ساڵی 2004ـەوە هیچ بڕە قەرزێکی نەداوەتەوە بە حکومەت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێکارەکانی ئێستا بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکان سنووردارن و تەنیا پچڕاندنی پەیوەندییەکانی کۆڕەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەدا بەس نییە.
ئاسیاسێڵ و عێراقنا؛ دوو ساڵە پارەیان نەداوە
بەگوێرەی قسەکانی ئەو ئەندام پەرلەمانە، کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و عێراقنا کۆتا جار لە ساڵی 2022 بڕی 376 ملیار دیناریان وەک قەرز گەڕاندووەتەوە، بەڵام بۆ ساڵانی 2023 و 2024 هیچ بڕە پارەیەکیان نەداوە.
41 ملیۆن بەشداربوو بەرامبەر داهاتێکی کەم بۆ دەوڵەت
لیژنەکەی پەرلەمان ئاشکرای کردووە، ژمارەی بەشداربووانی تۆڕەکانی مۆبایل لە عێراقدا گەیشتووەتە 41 ملیۆن و 350 هەزار بەشداربوو. لیژنەکە بڕوایوایە ئەم ژمارە زۆرەی بەکارهێنەران دەبێت ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لە زیادکردنی داهاتی دارایی بۆ گەنجینەی دەوڵەت، نەک تەنیا قازانجی کۆمپانیاکان.
هەوڵەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری بەردەوامە
لەکۆتاییدا، لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکان دووپاتی کردەوە، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ باشترکردنی کوالێتیی هێڵەکانی پەیوەندی و فراوانکردنی تۆڕەکان بۆ گەیاندنیان بە ناوچە دوورەدەستەکانیش.
30/10/2025