
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، فەرمانی دا ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی مووشەک لە وڵاتەکەى "فراوان و نوێ بکرێتەوە" و کارگەی زیاتر دروست بکرێن.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریاى باکوور، بڵاویکردەوە، کیم، لەسەردانێکدا کە بەرپرسانی باڵا یاوەرییان کردووە، داوای لە کارگەکانی چەک و تەقەمەنی کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی "هێزى مووشەکى و تۆپهاوێژى".
کیم، گوتی "ئەو کارگانە پێویستیان بە بەهێزکردنى توانای بەرهەمهێنان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن داواکارییەکانی هێزە چەکدارەکان لە پیۆنگیانگ جێبەجێ بکەن و سەرپەرشتی دروستکردنی کارگەی چەک و تەقەمەنی بکەن".
سەرۆکی کۆریای باکوور بۆچوونى وابووە "کەرتی بەرهەمهێنانی مووشەک و تۆپهاوێژ زۆر گرنگە بۆ بەهێزکردنی هێزی وەڵامدانەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە پیۆنگیانگ لەم ساڵانەی دواییدا تاقیکردنەوەی مووشەکی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە.
شیکەرەوەکان بۆچوونیانوایە ئامانجی پەرەپێدانی توانا مووشەکییەکان بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و کۆریای باشوورە و هەروەها تاقیکردنەوەی چەکەکانیشە پێش هەناردەکردنیان بۆ ڕووسیا.
ڕۆژێک لەمەوبەر، میدیا فەرمییەکان بڵاویان کردەوە کە کیم جۆن ئوون، سەردانی کارگەیەکی ژێردەریایی ئەتۆمی کردووە و بەڵێنی داوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی بەرهەمهێنانی ژێردەریایی هاوشێوە ببێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت پارتی کرێکارانی کۆریا لە سەرەتای ساڵی 2026 یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ماوەی پێنج ساڵدا بکات و تیایدا سیاسەتمەدارەکان تاوتوێی پلانەکانی گەشەپێدانی ئابووری و سەربازی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو بکەن.




