هۆشداری لە پیسبوونی بەردەوامی هەوای تاران دەدرێت؛ هەوای تاران ناتەندروستە
دەزگای کوالێتیی کۆنترۆڵی هەوای تاران هۆشداری لە پیسبوونی هەوای پارێزگاکە دەدات و ڕایگەیاند، هەوای تاران لە دۆخی پرتەقاڵیدایە و بۆ هەموو گرووپە هەستیارەکان مەترسیدارە.
هەوای تاران ناتەندروستە
کوالێتیی کۆنترۆڵی هەوای تاران دەڵێت، ڕێژەی کوالێتیی هەوای پارێزگاکە، گەیشتووەتە پلەی 111، بەوەش هەوای پارێزگای تاران لە دۆخی پرتەقاڵی و ناتەندروستدایە.
دووکەڵی کارگە و ئۆتۆمبێل
دووکەڵی کارگەی یەکە پیشەساییەکان و بوونی ئۆتۆمبێلی زۆر، بە هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوای پارێزگای تاران دادەنرێت.
هەوای ئەمڕۆش ناتەندروستە
کوالێتی کۆنترۆڵی هەوای تاران دەشڵێت، ئەمڕۆ هەینی 7ـی تشرینی دووەم، هەوای تاران بۆ گرووپە هەستیارەکان، ئەوانەی نەخۆشیی دڵ و سییەکانیان هەیە و هەروەها بۆ بەساڵاچووان و منداڵانیش ناتەندروستە.
تەنیا شەش ڕۆژ پاکبووە
بەگوێرەی دەزگای کوالێتیی کۆنترۆڵی هەوای تاران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هەوای ئەو شارە تەنیا 6 ڕۆژ پاکبووە، 92 ڕۆژ نا تەندروست بووە بۆ هەموو گرووپە هەستیارەکان و دوو ڕۆژیش دۆخ سوور بووە و زۆر مەترسیداربووە.
هەوای سێ پارێزگاش لە دۆخی سووردایە
مانگی رابردوو، دەزگای کوالێتی کۆنترۆڵی هەوای ئێران هۆشداری لە پیسبوونی هەوای سێ پارێزگای وڵاتەکەی دا و ڕایگەیاند، پارێزگاکانی ئیسفەهان، خۆراسانی رەزەوی، خوزستان کەوتوونەتە دۆخی سوورەوە.
ساڵانە 50 هەزار گیانلەدەستدان
وەزیری تەندروستیی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، ساڵانە 50 هەزار کەس لە ئێران بە هۆکاری پیسبوونی هەوا گیانلەدەستدەدەن و ساڵانە نزیکەی 155 هەزار کەس لە ئێران تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبن، کە هۆکارى سەرەکیى پیسپوونى ژینگە و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوای ئەو وڵاتەیە.
07/11/2025