شارا بەختیار شێخ عوسمان، کچێکى خەڵکى سلێمانییە و بەر لە سێ ساڵ باوکى بە نەخۆشییەک کۆچى دوایی کردووە کە پزیشکەکان پێیان گوتووە، هۆکارەکەى پیسبوونى ژینگە بووە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێکى دیکە بە نەخۆشییەکەى باوکى ژیانئاوایی نەکات، شارا چیکردووە؟ هەستاوە لە ساڵیادى کۆچى دوایی باوکى بە ئەندازەى ساڵەکانى تەمەنى، 64 نەمامى تووى چاندووە.
شارا بەختیار، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، باوکى تاوەکو لەژیاندا بووە، زۆر ژینگە دۆستبووە و عاشقى سروشتى کوردستان بووە، بۆیە وەک شارا دەڵێت، لەسەر هەمان ڕێچکەی باوکی بەردەوامن و لە ڕێگەى ئەم کارە بچووکەوە دەیانەوێت پەیامێکى گەورە بگەیەنن، ئەویش ئەوەیە، هەرکەسە و لاى خۆیەوە دەتوانێت کارێک بۆ ژینگە بکات و دواتر بە هەوڵى هەمووان ژینگەکەمان پاکتر و سەوزتر بێت.
گوتیشى، کاتى خۆى بەختیار شێخ عوسمانى باوکم کە ناوێکى دیاربووە لە سلێمانى لەهەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بەشداربووبێت، تەنیا خۆشەویستى و هیواى بە دەورووبەر بەخشیوە، بۆیە ئێمەش وەک منداڵەکانى دەمانەوێت بە هیواوە هەمووان هەوڵى پاکڕاگرتنى ژینگە بدەین.
شارا، لەبارەى نەخۆشییەکەى باوکى دەڵێت، باوکم بەر لە سێ ساڵ تووشى شێرپەنجەبوو، پزیشکەکان پێیان گوتین هۆکارى سەرەکیی نەخۆشییەکەى پیسبوونى ژینگەیە، شارا دەڵێت، لەبەرئەمەیە دەیانەوێت هیچ کەسێکى دیکە نەبێتە قوربانیى پیسبوونى ژینگە.