توێژەرانی نێودەوڵەتی: جەمسەری باکوور پێی ناوەتە سەردەمێکی نوێ لە ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا

کەناڵ8 09/02/2026
دیمەنێک لە شکان و توانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەری باکوور
دیمەنێک لە شکان و توانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەری باکوور

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن تیمێکی نێودەوڵەتی لە توێژەران ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری زانستی (ساێنس ئەدڤانس) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە گۆڕانی کەشوهەوا لە جەمسەری باکوور گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. توێژەران داتای 70 ساڵی ڕابردووی تایبەت بە شەپۆلەکانی گەرما، وشکەساڵی و ڕووپۆشی بەفریان شیکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە باکووری هەسارەکەمان چووەتە ناو "سەردەمێکی نوێ" لە ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا.

زیادبوونی بەرچاوی ڕووداوە توندەکان لە 3 دەیەی ڕابردوودا

بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا لە ماوەی 3 دەیەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دەرکەوتوون و ناوچەی نوێیان گرتووەتەوە. یەکێک لەو دیاردە سەرەکییانەی ئاماژەی پێکراوە، بارانبارینە لەسەر بەفر کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەوە ڕوودەدات؛ ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی بەستنی خاک و دروستکردنی ئاستەنگی گەورە بۆ ئاژەڵان لە دۆزینەوەی خۆراکدا، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی گیانلەبەرە کێوییەکان، ڕووەکەکان و ئەو کەسانەش دەبێت کە لەو جەمسەرە دەژین.

تێکچوونی هاوسەنگی کاربۆن و توانەوەی سەهۆڵبەندان

زانایان هۆشداری دەدەن کە جەمسەری باکوور بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی زەوی گەرم دەبێت. ئەم گەرمبوونە خێرایە دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و توانەوەی بەردەوامی سەهۆڵبەندە دەریاییەکان، کە دەرەنجامەکەی تێکچوونی هاوسەنگی ڕێژەی کاربۆنە لەو ناوچەیەدا. ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەرییەکی گەورە و درێژخایەن لەسەر شێوازەکانی کەشوهەوای گشتی زەوی بەجێدەهێڵن.

کەناڵ8

09/02/2026