
نەشئەت شاهوێز، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاشکرای کرد، ئێستا کار بۆ کاراکردنی زیاتری لیوا هاوبەشەکان دەکەن و بەهۆی فراوانیی ناوچەکانەوە هەوڵەکان بە ئاڕاستەی زیادکردنی ژمارەی ئەو هێزانەن.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، ڕایگەیاند، ئەگەرچی لیوای هاوبەش بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی پێکهێنراوە، بەڵام هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی ئەو لیوایانە زیاتر کارا بکرێن، بە شێوەیەک بتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە بکەن کە لە سنووری کەرکووک و دەوروبەری هەن و مەترسییان دروست کردووە.
نەشئەت شاهوێز، بۆ کەناڵ8 باسی لەوەشکرد، پانتایی بۆشایی ئەمنی لە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئێجگار زۆرە و وەک پێویست خەم لەو ناوچانە نەخوراوە، هەر بۆیە لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی ژمارەی لیوا هاوبەشەکان تاوەکو بتوانن بەسەر ئەو ڕووبەرە فراوانەدا زاڵ بن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لە پەیوەندیدان و نیگەرانیی خەڵکیان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان. جەختیشی کردەوە، زۆر پێویستە لیوای هاوبەشی دیکە دروست بکرێت و پێشمەرگە و سوپا پێکەوە بتوانن پارێزگاری لەو ناوچانە بکەن و ئاسایش بۆ دانیشتووانەکەی بگێڕنەوە.