پاشەکشەی کورد لە سوپای عێراق: لە هاوبەشی سەرەکییەوە بۆ ڕۆڵێکی لاوەکی
دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر دامەزراندنی عێراقی نوێدا، ئامارەکان ئاماژە بە دابەزینێکی بەرچاو دەکەن لە ڕێژەی بەشداریی کورد لە ڕیزەکانی سوپای عێراقدا. سەرەڕای ئەوەی کورد یەکێک بوو لە داڕێژەرانی بنەماکانی سوپای نوێ، بەڵام لە ئێستادا ڕۆڵەکەی لە ڕۆڵێکی سەرەکییەوە بۆ مامناوەند و دواجار بۆ ڕۆڵێکی لاوەکی گۆڕاوە، ئەمەش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە پاراستنی مافە دەستوورییەکان لە جومگە ئەمنییەکاندا.
بنەما دەستوورییەکانی سوپا
سوپای عێراق پاڵپشت بە دەستووری هەمیشەیی و بە دیاریکراوی بەندی یەکەم لە مادەی 9 دامەزراوەتەوە. دەستوور جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکان دەبێت لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق پێکبێن بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی و ڕێژەی نوێنەرایەتیکردن بەبێ جیاوازی. هەروەها دەستوور دووپاتی کردووەتەوە کە سوپا لەژێر دەسەڵاتی مەدەنی دەبێت، نابێت ببێتە ئامرازی داپڵۆسین، دەست وەرناداتە کاروباری سیاسی و نابێتە بەشێک لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، هاوکات دروستکردنی میلیشیا لە دەرەوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغەکراوە.
هاوکێشەی ڕێژەکان؛ لە 32%ـەوە بۆ کەمینە
لەسەرەتای پرۆسەی بنیاتنانەوەی سوپا، لەسەر پێشنیازی سەرۆک مام جەلال ڕێککەوتن کرابوو کە سوپا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت: 32% بۆ شیعە، 32% بۆ سوننە و 32% بۆ کورد، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ پێکهاتەکانی دیکە.
لەو قۆناغەدا، دوو لیوای سوپا (لیوای 7 و 11) بە تەواوی کورد بوون و لیوای 12ـیش لیوایەکی هاوبەش بوو. بەڵام دۆخی ئێستا پێچەوانە بووەتەوە؛ بوونی کورد لەناو یەکەکانی سوپا پەرش و بڵاوە و ڕێژەکەی زۆر کەمبووەتەوە.
لەدەستدانی پۆستە باڵاکان
دابەزینی پێگەی کورد تەنها لە ژمارەی سەربازەکاندا نییە، بەڵکو پۆستە باڵاکانیشی گرتووەتەوە:
لە کۆی 14 فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان، هیچ فەرماندەیەکیان کورد نین.
پۆستی سوپاسالاری عێراق کە پێشتر پشکی کورد بوو، ئێستا لەدەست کورد نەماوە.
لە پاشکۆ سەربازییەکانی باڵیۆزخانەکاندا، ڕێژەی کورد لە 30%ـەوە دابەزیوە بۆ نێوان 7% تا 10%.
کەڵەکەبوونی کێشەکان دوای 23 ساڵ
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی عێراقی نوێ بۆ 23 ساڵ، کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد تەنها لە پرسی خاک و وزەدا قەتیس نەماون. ئێستا وێڕای کێشەی ناهاوسەنگی لە بەڕێوەبردن و هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی قەوارەی هەرێم، کێشەی دارایی و مووچە بووەتە بابەتێکی ڕۆژانە و کەمبوونەوەی ڕۆڵی کورد لە سیستمی بەرگریی عێراقیشدا بووەتە بەشێک لەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی پێگەی کورد دەبێتەوە لە بەغداد.
06/01/2026