ئایکیو ئێر: ژینگەی عێراق 7 هێندە لە ستانداردە جیهانییەکان پیسترە و لە پلەی 11یەمی جیهاندایە

کەناڵ8 20/04/2026
دیمەنێک لە پیسبوونی ژینگەی عێراق
دیمەنێک لە پیسبوونی ژینگەی عێراق

عێراق ڕووبەڕووی مەترسییەکی ژینگەیی گەورە بووەتەوە و بەپێی نوێترین داتاکانی ڕێکخراوی ئایکیو ئێر، ئاستی پیسبوونی هەوای وڵاتەکە لەمساڵدا زیاتر بووە و چڕی گەردیلە زیانبەخشەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان هەیە.

عێراق لە ڕیزبەندی 11یەمین پیسترین وڵاتی جیهان

بەگوێرەی پێگەی ئایکیو ئێر، کە تایبەتە بە پێوانی پاکی و خراپیی ژینگەی وڵاتان، عێراق لە ڕیزبەندی 11یەمین پیسترین وڵاتی جیهاندایە. ئەم هەڵسەنگاندنە لەسەر بنەمای چڕیی گەردیلەی (PM2.5) لە هەوادا ئەنجامدراوە، کە دەرکەوتووە ئەمساڵ بە ڕێژەی 2 خاڵ زیاتر بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. ئامارەکان دەریدەخەن کە بە تێکڕا لە هەر 1 مەتر سێجایەکدا 40 گەردیلەی تۆز و خۆڵ هەیە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ئەم بڕە 38 گەردیلە بووە، ئەم پیسبوونەش بە شێوەیەکی تایبەت لە پارێزگای بەغداد چڕبووەتەوە.

بەراوردکردنی ژینگەی عێراق لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژینگەی عێراق زیاتر لە 7 هێندە پیسترە بەراورد بە ستانداردە جیهانییەکان. بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، بڕی گەردیلەی تۆز و خۆڵ لە یەک مەتر سێجایەکدا نابێت لە 5 پلە زیاتر بێت، بەڵام لە عێراقدا ئەم بڕە گەیشتووەتە 40 پلە. هەرچەندە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کەمکردنەوەی دەردراوە ژەهراوییەکانی کێڵگە نەوتییەکان بڕی پیسبوونەکە تا ڕادەیەک دابەزیوە، بەڵام هێشتا وڵاتەکە لە ناوچەی مەترسیدایە.

هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی هەوا لە عێراق

پیسبوونی ژینگەی عێراق بۆ دوو جۆر هۆکار دەگەڕێتەوە؛ هۆکارە سروشتییەکان بریتین لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەبیابانبوون، کەمبوونەوەی ڕووپۆشی سەوزایی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاو. لە لایەکی دیکەوە هۆکارە مرۆییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، وەک نەپاراستنی ژینگە، دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی مۆلیدەکانەوە، بەکارهێنانی سووتەمەنی قورس و نەبوونی فلتەری هەوا لە کارگە و کەرتە پیشەسازییەکاندا.

کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە لەسەر تەندروستی گشتی

ئەم ئاستە بەرزەی پیسبوونی هەوا کاریگەرییەکی مەترسیداری لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان و هەموو ئەو زیندەوەرانە دروست کردووە کە لە عێراقدا دەژین. بەپێی هۆشدارییە پزیشکییەکان، ئەم هەوا پیستە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر کۆئەندامی هەناسە و سوڕی خوێن. مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەم گەردیلە ژەهراوییانە بە چاو نابینرێن، بەڵام تێکەڵی هەر هەناسەیەکی خەڵکەکە بوون و بوونەتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە وڵاتەکەدا.

کەناڵ8

20/04/2026