چوار عەشیرەتی سنووری بادینان بەهۆی دەرنەچوونی بەربژێرێکیانەوە گردبوونەوە
لە دژی دەرنەچوونی بەربژێرەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لایەنگرانی چوار عەشیرەتی سنووری بادینان گردبوونەوە و بەشێک لە رێگای شارەکانیان بەڕووی پارێزگای دهۆکدا داخستووە و کەمێک پێش ئێستا رێگاکەیان کردەوە.
سەدان ئەندام و پشتیوانی عەشیرەتی گۆران
لە دژی دەرنەچوونی بەربژێرێکی عەشیرەتەکەیان، سەدان پشتیوان و ئەندامی عەشیرەتی گۆران لە شارۆچکەی بەردەڕەشی سەربە پاریزگای دهۆک، گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.
رێگای هەولێر- موسڵ و هەولێر -دهۆک داخران
درەنگانی شەوی ڕابردوو، بەهۆی گردبوونەوە و ناڕەزایی عەشیرەتی گۆران، ڕێگەکانی نێوان هەولێر- موسڵ و هەولێر دهۆک کە دەکاتە سێ ڕیانێک، بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا و قەرەباڵغی دروستبوو.
هەیانە زیاد لە 26هەزار دەنگی هێناوە
ئەو بەربژێرەی دەرنەچووە، ناوی حاجی دڵدار ڕەشید گۆران'ە، بەربژێری ژمارە 13 بووە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و پاڵپشتیکارانی بۆ کەناڵ8 ئەوەیان خستەڕوو، زوڵمی لێکراوە و ڕێگە نەدراوە بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەکاتێکدا وەکخۆی دەڵێت، زیاد لە 26 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
ناڕەزایەتییان بەردەوام دەبێت
ئەوەشیان خستەڕوو، بەربژێری دیکە هەیە تەنیا بە 16 هەزار دەنگ و 12 هەزار دەنگ چووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام بەربژێرەکەی عەشیرەتی گۆران بە 26 هەزار دەنگەوە نەچووە، هەربۆیە دەڵێن، ناڕەزاییان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو بەربژێرە دەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

چەند خولێکە بەربژەکانیان دەرناچن
ئەوان نیگەرانن لەوەی چەند خولی پەرلەمانە بەربژێرەکانی عەشیرەتەکەیان دەرناچێت و ناهێڵدرێت بڕۆنە پەرلەمان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەنگەکانیان دراوەتە بەربژێری دیکە، وەکخۆیان دەڵێن.
گردبوونەوەی عەشیرەتی کۆچەر
ئەمڕۆش لە شێخان، هاوشێوەی عەشیرەتەکانی دیکە، عەشیرەتی کۆچەر لەدژی دەرنەچوونی بەربژێرێکیان کە (سەرکەوت مزەفەر)ـی بەربژێری ژمارە 29یە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێگای هەولێر – دهۆک، هەولێر – موسڵ، هەولێر- ئاکرێ'یان داخست و گردبوونەتەوە.
14 کاتژمێر گردبوونەوە

گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان هەندێک ڕێگای بە ئاراستەی دهۆک پەکخستبوو
خۆپیشاندەران کە 14 کاتژمێرە گردبوونەوە، بە کەناڵ8ـیان گوتووە؛ پێشتر دڵنیاکراونەتەوە کە بەربژێرەکەیان سەربە سنووری پارێزگای نەینەوا دەرچووە و پێیانگوتراوە ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام دواتر پێیانگوتراوە دەرنەچووە و ئێستا ئەوان ناڕازین و لە دوێنێشەوەوە گردبوونەتەوە.
پێیان گوتراوە بەربژێرەکەیان دەرچووە
ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەوان بە بەڵگەوە پێیانگوتراوە کە بەربژێرەکانیان دەرچووە و بەگوتەی خۆیان؛ نەچوونی ئەو بەربژێرە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، کەسێکی لە پشتە و ئێستاش ڕژدن لەوەی تاوەکو بەربژێرەکەیان نەچێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێگەکە چۆڵناکەن.
دەرچوونی بەربژێرەکەیان وەک "غەدر" ناو دەبەن

ڕوونیشیانکردووەتەوە، بەربژێر هەیە شەش هەزار دەنگی کەمترە لە بەربژێرەکەی ئەوان، بەڵام ئەو بەربژێرە دەرچووە و بەربژێری ئەمان دەرنەچووە کە وەک "غەدر" ناوی دەبەن و دووپاتیدەکەنەوە؛ بەربژێرەکەیان نەکرێتە پەرلەمانتار، ڕێگاکان ناکەنەوە.
ئاستەنگی هاتووچۆ دروستبووە
بەهۆی داخستی ئەو سێ ڕێگا سەرەکییەی هاتوچۆوە (ڕێگای هەولێر – دهۆک، هەولێر – موسڵ، هەولێر- ئاکرێ ) ئاستەنگی هاتوچۆ تیایدا دروستبووە و شۆفێران ڕێگای دیکەیان بەکارهێنا.
ئەو چوار عەشیرەتەی گردبوونەوە پێکهاتوون لە عەشیرەتی گۆران و کۆچەر و سلێڤان و موسەڕەش

ئەوەش لە کاتێکدایە شەوی شەوی ڕابردووش لە دهۆک ئەندامانی عەشیرەتى سلێڤانێ بەهۆی دەرنەچوونی بەربژێرەکانیان گردبوونەوە و ڕێگەى سەرەکى زاخۆ- دهۆکیان داخست.
پەیامنێرى کەناڵ8 ڕاگەیاند، ئەندامانى ئەو عەشیرەتە ماوەى دوو کاتژمێر ڕێگەکەیان داخست و ڕێگرییان لە هاتووچۆى هەزاران ئۆتۆمبێلى گەورە و بچووک کرد.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى دەرنەچوونى شێرزاد زەکەریا، کە سەربە عەشیرەتەکەیان بووە، ڕێگەی سەرەکیی زاخۆ - دهۆکیان داخستووە.
پەیامنێرى کەناڵ8 گوتیشى، لایەنگرانى ئەو بەربژێرە دەڵێن: تاوەکو بەربژێرەکەیان دەرنەچێنن ڕێگەکە ناکەنەوە.
ڕاشیگەیاند، سەرەتا پێیان گوتوون، بەربژێرەکەیان دەرچووە و ئاهەنگیان گێڕاوە، بەڵام دواتر پێیان ڕاگەیێندراوە بەربژێرەکەیان دەرنەچووە و ئەوانیش وەک کاردانەوەیەک گردبوونەتەوە و ڕێگەکەیان گرتووە.
عەشیرەتى سلێڤانێ، بە یەکێک لە عەشیرەتە ناودارەکانى سنوورەکە دادەنرێت کە لە 118 گوندى سنوورى پارێزگاى دهۆک لە دەشتى سلێڤانێیە.
13/11/2025