ڕوانگەى عێراقى سەوز: وشکەساڵی مەترسیدارترین دۆسیەى حکومەتی داهاتووە؛ ئاستی ئاو بۆ 4% دابەزیوە

کاریگەریی دابەزینی ئاستی ئاو لەسەر ژینگەی ناوچەکانی باشووری عێراق
کاریگەریی دابەزینی ئاستی ئاو لەسەر ژینگەی ناوچەکانی باشووری عێراق

ڕوانگەى عێراقى سەوز هۆشداری ئاراستەی حکومەتی داهاتووی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت، قەیرانی ئاو گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئەگەر بەجددی کاری لەسەر نەکرێت، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری هەیە.

مەترسیی خۆپیشاندان لە باشووری عێراق

ڕوانگەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا جەختی کردووەتەوە، دۆسیەی وشکەساڵی "مەترسیدارترین ئاڵنگارییە" لەبەردەم حکومەتی نوێ. بەهۆی ئەوەی زەوییەکانی باشووری عێراق ڕووبەڕووی بەبیابانبوون بوونەتەوە و ئاستەنگ بۆ پەیداکردنی ئاوی خواردنەوە دروستبووە، هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم دۆخە ڕەنگە هاووڵاتییان ناچار بکات دژی حکومەت خۆپیشاندان بکەن.

رێککەوتن لەگەڵ تورکیا ئەنجامی نەبووە

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەنقەرە، ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاشکرای کردووە، سەرەڕای ڕێککەوتنەکان، ئاستى ئاوى ڕووبارى دیجلە هیچ باشبوونێکى بەخۆیەوە نەبینیوە و هەر بە نزمی ماوەتەوە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دۆسیەی دانوستاندنەکان لەگەڵ تورکیا هیچ بەرەوپێشچوونێکی کردەیی تێدا نییە.

پێشبینییەکان هەڵە دەرچوون

ڕوانگەکە ڕەخنەی لە پێشبینییەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان گرت کە لە مانگی ئەیلوول گوتبوویان "ئەمساڵ ساڵێکی باراناویی دەبێت". بەگوێرەی ڕوانگەکە، دواکەوتنی وەرزی بارانبارین پێچەوانەی ئەو قسانەی دەرخستووە و قەیرانەکە لەوپەڕی خراپیدایە، بەشێوەیەک ئاستى ئاو لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بۆ کەمتر لە %4 دابەزیوە و پێشبینی دەکرێت لە هاوینی داهاتوودا دۆخەکە مەترسیدارتر بێت.