.jpeg)
وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، لە سبەیەوە دەستدەکەن بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست.
بەهۆی کەمی پارەی نەختینەوە دابەشکردنی مووچەکە پێنج ڕۆژی پێدەچێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی ١٠)ی مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە لەدوای ڕێکەوتی (1ی تەمموزی 2024) بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەت دامەزراون.
شایستە داراییەکانی سەرجەم ئەم مامۆستا و فەرمانبەرانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
پرۆسەکە لە ڕۆژی سێشەممە 24ی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات و ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت تاوەکو سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی لە تێبینییەکدا هۆکاری دابەشکردنی مووچەی ئەم توێژانەی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ڕوونکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی دابەزینی ئاستی داهاتی ناوخۆ و کەمیی پارەی کاش (نەختینە) لە بانکەکاندا، ناتوانرێت مووچەکانیان لە یەک ڕۆژدا بدرێت و دابەشکردنەکە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی کێشەی بەردەوامی نەختینە و داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دێت. بەپێی ڕێککەوتن و ڕێنماییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی فیدراڵیی عێراق تەنها مووچەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە خەرج دەکات کە پێش ناوەڕاستی ساڵی 2024 ناویان لە لیستی بایۆمەتری و میلاکاتدا تۆمار کراوە. بەهۆی ئەمەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی دابینکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و دامەزراوە نوێیەکانی دوای (1ی تەمموزی 2024)ی گرتووەتە ئەستۆ لەسەر داهاتی ناوخۆ، ئەمەش زۆرجار بەهۆی کورتهێنانی داهاتی ناوخۆ و قەیرانی نەختینە لە بانکەکاندا، دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان یان دابەشکردنی بە شێوەی پچڕپچڕ و لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا.
