ئەمریکا 10,000 درۆنی خاوەن ژیریی دەستکرد ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

کەناڵ8 14/03/2026
سەربازێک لە کاتی هەڵدانی درۆنی پێشکەوتوو
سەربازێک لە کاتی هەڵدانی درۆنی پێشکەوتوو

بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی، واشنتن سوود لە تەکنەلۆژیایەکی نوێی سەربازی وەردەگرێت و هەزاران درۆنی پێشکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکات.

جێگیرکردنی 10,000 درۆنی پێشکەوتوو

سوپای ئەمریکا نزیکەی 10,000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی خاوەن ژیریی دەستکردی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە. ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی لە دوای دەستپێکردنی گرژی و ململانێکان لەگەڵ ئێران، دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

فڕۆکەی "مێرۆپس" بۆ ڕاوکردنی درۆن

بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ABC Newsی ڕاگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "Merops"ی لە ناوچەکە جێگیر کردووە. ئەم فڕۆکانە لەلایەن کۆمپانیای Perennial Autonomyی سەر بە ئێریک شمیت، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای گوگڵ پەرەیان پێدراوە و ئەرکی سەرەکییان ڕاوکردن و تێکشکاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دوژمنە.

تاقیکردنەوەی سیستەمەکە لە ئۆکرانیا

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، ئەم سیستەمە پێشتر لە بەرەی جەنگی ئۆکرانیادا تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. لەوێ توانراوە زیاتر لە 1,000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "شاهێد"ی دروستکراوی ئێران تێکبشکێنن کە لەلایەن سوپای ڕووسیاوە لە جەنگەکەدا بەکارهێنراون.

کەناڵ8

14/03/2026