فایەق زێدان: بڕیارى ڕاگەیاندنى جەنگ تەنیا لەدەستى دەوڵەتدایە

فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق، دەڵێت، بڕیارى ڕاگەیاندنى جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتى دەوڵەتدایە، بەگوتەی ناوبراو، تاکڕەویى گرووپە چەکدارەکان بە ڕاگەیاندنى حاڵەتى جەنگ لەڕێگەى چالاکییە سەربازییەکان، پێشێلکارییەکى ئاشکراى دەستوورە.

بڕیاردان لە جەنگ

فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، لە وتارێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیارى ڕاگەیاندنى جەنگ یەکێکە لە مەترسیدارترین بڕیارە سیادییەکان، کە تەنیا دەوڵەت دەسەڵاتى هەیە بەگوێرەى دەستوور و یاسا بیدات.

جەنگ لە دەستوورى عێراق

فایەق زێدان دەشڵێت، لە عێراق دەستوور بە وردى پرسى ڕاگەیاندنى جەنگى ڕێکخستووە کە مەبەست لێی، گرەنتیکردنی خراپ بەکارنەهێنان و بەدیهێنانى هاوسەنگییە لەنێوان پارێزگاریی لە دەوڵەت و پاراستنى سیستمى دیموکراتى.

فایەق زێدان، ڕایگەیاندووە، دەستوورى عێراق بە دەقى ڕوون ئاماژەى بە ڕاگەیاندنى جەنگ کردووە، بەجۆرێک ناتوانرێت تاکلایەنە یاخود هەڕەمەکى بڕیارەکە بدرێت، بەڵکو لە ماددەى 61 بڕگەى نۆیەم، لە دەستوور ڕێکارە دستوورییە پێویستەکان دیاریکراون کە دەڵێت بڕیارى ڕاگەیاندنى جەنگ و بارى نائاسایی لەسەر بنەماى داواکارییەکى هاوبەشى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەبێت، داواکارییەکەش لە ئەنجوومەنى نوێنەران دەخرێتە ڕوو بۆ پەسەندکردنى.

ڕەزامەندى دوو لەسەر سێ

ڕوونیشیکردووەتەوە، دەستوور مەرجى رەزامەندیى دوو لەسەر سێى ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى بۆ ڕاگەیاندنى جەنگ داناوە، ئەو مەرجەش ڕەنگدانەوەى گرنگى بڕیارەکەیە، ئامانج لێى گرەنتیی بوونى تەوافوقێکى نیشتمانیی فراوانە بەر لە چوونە ناو ململانێیەکى چەکدارى.

سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لە وتارەکەیدا باسى لەوەکردووە، دەستوور چوارچێوەیەکى یاسایی وردى بۆ ڕاگەیاندنى جەنگ داڕشتووە، هاوسەنگى لەنێوان پێویستیى پاراستنى دەوڵەت لە مەترسییە دەرەکى و ناوخۆییەکان و پاراستنى سیستمى دیموکراتى و ڕێگرى لە سەرکوتکارى دەکات.

چالاکى گرووپە چەکدارەکان پێشێلى دەستوورە

لەبارەى چالاکیی سەربازیى گرووپە چەکدارەکانیش، فایەق زێدان، ڕایگەیاندووە، تاکڕەویى گرووپە چەکدارەکان بە ڕاگەیاندنى حاڵەتى جەنگى فیعلی لە ڕێگەى چالاکییە سەربازییەکان پێشێلکارییەکى ئاشکراى دەستوورە، ئەو بڕیارە تەنیا لە دەستى دەسەڵاتە دەستووریی و شەرعییەکانە کە نوێنەرایەتیى ئیرادەى گەل دەکات و لە چوارچێوەیەکى یاسایی ڕێکخراودا کاردەکات، کاتێکیش هەندێک گرووپ بڕیارى لەو شێوەیە دەدەن، شکۆى دەوڵەت لاواز دەبێت و بنەماى سەروەریی دەوڵەت نامێنێت.

لە دەستوورى عێراق چۆن باسى جەنگ کراوە؟

بە گوێرەى دەستوورى هەمیشەیی عێراق کە لە ساڵى 2005 پەسەندکراوە، لە دەروازەى دەسەڵاتەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران و لە ماددەى 61 بە چەند بڕگەیەک میکانیزمەکانى ڕاگەیاندنى جەنگ دەستنیشانکراون.

لە بڕگەى نۆ لقى ئەلف دەڵێت، ڕەزامەندى لەسەر ڕاگەیاندنى جەنگ و بارى نائاسایی بە زۆرینەى دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەبێت لەسەر بنەماى داواکارییەکى هاوبەشى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران.

لقى ب دەڵێت، ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی بۆ ماوەى 30 ڕۆژ، شیاوى درێژکردنەوەیە بۆ هەر جارێکیش ڕەزامەندیى لەسەر دەدرێت.

هەروەها لە لقى جیم، ئاماژە بەوەکراوە، دەسەڵاتى پێویست دەدرێتە سەرۆکوەزیران بۆ بەڕێوەبردنى وڵات، لەماوەى ڕاگەیاندنى جەنگ و بارى نائاسایی، دەسەڵاتەکانیش بەگوێرەى یاسا ڕێکدەخرێن، تاوەکو پێچەوانەى دەستوور نەبن.

لە لقى دال-یش دەڵێت، سەرۆکوەزیران ڕێکارە پەیڕەوکراوەکان و ئەنجامەکانى لەماوەى ڕاگەیاندنى جەنگ و بارى نائاسایی بۆ ئەنجوومەنى نوێنەران دەخاتەڕوو لەماوەى 15 ڕۆژ پێش کۆتاییهاتنى.

ماددەى 61 لە دەستوورى عێراق

بڕگەى نۆ

لقى ئەلف:

داواکارییەکى هاوبەشى سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران

دەنگى دوو لەسەر سێى پەرلەمانتاران

لقى ب:

بارى نائاسایی بۆ ماوەى 30 ڕۆژ

لقى ج:

پێدانى دەسەڵات بە سەرۆکوەزیران

لقى د:

ڕێکارە پەیڕەوکراوەکان و ئەنجامەکانى