
حکومەتى عێراق پلانى هەیە بە گومانى دزینى نەوت 300 کێڵگەى نهێنى بپشکنێت.
لە دواى ساڵى 2003ەوە زیانەکانى بە قاچاخبردنى نەوت گەیشتووەتە 150 ملیار دۆلار.
دواى دۆسییەکانى گەندەڵى دارایی و گەڕاندنەوەى زیاتر لە دوو ترلیۆن و 682 ملیار دینار و 781 ملیۆن دۆلار، دۆسییەى کونکردنى بۆرییەکانى نەوت و بە قاچاخبردنى نەوتەکەى، بوونەتە ئەجێنداى سەرەکیى کاری حکومەت.
حکومەتى عێراق، بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسییەى بە قاچاخبردنى نەوت لە جورفلسەخرەوە دەستیپێکرد.
دواى یەک ڕۆژ لە نەجەف کێڵگەیەکى دزینى نەوت ئاشکرا کرا.
سەرۆک هۆزێکى دیارى نەجەف، ماوەى 12 ساڵە بۆرییەکى نەوتى کونکردووە.
بە بۆریى نەوتى بە قاچاخبردووە و فرۆشتوویەتى.
ئەم سەرۆکهۆزە برایەکى بە ناوى عەبدولهادى حەسناوى لە فراکسیۆنى هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى محەممەد شیاع سوودانى پەرلەمانتارە.
برایەکى دیکەشى بە ناوى محەممەد حەسناوى ئەندامى لیژنەى وزەیە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەجەف.
هەردووکیان فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
بە گوێرەى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان هەردووکیان هەڵاتوون و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون.
لە ناوەڕاستى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا70 بەرپرس لەسەر دۆسییەکانى پەیوەست بە گەندەڵیى نەوت دەستگیرکراون، ئێستا پەنجەى تۆمەت و ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن بەرپرسیارێتیى بەشێک لە بەردەوامیى پرۆسەکانى بەقاچاخبردنى نەوت بخرێتە ئەستۆى وەزیرى نەوت، بەو پێیەى سیستمى پێوانە و کۆنترۆڵ هەیە و پێویستە هەر کەمبوونەوەیەک لە بڕى نەوتى خاوى گواستراوە ئاشکرا بکات.
هەروەها دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى لە ئەیلوولى ڕابردوو، چوار کەسى دەستگیرکرد، کە باندێک بوون و لە دوو شوێن بۆریى گواستنەوەی نەوتیان کونکردبوو لە ڕێگەى تۆڕێکى بۆرییەوە نەوتیان بردبوو.
بە گوێرەى لێکۆڵینەوەکانى دەزگاى ئاسایشى نیشتمانى، باندەکە مانگانە500 ملیۆن دیناریان لە پڕۆسەى بە قاچاخبردنى نەوت دەستدەکەوت.
ڕۆژنامەى مەدا ئاشکرایکردووە، پلانێک هەیە بۆ هەڵکوتانە سەر هەموو ئەو کێڵگە نهێنییانەى گومان دەکرێت کەسانى داواکراو و پارەى گرووپەکانى تێدا بێت، ژمارەى کێڵگەکان دەگاتە 300 کێڵگە، کە زۆرینەیان لە بەغداد و ئەوانى دیکەش لە پارێزگاکانى سەڵاحەدین، نەینەوا، واست، میسان، دیوانیە و دیالەن.
بە گوتەى شارەزایان، لە حەوت ڕێگەوە قاچاخچێتى کراوە کە دیارترینیان بردنى نەوتى خاو و بە قاچاخبردنیەتى لە بۆرى و کۆگاکان و دووبارە بە قاچاخبردنى سووتەمەنیى هاوردەکراو بۆ وڵاتانى دراوسێ، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکى فەرمى لە بارەى زیانەکان لە بەردەست نییە، بەڵام پسپۆڕان مەزەندە دەکەن لە ساڵى 2003ەوە تاوەکو ئێستا بگاتە 120 بۆ 150 ملیار دۆلار بە تێکڕاى سێ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.
حکومەتى عێراق: دوو ترلیۆن و 682 ملیار و 781 ملیۆن دینار لە گەندەڵکاران وەرگیراوەتەوە
.jpeg)
