وەزارەتی کارەبا: گرفتى تەکنیکى لە کێڵگەى کۆرمۆر دروستبووە
وەزارەتی کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕاگەیێنراوێکى لە بارەى کەمبوونەوەى کارەبا بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەهۆى گرفتى تەکنیکییەوە، بڕی 1000 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە.
گرفتى تەکنیکى لە کێڵگەى کۆرمۆر دروستبووە
وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاوبەشانى کارەبا ئاگادار دەکاتەوە، بەهۆى گرفتێکی تەکنیکییەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا گاز کەمی کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 1000 مێگاوات کارەبا.
دەشڵێت: هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ تیمەکانی دانەغاز لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.
تاوەکو ئێستا 13 جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە
کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بە شادەماری وزەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، تاوەکو ئێستا 13 جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و زیانی ماددیی ملیۆنان دۆلاری بەرکەوتووە.
گرنگیی ستراتیجیی کۆرمۆر
گرنگیی ستراتیجیی کۆرمۆر لە قەبارەی بەرهەمهێنانەکەیدایە کە سێ جۆر وزە دابین دەکات، ڕۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەمدەهێنێت (سەرجەمی بۆ کارەبا دابین دەکرێت)، هەروەها، ڕۆژانە هەزار و 100 تۆن غازی ماڵان دابین دەکات، لەگەڵ بەرهەمهێنانى 19 هەزار بەرمیل کۆندێسەیت.
پرۆژەى ڕووناکى بە گازى ئەم کێڵگەیەوە بەندە
وەستانی ئەم کێڵگەیە ژیانی خەڵک پەک دەخات، چونکە %85ـی کارەبای هەرێمی کوردستان پشت بە بەرهەمی ئەم کێڵگەیە دەبەستێت و پرۆژەى ڕووناکى بە گازى ئەم کێڵگەیەوە بەندە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارەدێى قادرکەرەم لە شارۆچکەى چەمچەماڵ، پارێزگای سلێمانی، لەساڵی 2003ـەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و لەلایەن کۆمپانیای دانەغاز و کۆمپانیای هیلالی ئیماراتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لەو بڕە دوو هەزار و 800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستانە، ئەوەشى دەمێنێتەوە ڕەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکوک و نەینەوا دەکرێت.
25/12/2025