رووماڵی کەناڵ8

واشنتن هێزەکانی زیاد دەکات و تاران هۆشداریی توند دەدات

دەستوەردانی سەربازی

مانگێک بەسەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێپەڕی. تاوەکو دێت قەبارە و ئاستی هێرشەکان زیاتر دەبێت و ئەمریکا هێز و سەربازی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە دەکات و باس لە ئەگەری دەستوەردانی سەربازی، یان کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەک لە ئێران دەکرێت. بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن، چاوەڕێی هاتنی سەربازانی ئەمریکان و سەربازەکانی ئەمریکا دەکەنە خۆراکی قرشەکانی کەنداو.

هێرشەکان لە کاتی دانوستاندا

هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران و ئەمریکا بەرامبەر بەیەکدی لە کاتێکدایە، هەوڵێک بەنێوەندگیریی پاکستان و میسڕ و تورکیا هەیە بۆ ڕێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، سەرەڕای ئەو هەوڵە، ئێران و ئەمریکا بەردەوامن لە هێرشەکانیان لە دژی یەکدی و سەرەڕای بۆردومانکردنی ئامانجەکان لە ئێران، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و لوبنانیش دەکرێنە ئامانج . هاوکات بەرەی مقاوەمە لە عێراق و حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن لە بەرژەوەندیی ئێران چوونەتە ناو شەڕەکە. ئەمریکا و ئیسرائیلیش بەردەوامن لە هێرش و بۆردومانەکانیان بۆ سەر هێزی دەریایی ئێران، ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان و بەشێک لە وێستگە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران.

ئامانج و خواستی لایەنەکانی شەڕەکە

لەبارەی ئامانجی شەڕەکەوە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، جەنگی دژ بە ئێران زیاتر لە نیوەی ئامانجەکانی بەدیهێناوە. ترەمپیش دەڵێت، لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان و نەکردنەوەی گەرووی هوورمز، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بیرە نەوتەکان و دوورگەی خارگ و تەنانەت وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی ئێرانیش دەتەقێننەوە.

لە بەرامبەردا ئێران داوای قەرەبووی زیانی هێرشەکان، گرەنتی بۆ ئەوەی هێرش نەکرێتەوە سەر ئێران، دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و داننان بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە. بۆ ئەوەش ئێران دەیەوێت باج لەو کەشتیانە بسەنێت، کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

بەرپرسانی باڵای ئێران و هێرشەکان

لە ماوەی ئەو مانگەدا بەهۆی هێرشەکانەوە ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی ئێران کوژراون و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشی مووشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و 12 وڵات بەردەوامە و گەرووی هورمزیشی بەڕووی کەشتیوانی و بازرگانیدا داخستووە.

ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران

سەرلەبەیانیی ڕۆژی 28/2/2026 ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشە هاوبەشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. ئیسرائیل هێرشەکانی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر و ئەمریکاش ھێرشەکانی بە ناوی توڕەیی داستانخوڵقین لە دژی ئێران ئەنجام دەدات.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
ئارام یوسف

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەرکۆنەی هێرشی سەر دامەزراوەکان دەکات

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبووەوە، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت، بەرگری لە ئاسایش و سەروەری خاک و ئاسمانەکەی بکات.

تاوتوێکردنی دۆخی ناوخۆیی عێراق

ڕۆژی چوارشەممە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بە ئامادەبوونی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆمار، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کۆبووە و گفتوگۆ سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی کرا.

بەگوێرەى ڕاگەیێنراوی کۆبوونەوەکە، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، سەرکۆنەی پێشێلکردنی سەروەری عێراق دەکات لەژێر هەرناو و پاساوێکدا بێت، هەروەها ڕەتیدەکاتەوە، خاک، ئاسمان و ئاوەکەی بۆ هێرشکردنەسەر هەر وڵاتێک بەکاربهێنرێت، بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ.

سەرکۆنەی کردنە ئامانجی دامەزراوەکان دەوڵەت

هاوپەیمانێتییەکە، هێرش و بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، هێزە ئەمنییەکان، دامەزراوە ژێرخانییەکان لە بەغداد، بەسڕە، موسڵ، ئەنبار و هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات.

پشتیوانی لە ڕێکارەکانی حکومەت

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، پشتیوانی ڕێکارەکانی حکومەت دەکات، بۆ جێبەجێکردنی یاسا و لەگەڵ ڕێکارەکانی حکومەتن بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بەرقەرارکردنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە.

هەوڵدان بۆ یەکلاکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ستایشی ئەو جوڵانەوەیە کراوە، کە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامیداوە بۆ یەکلاییکردنەوەی شایشتە دەستوورییەکان و دیاریکردنی ڕۆژی 11ی نیسان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
رێبوار حەمە وەیس

مەسعود پزیشکیان پەیامێکى ئاڕاستەى گەلى ئەمریکا کرد

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران پەیامێکى ئاڕاستەى گەلى ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئەمریکا وەک بریکارى ئیسرائیل هێرشى کردووەتە سەر ئێران، ئیسرائیل دەیەوێت تاوەکو دوا سەربازى ئەمریکى جەنگ لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت.

پەیامی ئاشتی بۆ گەلانی ئەمریکا و ئەوروپا و هاوسێکان

پزیشکیان لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، گەلى ئێران هیچ دوژمنکارییەکى لەگەڵ هاوڵاتییانى ئەمریکا و گەلانى ئەورووپا و دراوسێ نییە، هەرگیز دەستپێشخەرنەبوون لە نانەوەى جەنگ و جەنگیان ناوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئازایانە و بە توندى بەرپەرچى هەموو ئەوانەیان داوەتەوە کە دەستدرێژییان کردوونەتە سەر.

مافی وەڵامدانەوە

پزیشکیان ڕاشیگەیاندووە، وێناکردنیان وەک هەڕەشە ناگونجێت لەگەڵ مێژوو و ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانى ئێستا، ئەوەى کردوویانە وەڵامدانەوەیە لەسەر بنەماى مافى ڕەواى بەرگریی لەخۆکردن نەک کارێکى دوژمنکارانە.

بژاردە وێرانکەرەکانی ئەمریکا

سەرۆککۆمارى ئێران، باسى لەوەشکردووە، هێرشکردنە سەر ژێرخانى ئابووریی ئێران و ئامانجگرتنى گەلەکەیان لێکەوتەى دەبێت کە سنوورەکانى وڵات تێدەپەڕێنێت، کشانەوە لە ڕێککەوتنامەى ئەتۆمى و دووجار هێرشکردنە سەریان لەکاتى دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا، ئەو بژاردە وێرانکەرانەبوون کە حکومەتى ئەمریکا هەڵیبژاردوون.

بەگوتەى پزیشکیان، ئەوان هەوڵیان بۆ دانوستان لەبارەى دۆسییەى ئەتۆمى داوە و پابەندى بەڵێنەکانیان بوون.

 سەڕای فشارەکان هێشتا لاواز نەبوون

ڕاشیگەیاندووە، سەرەڕاى هەموو فشارەکان، لاواز نەبوون، بە پێچەوانەوە هێزیان لە چەند بوارێکدا زیادى کردووە.

"ئەمریکا وەک بریکاری ئیسرائیل وایە"

بەگوتەى مەسعود پزیشکیان، ئەمریکا وەک بریکارى ئیسرائیل و لەژێر کاریگەری و ئاڕاستەى ئیسرائیلدا هێرشى کردووەتە سەر ئێران، ئیسرائیل دەیەوێت تاوەکو دوا سەربازى ئەمریکى جەنگ لەگەڵ ئێران بەردەوام بێت.

پزیشکیان لە پەیامەکەیدا بۆ گەلى ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوەى ڕووبەڕووبوونەوە لە هەموو کاتێک زیاتر تێچووى زیاترە وبێهوودەترە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
ئارام یوسف

ئەکسیۆس: جەی دی ڤانس سەرقاڵی دانووستانە بۆ ئاگربەست

پێگەی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، جێگرەکەی ترەمپ سەرقاڵی دانووستانە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمز.

ئامادەیی ئەمریکا بۆ ئاگربەست بە چەند مەرجێک

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پێگەی ئەکسیۆسی گوتووە، دۆناڵد ترەمپ، جەی دی ڤانسی جێگری ڕاسپاردووە، بە ناردنی نامە لە کەناڵە دیپلۆماسییە تایبەتەکانەوە، سەبارەت بە ئامادەیی واشنتن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بە مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمریکا، لە پێش هەموویانەوە کردنەوەی گەرووی هورمز.

بوونی گفتووگۆی ئەگەری راگرتنی جەنگ

ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەکردووە، گفتوگۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، سەبارەت بە ئەگەری ڕاگرتنی جەنگ، بەڵام بەو مەرجەی ئێران گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا بکاتەوە.

دەرفەتی گەیشتن بە رێککەوتن ناڕوونە

سێ بەرپرسی ئەمریکا، بە ئەکسیۆسیان گوتووە، تاوەکو ئێستا دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتن ناڕوونە، بەهۆی ئاڵۆزی دیمەنە سەربازی و سیاسییەکانەوە.

ترەمپ نزیکەی لەوەی ئارامگرتن لە دەست بدات

جەی دی ڤانس لەڕێگەی ئەو کەناڵانەوە پەیامێکی تووندی ناردووە و ڕایگەیاندووە، ترەمپ نزیکە لەوەی ئارامگرتن لە دەستبدات و ژێرخانی ئێران بکاتە ئامانج، ئەگەر تاران ڕێککەوتن ڕەتبکاتەوە.

ئەم جووڵە سیاسییەی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگ لەکاتێکدایە، پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندووە، سەرۆکی ئێران داوای ئاگربەستی کردووە، ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەن، ئەگەر گەرووی هورمز بکرێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
محەمەد عەلی

وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و میسڕ و قەتەر و ئوردن تاوتوێی جەنگ دەکەن

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا ئوردنی، قەتەری و میسڕییەکی تاوتوێی جەنگی ناوچەکە و هەوڵەکانی کۆتاییپێهێنانیان کرد.

تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و فەڵەستین

هاکان فیدان لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامدا و بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا تاوتوێی پرسی فەڵەستین، دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە و هەوڵە دیپلۆماسییە فرە ڕەهەندییەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

تاوتوێکردنی دۆخی وڵاتانی کەنداو

هاوکات فیدان پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەنجامداوە و تیایدا باسی دۆخی وڵاتانی کەنداو و پێشهاتەکانی پەیوەست بە جەنگی ئێرانیان کردووە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی، هاوتا میسڕییەکەشی ئەنجامداوە و لەمیانیدا تاوتوێی جەنگی ناوچەکە و پرسی فەڵەستینیان کردووە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
رێبوار حەمەوەیس

لە هێرشێکدا فەرماندەی فەوجى کۆماندۆ لە لیواى 53ى حەشدى شەعبى کوژرا

بارەگاى لیواى 53ـى حەشدى شەعبى لە شارۆچکەى تەلەعفەرى سەر بە پارێزگاى نەینەوا بۆردوومانکرا و بەهۆیەوە فەرماندەی فەوجێک و چەکدارێکى حەشدى شەعبى کوژران و چوارى دیکەش برینداربوون.

دووجار هێرشیان کراوەتە سەر

دەستەى حەشدى شەعبى بڵاویانکردووەتەوە، ئێوارەى ئەمڕۆ دووجار هێرشى ئاسمانى کراوەتە سەر بارەگاى لیواى 53ـى حەشدى شەعبى لە شارۆچکەى تەلەعفەرى سەر بە پارێزگاى نەینەوا.

فەرماندەی فەوجی کۆماندۆی لیوای 53 کوژراوە

فەرماندەی ئامر فەوجى کۆماندۆ لە لیواى 53 و چەکدارێکى دیکە کوژراون و چوار چەکدارى دیکەش برینداربوون.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
ئارام یوسف

ئێران: موجتەبا خامنەیی هیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایدەکات، موجتەبا خامنەیی هیچ کێشەیەکی تەندروستی نییە، دەشڵێت، بەرگری لە خۆیان دەکەن وتاوەکو جارێکی دیکە ڕووبەڕووی هێرش نەبنەوە.

بەهۆی دۆخی جەنگەوە ڕێبەری باڵا دەرناکەوێت

وەزارەتەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، دواکەوتنی دەرکەوتنی ڕێبەری باڵای ئێران، بەهۆی دۆخی جەنگەوەیە، ڕەتیدەکاتەوە موجتەبا خامنەیی هیچ گرفتێکی تەندروستی هەبێت.

"کەس متمانەی بە دیپلۆماسییەتی ئەمریکا نەماوە"

سەبارەت بە دانووستان لەگەڵ ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسلەوە دەکات، هیچ کەسێک لە جیهاندا متمانەی بە دیپلۆماسییەتی ئەمریکا نەماوە، واشنتن دیپلۆماسییەت و دانووستان وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی داخوازییەکانی پیادە دەکات یاخود بۆ بەکارهێنانی هێز".

بەرگری لە خۆکردن

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختلەوە دەکاتەوە، تاران بەرگریی تەواوەتی لە خۆی دەکات، تاوەکو ئەو جەنگەی کە ئیسرائیل هۆکارە بۆ تێوەگلانی ئەمریکا، جارێکی دیکە بۆسەریان دووبارە نەبێتەوە".

لە دوای دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا – ئیسرائیل بۆسەر ئێران و دواتر هەڵبژاردنی وەک ڕێبەری باڵا، تاوەکو ئێستا موجتەبا خامنەیی هیچ دەرکەوتنێکی نەبووە و تەنیا پەیامەکانی بەشێوەی نووسراو بڵاوکراونەتەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کیژان مەحمود

ئێران: وەڵامی پلانە 15 خاڵییەکەی ئەمریکامان بۆ دانووستان نەداوەتەوە

وەزیرەی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، وەڵامی پێشنیازی ئەمریکامان بۆ دانووستان لەگەڵ ئەمریکا نەداوەتەوە و پێشنیازە 15 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەتدەکەینەوە.

وەڵامدانەوەی دانوستانەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، نامەم لە هەندێک لە هاوڕێکانمان لە ناوچەکە پێدەگات، دواتر وەڵامی ئەو نامانە بۆ دانووستان دەدەینەوە، گوتیشی، ئەمە بەواتای دانووستان نیە لەگەڵ ئەمریکا.

ئێران متمانەی بە واشنتن نییە

عێراقچی جەختی کردەوە، متمانەیان بە واشنتن نییە، لەبەرئەوەی چەندجارێک لە دانووستاندابووین و لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشمان کرایەسەر.

تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بۆ ئامادەکاری هێرشی زەمینی

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئێران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات، ئەمەش دوای بڵاوکردنەوەی کەشتییەکی جەنگیی ئەمفیبی لە ناوچەکە و قسەی میدیا ئەمریکییەکان دەربارەی گواستنەوەی هەزاران سەرباز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی ئۆپراسێۆنی زەمینی ئەمریکا بۆسەر ئێران، گوتی، چاوەڕوانی سەربازانی ئەمریکا دەکەین و گوورزێکیان لێدەوەشێنین کە زیانی گەورەیان پێبگات.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی بەڕێز دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێی ڕاگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات.

پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان تۆم باراک و نێچرڤان بارزانی

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممه‌ 2026/4/1 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی بەڕێز دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیاوە پێگەیشت.

گەیاندنی پەیامی دۆناڵد ترەمپ



بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، باراک پەیامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای گەیاندووە، کە تيایدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات.

دەربڕینی هاوسۆزی سەرۆکی ئەمریکا

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،  ترەمپ هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاوخەمیی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕيوه‌ و هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووه‌.

جەختیکردنەوە لە پشتگیری سەرۆکی ئەمریکا


لە بەشێکی دیکەی په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا تۆم باراک، جەختی لە پشتگیریی تەواوی دۆناڵد ترەمپ و ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. لای خۆشیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکەی کرد و پێزانینی بۆ هەڵوێست و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لێکەوتەکانی شەڕ لە ناوچەکە تاوتوێکراوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
یەسنا ئومێد

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: ناتۆ تاکە هاوپەیمانی کاریگەری سەربازییە

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی ڕەخنەکانی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، "هاوپەیمانیی ناتۆ تاکە هاوپەیمانی بەهێزی سەربازییە لە جیهان.

وەڵامدانەوەی ترەمپ

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی ڕەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ناتۆی بە "پڵنگێکی کاغەزی" وەسفکرد بوو.

ناتۆ هاوپەیمانێکی کاریگەرە

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا لە بارەی قسەکانی ترەمپەوە گوتی " ناتۆ تاکە هاوپەیمانیی کاریگەری سەربازییە لە جیهان، چەند ساڵە ئێمەی پاراستووە و ئێمە بەتەواوی پابەندی ناتۆین".

دۆخەکە پێویستی بە هاوبەشییەکی بەهێزە

ستارمەر دەڵێت، ئێستا بەهۆی بارودۆخەکەوە، پێویستمان بە هاوبەشییەکی بەهێزی هاوپەیمانەکانمان لە ئەورووپا هەیە، بۆیە بەم نزیکانە لوتکەیەک ڕێکدەخەین.

لە بەرژەوەندی ئەوروپایە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت

لەبارەی پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، لە بەرژەوەندیی ئەوانە پەیوەندیی بەهێزییان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، بەڵام لەڕووی بەرگریی و ئاسایش و وزە و ئابووری و ئامانجەکانەوە، گرنگە بەریتانیا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئەورووپا هەبێت.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

ترەمپ: رێبەری نوێی ئێران داوای ئاگربەستی کردووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران داوای ئاگربەستی لە واشنتن کردووە. بەڵام ترەمپ مەرجێکی توندی بۆ ڕاگرتنی شەڕ داناوە کە ئەویش کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمزە.

داواکارییەک بۆ وەستاندنی شەڕ

ئەمڕۆ چوارشەممە 01-04-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندی پێوە کردوون و داوای ئاگربەستی کردووە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پزیشکیان بەراورد بە سەرۆکەکانی پێشووی ئێران "زۆر زیرەکترە و کەمتر توندڕەوە."

تاکە مەرجی ئەمریکا بۆ ئاگربەست

سەرۆکی ئەمریکا ڕاشکاوانە مەرجی وڵاتەکەی بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست ڕاگەیاند و وتی: "تەنیا لە یەک کاتدا بیر لە داواکارییەکەی ئێران دەکەنەوە، ئەویش کردنەوەی گەرووی هورمزە بە شێوەیەکی ئازاد و بێ کێشە بەڕووی کەشتیوانیی جیهانیدا." واشنتن دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم مەرجەوە کۆتایی بە پەککەوتنی بازاڕی وزە بهێنێت کە زیانی زۆری بە جیهان گەیاندووە.

هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردین

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر بێتو گەرووی هورمز نەکرێتەوە، ئەوا هێرشە سەربازییەکانیان بە هیچ شێوەیەک ناوەستن. ترەمپ وتی: "یان دەبێت هورمز بکەنەوە، یان هێرشەکانمان بەردەوام دەبن تاوەکو ئێران بەتەواوی خاپوور دەکەین و دەیگێڕینەوە بۆ سەردەمی بەردین."

پاشخانی ئاڵۆزییەکان

ئەم هەڵوێستە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە. ئێران لە دەستپێکی شەڕەکەوە گەرووی هورمزی داخستووە کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت، ئەمریکاش دەیەوێت لە ڕێگەی فشارە سەربازییەکانەوە تاران ناچار بکات ئەو ڕێڕەوە بکاتەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کیژان مەحمود

پەیامنێری کەناڵ8: هێرشکرایە سەر کێلگەی نەوتی چەمانکێ لە ئامێدی

بەیانی ئەمڕۆ هێرشکرایە سەر کێلگەی نەوتی چەمانکێ لە لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی و بەهۆی ئەو هێرشەوە دوو عەمباری نەوت ئاگری گرتووە و هێشتا هیچ لایەنێکی فەرمی زانیاری لەسەر نەداوە.

دوو عەمباری نەوت ئاگریان گرتووە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 بەیانی ئەمڕۆ پاش کاتژمێر هەشت هێرشکراوەتەسەر کێڵگەی نەوتی چەمانکی لە ئامێدی و بەهۆی ئەو هێرشەوە دوو عەمباری نەوت لە کێڵگەکە ئاگریان گرتووە.

جۆری هێرشەکە

هێشتا لایەنی فەرمی هیچ زانیارییەکی لەبارەی هێرشەکە نەخستووەتەڕوو، ئاخۆ بە مووشەک هێرشکراوەتەسەر کێڵگەکە یاخود درۆن هەروەها ئاشکرا نەکراوە زیانی گیانی هەبووە یاخود نا.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە

ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوینی ڕووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی و لێکۆڵینەوەکانیش لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

دووەم هێرشە بۆ سەر کێڵگە

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە لەشەوی پێنج لەسەر شەشی مانگی ئازاردا جارێکی دیکە هێرشکرایە سەر ئەو کێڵگەیە و بۆردوومانکرا.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: ناتۆ پڵنگێکی کاغەزییە و بە جددی بیر لە کشانەوە لە هاوپەیمانییەکە دەکەمەوە

سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توند دەکاتە سەر هاوپەیمانی ناتۆ و وڵاتی بەریتانیا و ڕایدەگەیەنێت، لە کاتێکدا وڵاتەکەی لە هەموو کێشەکاندا پشتیوانی ئەوروپا بووە، بەڵام ئێستا ئەوان ئامادە نین لە شەڕی دژ بە ئێراندا بەشداری بکەن.

پێداچوونەوە بە ئەندامێتی ئەمریکا لە ناتۆ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (Telegraph)ـی بەریتانی ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی جدی پێداچوونەوە بە ئەندامێتی وڵاتەکەی لە ناتۆ دەکات و ڕێکخراوەکەی بە "پڵنگێکی کاغەزی" ناوبرد. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیاش ئەو ڕاستییە دەزانێت و ئەو هەرگیز بە کارەکانی ناتۆ قایل نەبووە.

ڕەخنە لە وەڵامدانەوەی هاوپەیمانان

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە هاوپەیمانەکانی لە پرسی ئۆکرانیادا، کە ڕاستەوخۆ کێشەی ئەمریکا نەبووە، "ئۆتۆماتیکی" ئامادە بوون و واشنتن هەمیشە پشتیوانییان بووە. بەڵام لە ئێستادا کە ئەمریکا لە شەڕدایە، ئەوان ئامادە نین وەک تاقیکردنەوەیەک وەڵامیان هەبێت، ئەوەش وای کردووە ترەمپ بیر لە هەنگاوی جدی بەرانبەر هاوپەیمانییەکە بکاتەوە.

سەرزەنشتکردنی بەریتانیا و هێزی دەریایی شاهانە

ترەمپ بە شێوەیەکی تایبەت هێرشی کردە سەر کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە شەڕی دژ بە ئێران. سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە توانای سەربازی بەریتانیا گرت و گوتی: "تەنانەت هێزی دەریاییشت نییە، زۆر پیر بوویت و فڕۆکەهەڵگرەکانت کار ناکەن"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ لاوازیی هاوکارییەکانی لەندەن بۆ واشنتن.

کشانەوەی هێزەکان لە ئەڵمانیا

بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە جددی بیر لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەکاتەوە. ئەم بڕیارە لە ساڵی ڕابردووەوە و دوای گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە کارنامەیدا بووە و ئێستا بەهۆی هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا لە شەڕی ئێران، ئەگەری جێبەجێکردنی زیاتر بووە.

پشتیوانی مارکۆ ڕوبیۆ بۆ بڕیارەکە

پێش بڵاوبوونەوەی لێدوانەکەی ترەمپ، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندبوو کە پێویستە پێداچوونەوە بە ئەندامێتی واشنتن لە ناتۆدا بکرێتەوە. دۆناڵد ترەمپ خۆشحاڵی خۆی بە قسەکانی ڕوبیۆ نیشاندا و جەختی کردەوە کە ئەو بابەتە لە ئێستادا لەژێر پێداچوونەوەی وردایە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت گەڕایەوە سەر ڕێگە وشکانییەکەی سووریا

بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمز و پەککەوتنی هەناردەی دەریایی، بەغداد بژاردەی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی وشکانی و خاکی سووریاوە زیندوو دەکاتەوە و یەکەم کاروانی نەوتیشی بەو ڕێگەیەدا نارد.

گرێبەستێکی 3 مانگی بۆ هەناردەکردنی نەوت

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستێکی بۆ ماوەی 3 مانگ واژۆکردووە. بەپێی ئەم گرێبەستە، عێراق مانگانە 650 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی وشکانی و بە تێپەڕبوون بە ناو خاکی سووریادا هەناردە دەکات. ئەمڕۆ یەکەم کاروانی نەوتەکە کە بڕەکەی زیاتر لە 21 هەزار تۆنە، بەو ڕێگەیەدا بەڕێکراوە.

داشکاندن بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووی گواستنەوە

بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە و قەرەبووکردنەوەی تێچووی زۆری گواستنەوەی وشکانی، بارە نەوتییەکان بە داشکاندن دەفرۆشرێن. داشکاندنەکە لە نێوان 155 بۆ 170 دۆلارە بۆ هەر تۆنێک، کە ئەوەش وەک هاندەرێکە بۆ کڕیاران لە بەرانبەر توانای سنوورداری هەناردەکردنی وشکانی. ئەم کارە بە هاوکاری 4 کۆمپانیای گواستنەوەی ناوخۆیی ئەنجام دەدرێت.

هۆکارەکانی پەنابردن بۆ ڕێگەی سووریا

وەستانی شەڕ لە سووریا و قەیرانی گەرووی هورمز وای لە عێراق کردووە ئەم ڕێگەیە وەک بژاردەیەکی جێگرەوە بەکاربهێنێت. پێشتر عێراق 88%ـی بودجەکەی لە ڕێگەی هەناردەی دەریایی و بەندەرەکانی کەنداوەوە دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ناچارە پشت بە هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان و بۆری جەیهان، هەروەها ڕێگە وشکانییەکەی سووریا ببەستێت.

دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە باشوور

جەنگی ئێستا وای کردووە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە سەرەکییەکانی باشوور بە ڕێژەی 80% دابەزێت و بگاتە تەنیا 800 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا پێشتر ئاستی بەرهەمهێنان نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل بووە. دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوە دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق بتوانێت قۆناغ بە قۆناغ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بەرز بکاتەوە.

زیندووکردنەوەی مێژووی بۆری کەرکوک-بانیاس

ئەم هەنگاوە نوێیە پەیوەندییە نەوتییەکانی عێراق و سووریا زیندوو دەکاتەوە، کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی 1950 و بۆری "کەرکوک-بانیاس" دەگەڕێتەوە. ئەو کاتە نەوت لە کێڵگەکانی باکوورەوە دەگواسترایەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست بە توانای 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئێستاش عێراق دەیەوێت بە هەمان ئاراستە و بە شێوەی وشکانی ئەو ڕێڕەوە زیندوو بکاتەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

راوێژكارێكی سودانی: خەرجیی مانگانەی مووچە و هاوکارییەکان گەرەنتی کراون

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەران و چینە کەمداهاتەکان کە حکوومەت پشت بە 3 سەرچاوەی سەرەکی دەبەستێت بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان.

گەرەنتی مووچە و شایستە داراییەکان

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سیاسەتی ئێستای حکوومەت گەرەنتی بەردەوامبوونی مووچە، کرێی کرێکاران و هاوکارییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە دڵنیان لە خەرجکردنی مانگانەی ئەو شایستانە و دابینکردنی بژێوی هاوڵاتییان لە پێشینەی کارەکانی حکوومەت دەبێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان

بەپێی گوتەکانی ڕاوێژکارەکەی سوودانی، عێراق لە ئێستادا توانای ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر ڕووبەڕووی هەر قەیرانێکی دارایی و ئابووریی جیهانی ببێتەوە. باسی لەوەش کرد کە پلانەکان بە جۆرێک داڕێژراون کە ڕێگری لە دروستبوونی کێشە بۆ بودجەی گشتی و خەرجییە پێویستەکان بکەن.

3 سەرچاوە بۆ دابینکردنی داهات

بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی خەرجییەکان، مەزهەر محەمەد ساڵح ئاشکرای کرد کە حکوومەت پشت بە 3 سەرچاوەی سەرەکی دەبەستێت. سەرچاوەی یەکەم بریتییە لە زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، سەرچاوەی دووەم فراوانکردنی هەناردەکردنی نەوتی خام و بەرهەمە نەوتییەکانە، هەروەها سەرچاوەی سێیەم بریتییە لە پەیڕەوکردنی نەخشە ڕێگایەکی تایبەت لە سیاسەتی سکهەڵگوشین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییە ناپێویستەکان.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کیژان مەحمود

هێرشی سێ درۆن بۆ سەر هەولێر؛ پارێزگار هۆشداری دەداتە هاونیشتمانیان

پارێزگاری هەولێر وردەکاری زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بۆ سەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە لەپێناو پاراستنی گیانی تیمەکان، بڕیاردراوە ڕێگە بدرێت ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە.

کات و شێوازی هێرشەکان

بەپێی زانیارییەکانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هێرشی یەکەم لە کاتژمێر 7:30ـی بەیانی بۆ سەر کۆگایەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای هەولێر - موسڵ ئەنجامدراوە. دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام کاتژمێر 8:40 و لە کاتی کارکردنی تیمەکاندا، درۆنی دووەم هەمان شوێنی پێکاوە. پاشان لە کاتژمێر 10:20ـی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم کۆگاکە بۆردومان کراوەتەوە.

تێکشکاندنی درۆنی چوارەم

لە کۆی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ناوچەکە، 3 درۆن توانیویانە ئامانجەکەیان بپێکن و زیانی گەورە بە کۆگاکە بگەیێنن. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە کە درۆنێکی چوارەم پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی و زیانی زیاتر دروست بکات، لەلایەن هێزەکانەوە لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە و تێکشکێندراوە.

پاراستنی گیانی تیمەکان و دۆخی ئاگرەکە

بەهۆی گەورەیی قەبارەی ئاگرەکە و دووبارەبوونەوەی بۆردومانەکان، پارێزگاری هەولێر فەرمانی کرد تیمەکانی بەرگری شارستانی و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە دووربکەونەوە. ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە ناو کۆگاکەدا هیچ شتێک نەماوە نەسوتابێت، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکان بڕیاردراوە چاوەڕێ بکرێت تاوەکو ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە. هەروەها داوا لە هاونیشتمانیان کراوە بۆ سەلامەتی خۆیان لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک نەکەونەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
شۆڕش محەمەد

فراکسیۆنی یەکێتی: دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات کە هیچ گۆڕانکارییەک لە وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەکراوە و ئامادەکارییەکان بۆ ڕۆژی 11ـی نیسان بەردەوامن.

جەختکردنەوە لەسەر وادەی دانیشتنەکە

دیلان غەفوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لەبارەی وادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نییە. ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە لە ڕۆژی 11ـی نیسانی 2026 دانیشتنەکە بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجام بدرێت و هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ دواخستنی لە ئارادا نییە.

چاوەڕوانی بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر

گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی ڕوونیکردەوە کە بەهۆی ئەوەی ئەم ڕۆژانە پشووی فەرمین، پێشبینی دەکەن سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەرچاوڕوونی زیاتریان لەسەر وردەکارییەکانی دانیشتنەکە هەبێت. باسی لەوەش کرد کە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران 24 کاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، بەرنامەی کاری دانیشتنەکە بە فەرمی بڵاودەکاتەوە.

بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەرپرسیارێتی لایەنەکان

لە ڕۆژی 30ـی ئازاری 2026، دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری دابوو ڕۆژی شەممە، 11ـی نیسانی 2026 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری بکرێت. سەرۆکایەتی پەرلەمان داوای لە سەرۆکی فراکسیۆنە سیاسییەکان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵگرن بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکوومەتێک کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان ببێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
سامیا حەسەن

ئیسماعیل بەقایی: ئەمریکا لە دانوستاندا جددی نییە و پەیامەکانی مەبەستێکی فێڵبازانەیان لە پشتە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ڕێگەی وڵاتی پاکستانەوە پەیامی دانوستانی واشنتنیان پێگەیشتووە، بەڵام تاران بە گومانەوە لە نییەتەکانی ئەمریکا دەڕوانێت و هێزەکانی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە.

پەیامی ئەمریکا لە ڕێگەی پاکستانەوە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە، لەوانەش وڵاتی پاکستان، پەیامی ئەمریکایان بۆ دانوستان پێگەیشتووە. بەقایی ئاماژەی بەوە دا کە ئەزموونی ساڵی ڕابردوو دەریخستووە واشنتن لە دیپلۆماسیدا جددی نییە و هەر کاتێک باس لە گفتوگۆ دەکەن، مەبەستێکی فێڵبازانەیان لە پشتە.

بەرنامەی ئەتۆمی و جەنگی سەپێندراو

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، بەقایی ڕایگەیاند، هەمووان دەزانن کە ئەوان چەکی ئەتۆمییان نییە و بەرنامەکەیان بە تەواوی ئاشتییانەیە. گوتیشی، ئەم جەنگەی ئێستا بەسەر ئێران و ناوچەکەدا سەپێندراوە و پاشهاتەکانی لە دەرەوەی ناوچەکەشدا دەبینرێن.

ئامادەیی بۆ هەر سیناریۆیەک

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە دۆخی بەرگریدا دەمێنێتەوە و هێزە چەکدارەکانیان بۆ هەر سیناریۆیەک لە ئامادەباشیدان. ئاماژەی بەوەش دا کە سوپای وڵاتەکەیان دوژمنان لە کردەوەکانیان پەشیمان دەکاتەوە و ڕێگە نادەن زیان بە سەروەریی خاکی ئێران بگات.

مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوەکان

ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، گرژییەکانی ناوچەکە ئەنجامی ڕاستەوخۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن، کە کاریگەرییان کردووەتە سەر ئاسایشی کەنداو، دەریای عومان و گەرووی هورمز. ڕوونیکردەوە کە ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ئابووری جیهانی و تێکچوونی ڕێڕەوە بازرگانییەکان.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
شۆڕش محەمەد

ئەرجەنتین: سوپای پاسدارانی ئێرانمان خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە

حکومەتی ئەرجەنتین وەک پشتیوانییەک بۆ واشنتن و تەلئەڤیڤ لە جەنگی دژ بە تاران، فەرمانی خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسدارانی واژۆ کرد و سزای دارایی توند بەسەر ئەو ڕێکخراوەدا دەسەپێنێت.

واژۆکردنی بڕیاری خستنە لیستی تیرۆر

خافێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین، بڕیاری فەرمیی خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسدارانی ئێرانی واژۆ کرد. ئەم بڕیارە دەسەڵاتی تەواو دەداتە حکومەتی ئەرجەنتین بۆ سەپاندنی سزای دارایی بەسەر ئەو ڕێکخراوەدا و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی توانای چالاکییەکانیان لە ناوچەکە و جیهاندا. ئەم هەنگاوە وەک پشتیوانییەکی ڕاستەوخۆی بوێنس ئایرێس بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە ململانێی ئێستای ناوچەکەدا دەبینرێت.

ئاراستەکردنی ئەرجەنتین بەرەو شارستانیەتی ڕۆژئاوا

لە دەقی بڕیارەکەدا هاتووە کە حکومەتی ئەرجەنتین پێداگرە لەسەر ئاراستەکردنەوەی وڵاتەکەی بەرەو شارستانیەتی ڕۆژئاوا. حکومەتەکەی میلی جەختی کردووەتەوە کە بە توندی سەرکۆنەی ئەو لایەنانە دەکەن و شەڕیان دژ دەکەن کە هەوڵی لەناوبردنی ئەو شارستانیەتە دەدەن. لەوەتەی دەستبەکاربوونی میلی لە کانوونی یەکەمی 2023، ئەرجەنتین بە ئاشکرا لایەنگری بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیلی کردووە.

سزادانی فەیلەقی قودس و پشتگیری واشنتن

ئەمە یەکەم هەنگاوی ئەرجەنتین نییە دژ بە دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، چونکە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، حکومەتەکەی خافێر میلی "فەیلەقی قودس"ی سەر بە سوپای پاسدارانی خستبووە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. ئەرجەنتین لە ئێستادا بە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین دادەنرێت و پشتیوانی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە تاران دەکات.

تۆمەتبارکردنی تاران بە هێرشەکەی ساڵی 1994

دەسەڵاتی دادوەریی ئەرجەنتین، کۆماری ئیسلامیی ئێران و حزبوڵای لوبنان بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانێت لە هێرشەکەی سەر کۆمەڵەی  (AMIA)ـی جووەکان لە شاری بوێنس ئایرێس لە ساڵی 1994. ئەو هێرشە بووە هۆی کوژرانی 85 کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە، ئەوەش وەک پاساوێکی مێژوویی و یاسایی لەلایەن حکومەتی ئێستای ئەرجەنتینەوە بۆ دەرکردنی بڕیارە نوێیەکانی دژ بە ئێران بەکارهێنراوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
سامیا حەسەن

عەباس عێراقچی: بۆ 6 مانگ جەنگ ئامادەین و هیچ بڕیارێک بۆ دانوستان نییە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن هەبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاوەکو ئێستا وەڵامی پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکایان نەداوەتەوە.

ڕەتکردنەوەی دانوستان و ئامادەکاری بۆ جەنگ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا وڵاتەکەی هیچ بڕیارێکی بۆ ئەنجامدانی دانوستان نەداوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بۆ بەردەوامیی جەنگ تاوەکو 6 مانگی دیکە ئامادەیە. عێراقچی هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن ڕەتکردەوە و گوتی، ئەوەی لەم ماوەیەدا هەبووە تەنیا ئاڵوگۆڕی پەیام بووە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە.

چارەنووسی پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا

سەبارەت بە دەنگۆکانی پەیوەست بە وەڵامی تاران بۆ پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو پێشنیازەیان نەداوەتەوە. هەروەها ڕەتیکردەوە کە لایەنی ئێرانی هیچ مەرج یان 5 داواکاریی بۆ واشنتن ناردبێت و جەختی کردەوە کە هیچ لیستێکی داواکاری لە لایەن ئەوانەوە ڕادەستی ئەمریکییەکان نەکراوە.

جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز

عێراقچی باسی لەوە کرد کە گەرووی هورمز لە ناو ئاوەکانی ئێران و عوماندایە و بەشێک نییە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە دەبێت بەرژەوەندییەکانی تاران و مەسقەت لەبەرچاو بگیرێن. گوتیشی، ئێستا گەرووەکە کراوەیە و تەنیا بە ڕووی کەشتیی ئەو وڵاتانەدا داخراوە کە بە شێوەیەکی فەرمی لەگەڵ ئێران لە شەڕدان.

داواکارییەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە تاران مەرجی ڕوونی بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک هەیە و بە هیچ شێوەیەک ئاگربەستی کاتی قبوڵ ناکەن، بەڵکو داوای وەستانی تەواوەتی جەنگ دەکەن. تاران جەخت دەکاتەوە کە تەنیا بە مەرجی کۆتاییهاتنی تەواوی جەنگ و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەچێتە ناو پڕۆسەی دانوستانەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە جەنگەکە پێی ناوەتە مانگی دووەم و ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات تاران بە دانوستان ڕازی بووە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
رۆزا حیسام

مارکۆ ڕوبيۆ: گفتوگۆی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران هەبووە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە کۆتایی جەنگ لەگەڵ تاران نزیکبووەتەوە و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکان و گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە خەریکی چارەسەرکردنی قەیرانەکەیە.

کۆتایی جەنگ و لاوازیی ئێران

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی Fox News ڕایگەیاند، ئێستا تاران لە هەموو کاتێک لاوازترە و بەو هۆیەوە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کۆتایی جەنگ لەگەڵ ئێران زۆر نزیکبووەتەوە.

گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و نێوەندگیری

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەناڵی Al Jazeera ئاشکرای کرد، دانوستانەکان لە نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیام و هەندێک گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا هەبووە، بەڵام بە پلەی یەکەم گفتوگۆکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ئەنجامدراون. ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ هەمیشە دیپلۆماسی و دەرئەنجامی ئاشتیانەی پێ باشتر بووە و پێشتریش دەکرا ئەم هەنگاوانە بنرێن.

داهاتووی گەرووی هورمز

سەبارەت بە ڕێڕەوە ئاوییەکان، مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند، کاتێک ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تەواو بوو، گەرووی هورمز بە هەر شێوەیەک بێت دەکرێتەوە. ڕوونیکردەوە کە ئەمە یان لە ڕێگەی ڕازیبوونی ئێران دەبێت بە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەگرتنی ڕێڕەوی بازرگانی، یان لە ڕێگەی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بە بەشداری ئەمریکا بۆ دڵنیابوون لە کراوەیی گەرووەکە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کیژان مەحمود

زانیارییەکانی کەناڵ8: کارگەیەکی ڕۆنی ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای هەولێر دوو جار لەلایەن درۆنەوە بۆردوومان کرا

بەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەک کەوتەوە و دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەلایەن درۆنەکانەوە بە ئامانج گیرا.

کات و شوێنی ڕووداوەکە

بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 7:30، لەسەر ڕێگای سەرەکی هەولێر - خەبات، ئاگر لە کارگەیەک کەوتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە یەکجار گەورە بووە و بەهۆیەوە دووکەڵێکی چڕی ڕەش ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.

هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بۆ هێرشێکی درۆنی دەگەڕێتەوە. باس لەوە دەکرێت کە ئەو شوێنە کارگەیەکی دروستکردنی ڕۆنی ئۆتۆمبێلە و لەلایەن درۆنەکانەوە 2 جار لەسەریەک بۆردوومان کراوە، ئەوەش بووەتە هۆی تەقینەوە و دروستبوونی ئاگرێکی گەورە لە ناو کارگەکەدا.

هەڵوێستی فەرمی لایەنەکان

تاوەکو ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەبارەی قەبارەی زیانە گیانییەکان و هۆکاری وردی ڕووداوەکە نەخستووەتەڕوو. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی بۆ شوێنە دراوسێکانی کارگەکە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
ئارا ئیبراهیم

کۆمپانیای غازی باشوور: بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە 320 هەزار مەترسێجاوە بۆ 145 هەزار دابەزیوە

دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خام لە عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی غازی سروشتی دروست کردووە و وەزارەتی کارەبای ناچار کردووە پەنا بۆ سووتەمەنی جێگرەوە ببات.

کاریگەریی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر غاز

ماجید شەواف، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی باشوور ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە 4 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 1 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل کەمبووەتەوە. ئەم دابەزینە بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە 320 هەزار مەتر سێجای ڕۆژانەوە بۆ تەنیا 145 هەزار مەتر سێجا کەم ببێتەوە، کە ئەوەش دەکاتە کەمتر لە نیوەی ئاستی پێشوو.

پەیوەندیی نێوان نەوتی خام و غازی سروشتی

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ڕوونیکردەوە، هۆکاری کەمبوونەوەی غازی سروشتی پەیوەستە بە شێوازی دەرهێنانییەوە، چونکە ئەم جۆرە غازە لە کاتی دەرهێنانی نەوتی خاودا وەک غازی هاوەڵ بەدەستدەهێنرێت. هەر بۆیە لەگەڵ هەر کەمبوونەوەیەک لە بەرهەمی نەوت، بەرهەمی غازیش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕوو لە کەمی دەکات.

گۆڕینی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا بۆ گازوایل

بەهۆی کەمبوونەوەی غازی پێویست، وەزارەتی کارەبا ڕووبەڕووی گرفت بووەتەوە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین. بۆ ئەم مەبەستە، ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا ناچارکراون سیستەمی کارکردنیان لە غازی سروشتییەوە بۆ گازوایل بگۆڕن. ئەم هەنگاوە وەک چارەسەرێکی جێگرەوە و کاتی دانراوە تاوەکو بتوانرێت بەردەوامی بە بەرهەمهێنانی کارەبا بدرێت.

مەرجی گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ کەرتی غاز

ماجید شەواف ئاشکرای کرد، سەقامگیریی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بە تەواوی پەیوەستە بە گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. تەنیا لەو کاتەدا گەرەنتی بەردەستبوونی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا دەکرێت و مەترسییەکانی بڕانی کارەبا بەهۆی کەمی سووتەمەنییەوە نامێنن.

جەنگی ئێران و سنوورداربوونی هەناردەی نەوت

ئەم دابەزینە لە بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە کاتێکدایە کە جەنگی ئێران پێی ناوەتە هەفتەی 5ـەم. بەهۆی داخستن و سنووردارکردنی گەرووی هورمز بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکان، عێراق ناچار بووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەم بکاتەوە، ئەوەش کاریگەری زنجیرەیی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانی وزە لە وڵاتەکەدا دروست کردووە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

سەرەڕای لێدوانەکانی ترەمپ؛ نرخی نەوت لە ئاستە بەرزەکانی خۆیدا مایەوە

سەرەڕای لێدوانە گەشبینەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لە سەرووی 100 دۆلار جێگیر بووە و هێشتا گومان لە ئاراستە دیپلۆماسییەکان دەکرێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنت و تەکساس

ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوتی برێنت بۆ ڕادەستکردنی لە مانگی 6ـدا بە ڕێژەی 66 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 104 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 46 سەنت زیادی کرد و گەیشتە 93 دۆلار و 62 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.

کاریگەریی جەنگ و کێشەی خستنەڕوو

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باس لە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن دەکات، بەڵام کەمیی خستنەڕووی نەوت و بەردەوامیی شەڕ نرخەکانی لە ئاستە بەرزەکانی خۆیدا ڕاگرتووە. شارەزایانی بۆرسەی لەندەن ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا ئاراستەیەکی دیپلۆماسیی ڕوون بۆ ئاگربەست بەدی ناکرێت، ئەوەش وای کردووە خواستی کڕین لەسەر نەوتی خاو لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە.

ناکۆکی لە نێوان واشنتن و تاران لەسەر دانوستاندن

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوە دەچن و پێشبینی دەکات لە ماوەی 2 یان 3 هەفتەی داهاتوودا جەنگەکە کۆتایی بێت. لە بەرانبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ناوی دانوستاندن نییە، بەڵکو تەنیا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی پەیامە لە نێوان هەردوولادا.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

موجتەبا خامنەیی بۆ حزبوڵڵای لوبنان: سیاسەتی ئێران بۆ پشتیوانیی بەرەی بەرگری ناگۆڕێت

ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەم نامەی فەرمیدا بۆ سکرتێری گشتیی حزبوڵڵا، جەخت لە بەردەوامیی ڕێبازی باوکی دەکاتەوە و جەنگی ئێستا بە تاقیکردنەوەیەک بۆ خۆڕاگری وەسف دەکات.

یەکەم نامەی فەرمیی ڕێبەری نوێ

ڕۆژی سێشەممە 31ـی ئازاری 2026، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نامەیەکی ئاراستەی نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان کرد. ئەم نامەیە وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو بروسکەی سەرەخۆشییەی کە حزبوڵڵا بەبۆنەی شەهیدبوونی عەلی خامنەیی ئاراستەی تارانی کردبوو.

بەردەوامیی ڕێبازی مقاوەمە

ئایاتووڵا موجتەبا خامنەیی لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە خۆڕاگری لە بەرانبەر ئەمریکا و ئیسرائیل خاڵێکی جەوهەریی سیاسەتی وڵاتەکەیەتی. ڕایگەیاندووە کە ڕێبازی مقاوەمە، کە لەلایەن فەرماندەکانی وەک قاسم سولەیمانی، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس مووسەوی داڕێژراوە، بەردەوام دەبێت و خوێنی شەهیدان ئەم ڕێبازە بەهێزتر دەکات.

پەیام بۆ حزبوڵڵای لوبنان

ڕێبەری نوێی ئێران جەختی کردەوە کە نەعیم قاسم لە ساتەوەختێکی مێژوویی و هەستیاری ناوچەکەدا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەکە دەکات. هیوای خواست بە هۆشمەندی و ئازایەتی پلانەکانی دوژمن تێکبشکێنن و حزبوڵڵا بتوانێت شکۆ و ئارامی بۆ گەلی لوبنان بگێڕێتەوە. جەنگی ئێستاشی وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ سەلماندنی پشوودرێژی و خۆڕاگری ناوبرد.

هەڵوێستی جێگیری تاران

لە کۆتایی نامەکەدا، ئایاتووڵا موجتەبا خامنەیی جارێکی دیکە جەختی لە هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند، سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر هێڵی ئیمامی کۆچکردوو جێگیرە. دووپاتی کردەوە کە تاران بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی بەرەی بەرگری لە بەرانبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف لە گفتوگۆداین و دەشزانین لە کوێ دەژی

سەرۆکی ئەمریکا باس لە "گۆڕانی تەواوەتیی دەسەڵات" لە ئێران دەکات و ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە پەیوەندیدان، هاوکات هۆشداری دەداتە تاران کە سوپای ئەمریکا پێش خشتەی کاتیی جەنگەکەیە.

دانوستان لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی تاران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئێراندا گۆڕانی تەواوەتیی دەسەڵات ڕوویداوە و ئیدارەکەی ئێستا لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی تاران خەریکی دانوستاندنە. ترەمپ بۆ یەکەمجار ناوی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی هێنا وەک ئەو کەسایەتییەی واشنتن گفتوگۆی لەگەڵ دەکات. ترەمپ ئەو گرووپە نوێیەی ئێستا کۆنتڕۆڵی ئێرانیان بەدەستەوەیە بە "میانڕۆتر و ژیرتر" وەسف کرد.

هەڕەشە لە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

سەبارەت بەو قسانەی قالیباف کە لە سۆشیاڵ میدیا گاڵتەی بە پەیامەکانی ترەمپ کردبوو، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێستا قالیباف تۆنی قسەکانی نزم کردووەتەوە. ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کرد و گوتی: "ئێمە دەزانین ئەو لە کوێ دەژیت." هاوکات یەکێک لە تەوەرەکانی دانوستاندنی بە دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران ناوبرد.

کاریگەریی جەنگ لەسەر بازاڕە جیهانییەکان

ترەمپ پاساوی بۆ کاتی دەستپێکردنی جەنگەکە هێنایەوە و گوتی، چونکە پێش جەنگ بازاڕی پشکەکان لە لووتکەدا بوو(داو جۆنز 50,000 و S&P گەیشتبووە 7,000)، کاتێکی گونجاو بووە بۆ کردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە. ئەمە لە کاتێکدایە، لەگەڵ دەستپێکی جەنگ، پێوەری داو جۆنز زیاتر لە 3,000 خاڵ و S&P نزیکەی 500 خاڵ دابەزیون و نرخی نەوت لە سەرووی 100 دۆلار مایەوە.

دۆخی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هێرشە ئاسمانییەکانی ساڵی 2025 بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و ڕایگەیاند، کۆگە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکان هێندە بە قووڵی لە ژێر زەویدا نێژراون کە زۆر ئەستەمە دەستیان پێ بگات. ترەمپ گوتی دۆخەکە "سەلامەتە" بەڵام ئەوان بڕیاری پێویستیان لەو بارەیەوە دەبێت.

خشتەی کاتیی جەنگ و ئاوەدانکردنەوەی ئێران

سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ، ترەمپ ڕایگەیاند "زۆری نەماوە" و باسی لەوەشکرد کە ئەوان 2 هەفتە لە پێش خشتەی کاتییەوەن، ئەمە لە کاتێکدایە جەنگەکە پێی ناوەتە 5 هەفتەوە. ترەمپ وێنەیەکی نائومێدکەری بۆ داهاتووی ئابووری و ژێرخانی ئێران کێشا و گوتی، دوای کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیە، ئێران پێویستی بە لانیکەم 10 ساڵ دەبێت تاوەکو بتوانێت جارێکی دیکە وڵاتەکەی بونیاد بنێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

ئیمارات داوای هاوپەیمانییەکی جیهانی دەکات بۆ لێدانی ئێران لە گەرووی هورمز

ئیمارات دەبێتە یەکەم وڵاتی کەنداو کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بچێتە نێو جەنگی دژ بە ئێران، ئەوەش دوای ئەوەی ژێرخانی ئابووری و گەشتیاری وڵاتەکە ڕووبەڕووی قورسترین شەپۆلی هێرشی موشەکی بووەوە.

هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ شەرعیەتدان بە بەکارهێنانی هێز

بەرپرسانی باڵای عەرەب بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە، ئیمارات لە هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسیدایە بۆ دەرکردنی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو شەرعیەت بە بەکارهێنانی هێزی چەکدار بدات بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز. دیپلۆماتە ئیماراتییەکان داوایان لە ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیا کردووە هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکبهێنن، چونکە پێیان وایە ئێران ئامادەیە ئابووری جیهان لەگەڵ خۆیدا نوقم بکات.

وەرچەرخان لە سیاسەتی ئەبوزەبی بەرانبەر تاران

ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئیمارات بە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەو وڵاتە دادەنرێت. پێشتر دوبەی ناوەندێکی سەرەکی دارایی بۆ ئێران بوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوبات و ئاراستەکردنی زیاتر لە 2,500 مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیمارات، ئەبوزەبی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی تاران هەڕەشەیەکی جدییە. هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و هۆتێلەکانی دوبەی، کەرتی گەشتیاری و خانووبەرەی وڵاتەکەیان پەکخستووە و هەزاران کەسیان بێکار کردووە.

ڕێکارە توندەکان دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئێران

ئیمارات وەک کاردانەوەیەک، گەشتی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی قەدەغە کرد و نەخۆشخانە و یانە ئێرانییەکانی لە دوبەی داخست. هەروەها داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە ئەو دوورگە ستراتیژییانەی ناو گەرووی هورمز داگیر بکات، بەتایبەتی دوورگەی ئەبوموسا کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندایە.

ڕەتکردنەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ گەرووی هورمز

بەرپرسانی ئیمارات نیگەرانن لەوەی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی، مافی هەمیشەیی بداتە ئێران بۆ سەرپەرشتیکردنی گەرووەکە و وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان. هەر بۆیە ئەبوزەبی پێداگری لەسەر چارەسەری سەربازی دەکات پێش ئەوەی باس لە هەر جۆرە ئاگربەستێک بکرێت، تاوەکو گەرەنتی کراوەیی ڕێڕەوە ئاوییەکان بکرێت بەبێ هەژموونی تاران.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
کەناڵ8

دۆناڵد ترەمپ: ڕێککەوتن هەبێت یان نا، بەمزووانە ئێران بەجێدەهێڵین

سەرۆکی ئەمریکا خشتەیەکی کاتیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئێران دیاری دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە ئەرکەکانیان لە کۆتایی نزیک بووەتەوە، هاوکات وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەش هۆشداری لە "ڕۆژانی یەکلاکەرەوە" دەدات.

دیاریکردنی کاتی کشانەوە و نرخی سووتەمەنی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی بەمزووانە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ئێران دەهێنن و خشتەیەکی کاتیی 2 بۆ 3 هەفتەیی بۆ کشانەوە دیاریکرد. ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، کشانەوەی ئەمریکا لە ئێران دەبێتە هۆی دابەزینی خێرای نرخی سووتەمەنی کە لە دوای دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوبات بەرزبووەتەوە. گوتیشی: "ئێمە خەریکی تەواوکردنی ئەرکەکەمانین، پێموایە لە ماوەی 2 هەفتە، یان چەند ڕۆژێک زیاتر، کارەکە تەواو دەبێت."

مەرجەکانی کشانەوە و پرسی ڕێککەوتن

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکان بەند نییە بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران. ترەمپ ڕایگەیاند، پێویست ناکات تاران ڕێککەوتنی لەگەڵدا بکات، بەڵکو مەرجی ئەوان ئەوەیە کە دڵنیابن ئێران چیدی ناتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات. بە گوتەی ترەمپ، کاتێک هەست بکەن تاران بۆ ماوەیەکی درێژخایەن گەڕێندراوەتەوە بۆ "سەردەمی بەردین"، ئەو کاتە دەڕۆن و بوون یان نەبوونی ڕێککەوتن هیچ جیاوازییەکی نییە.

ڕەخنە لە هاوپەیمانان و گەرووی هورمز

ترەمپ ڕەخنەی توندی لەو هاوپەیمانانە گرت کە ئامادە نەبوون هێز بنێرن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز. لە هەژماری خۆی لە "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، ئەگەر فەرەنسا یان هەر وڵاتێکی دیکە نەوت و گازیان دەوێت، دەبێت خۆیان بچنە ناو گەرووی هورمز و پارێزگاری لە خۆیان بکەن. ترەمپ جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چیدیکە هاوکاری ئەو وڵاتانە ناکات و گوتی: "ئێران تەخت بووە و بەشە قورسەکەی جەنگ تەواو بووە، بڕۆن نەوتی خۆتان دەستبخەن."

ڕۆژانی یەکلاکەرەوە و جموجۆڵە سەربازییەکان

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، پشتگیریی لە پەیامەکەی ترەمپ کرد و ڕایگەیاند، ڕۆژانی داهاتووی جەنگ "یەکلاکەرەوە" دەبن. هێگسەس ئاشکرای کرد، ڕۆژی شەممە سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی بۆ بنکەکانی فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) کردووە بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی سەربازەکان. وەزیری بەرگری ڕەتی نەکردەوە کە ڕەنگە هێزی وشکانیی ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕۆڵێکی کاراتر لە ناو ململانێکاندا بگێڕن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی گەرووەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
ئارام قەرەداغی

لە ڕۆژئاواى کوردستان خۆپیشاندانى پشتیوانیی لە باشوور بەڕێوەدەچێت

لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندان بەرفراوان بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا

لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندان بەرفراوان بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا

لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و ڕەتکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان ئەنجامدرا و تێیدا جەخت لە هاوچارەنووسی نەتەوەیی کرایەوە.

دروشمی پشتیوانی و یەکڕیزی

لە خۆپیشاندانەکەی حەسەکەدا، چین و توێژە جیاوازەکان لە گەنجان، ژنان و منداڵان بەشدارییان کرد. بەشداربووان بە یەک دەنگ دروشمی "یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە"یان دەگوتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ یەکێتی نەتەوەیی و هاوسۆزییان لەگەڵ باشووری کوردستان لە بەرانبەر ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

سەرکۆنەکردنی هێرشەکان

خۆپیشاندەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکییانەیان کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. لە چالاکییەکەدا چەندین دروشمی جیاواز بەرزکرانەوە کە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو پەلامارانەیان دەکرد کە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەیان کردووەتە ئامانج و زیانیان بە هاونیشتمانیان گەیاندووە.

جۆشوخرۆشی نەتەوەیی لە چالاکییەکەدا

بەشێکی زۆری خۆپیشاندانەکە تەرخانکرابوو بۆ گوتنی سرود و گۆرانی نەتەوەیی، کە جۆشوخرۆشێکی زۆری بە بەشداربووان بەخشیبوو. ئەم چالاکییانە وەک پەیامێکی ڕوون بۆ پشتگیری لە هەرێمی کوردستان و نیشاندانی هاوچارەنووسی کوردان لە پارچە جیاوازەکاندا ئەنجامدران، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.

فراوانبوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان

ئەم ناڕەزایەتییە تەنیا لە شاری حەسەکەدا نەمایەوە، بەڵکو ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلی خۆپیشاندان و پشتیوانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان ناوچە جیاوازەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە. دانیشتووانی ناوچەکە بە بەردەوامی جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر هەرێم، بە هێرش بۆ سەر هەموو گەلی کوردی دەزانن.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
ئارام یوسف

وائیل ڕکابی: نووری مالیکی لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناکشێتەوە

شڕۆڤەکارێکی سیاسیی عێراق و کەسایەتییەکی نزیک لە سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ناوەرۆکی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نووری مالیکی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام نادرێت.

بەڕێوەنەچوونی دانیشتنی پەرلەمان

وائیل ڕکابی، شڕۆڤەکاری سیاسی لە میانەی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کەناڵ 8 ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ نووری مالیکی کۆبووەتەوە. ڕکابی ئاماژەی بەوە کرد کە مالیکی جەختی کردووەتەوە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق لەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە ئەنجام نادرێت، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان لایەنە کوردییەکان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش گەڕاندەوە.

مەرجی کشانەوە لە بەربژێری سەرۆکوەزیران

سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران، وائیل ڕکابی ئاشکرای کرد کە نووری مالیکی ڕەتیدەکاتەوە لە بەربژێربوون بکشێتەوە. بە گوتەی ڕکابی، مالیکی تەنیا لە یەک حاڵەتدا ئامادەیە پاشەکشە بکات، ئەویش ئەگەر لایەنەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بڕیار بدەن لە بەربژێرکردنی دووری بخەنەوە، بە پێچەوانەوە وەک بەربژێری ئەو لایەنە دەمێنێتەوە.

ڕێگرییەکان لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەت

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕکابی باسی لەوە کرد کە مالیکی پێی ڕاگەیاندووە هۆکاری بنبەستی سیاسی بۆ نەبوونی ڕێککەوتن لە نێوان لایەنە کوردییەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەڕێتەوە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا هەڵوێستی نووری مالیکی نەگۆڕە و وەک بەربژێری سەرەکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کارەکانی بەردەوام دەبن.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
ئارام قەرەداغی

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی: لە کاتژمێرێکدا 23 هێرشی درۆنیمان کردووەتە سەر هەولێر

درەنگانی شەوی 31ـی ئازار شاری هەولێر ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنی فراوان بووەوە و بەو هۆیەوە هاونیشتمانییەک بریندار بوو و زیانی ماددی بە چەند ماڵێک گەیشت.

تێکشکاندنی درۆنەکان و شوێنی کەوتنەخوارەوەیان

درەنگانی شەوی 31ـی ئازار، لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە 7 درۆن ئاراستەی شاری هەولێری پایتەخت کران. بەپێی زانیارییەکان، 5 لەو درۆنانە بەرلەوەی بگەنە زەوی لەلایەن سیستمە بەرگرییەکانەوە تێکشکێندراون، بەڵام 2 درۆنیان لە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانییان کەوتوونەتە خوارەوە.

زیانە گیانی و ماددییەکان

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەی یەکێک لە درۆنەکان بەسەر ماڵێکدا، هاونیشتمانییەک بریندار بوو و بە ئەمبوڵانس گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە. زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دۆخی تەندروستی بریندارەکە ناجێگیرە. هاوکات دیمەنە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان زیانی ماددی بەرچاوی بە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک گەیاندووە.

بەرپرسیارێتی بەرەی مقاوەمە

لە چوارچێوەی هێرشەکانی ئەمشەودا، بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند. بەپێی ئیدیعای ئەو گرووپە، تەنیا لە ماوەی 1 کاتژمێردا 23 هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر شاری هەولێر.

هەڵوێستی لایەنە ئەمنییەکان

تاوەکو ئێستا لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی وردەکاری هێرشەکان و قەبارەی تەواوی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە. تەنیا ئەو زانیارییانە بەردەستن کە لە ڕێگەی پەیامنێران و دیمەنە تۆمارکراوەکانی هاونیشتمانییانەوە لە شوێنی ڕووداوەکان دەستکەوتوون.

نوێکراوەتەوە / 01/04/2026
رێبوار حەمەوەیس

سوپاى پاسداران داواى چۆڵکردنى کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکات

سوپاى پاسداران، هەڕەشەى کردنە ئامانجى کۆمپانیاکانى تەکنەلۆجیا و زانیاریی ئەمریکا لە وڵاتانى ناوچەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت لە بەرامبەر هەر کردەوەیەکى تیرۆرکردن لە ئێران لە کاتژمێر هەشتى ئێوارەى یەکى نیسانەوە ئەو کۆمپانیایانە دەبنە ئامانجى هێرشەکانیان.

هۆشدارییەکەی سوپای پاسداران

سوپاى پاسداران لە ڕاگەیێنراوێکدا بەناوى (هۆشدارى بۆ دەسەڵاتى دەستدرێژیکارى ئەمریکا و کۆمپانیا سیخوڕییەکانى)، دەڵێت، بەهۆى گوێنەگرتن لە هۆشدارییە بەردەوامەکانیان بەردەوامی هێرشەکان، ئەمڕۆش ژمارەیەک هاوڵاتیی بەهۆى هێرشى ئەمریکا و ئیسرائیل گیانیان لەدەستدا.

کردنە ئامانجی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە بەر ئەوەی کۆمپانیاکانى تەکنەلۆجیا و زانیاریی و پەیوەندییەکان و ژیریی دەستکرد ئەمریکین و ڕۆڵیان لە هێرشەکاندا هەیە، لە مەودوا دەبنە ئامانجى ڕەوای هێرشەکانیان.

لە بەرامبەر هەر کردەوەیەکی تیرۆرکردن

سوپاى پاسداران، ڕاشیگەیاندووە، ئەو کۆمپانیایانەى بەشداریی لە پلانى کردەوە تیرۆریستییەکان دەکەن ڕووبەڕووى سزا و هێرش دەبنەوە لەبەرامبەر هەر کردەوەیەکى تیرۆرکردن.

ئامۆژگاری کارمەندانی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان

سوپاى پاسداران، لە ڕاگەیێنراوەکەیدا، ئامۆژگارى کارمەندانى کۆمپانیاکانى تەکنەلۆجیا و پەیوەندى و ژیریی دەستکرد دەکات، بۆ پاراستنى گیانى خۆیان دەستبەجێ شوێنى کارەکانیان جێبهێڵن.

دوورکەوتنەوە بە دووری کیلۆمەترێک

هەروەها ئامۆژگارى دانیشتووانى ناوچەکانى نزیک کۆمپانیاکان لە سەرجەم وڵاتانى ناوچەکە دەکات لە دوورى بازنەى کیلۆمەترێک ماڵەکانیان چۆڵبکەن و بچنە شوێنى پارێزراو.

هۆشدارییەکە بۆ سبەیە

سوپاى پاسداران ڕاشیگەیاندووە، لە کاتژمێر هەشتى ئێوارەى یەکى نیسان، کۆمپانیا ئەمریکییەکانى تەکنەلۆجیا لەبەرامبەر هەر کردەوەیەکى تیرۆر لە ئێران دەکرێنە ئامانج.

دیاترین کۆمپانیاکان

هەروەها سوپاى پاسداران ناوى کۆمپانیاکانى بڵاوکردووەتەوە کە بریتیین لە (سیسکۆ، ئێچ پى، ئینتڵ، ئۆراکڵ، مایکرۆسۆفت، ئەپڵ، گۆگڵ، مێتا، ئاى بى ئێم، دێڵ، پلانتێر، نڤیدیا، جى پى مۆرگان، تێسلا، جەنراڵ ئەلکتریک، سپایەر سۆڵیوشن، جى 42، بۆینگ).